یەکشەممە, تشرینی دووه‌م 17, 2024

پڕۆسه‌ی وه‌رگرتنی گه‌نم له‌ هه‌رێمیكوردستان ده‌ستی پێكرد

چواس خالید – هەولێر

له‌ سایلۆكانی هه‌رێمی كوردستان پرۆسه‌ی وه‌رگرتنی گه‌نم له‌ جوتیاران ده‌ستی پێكرد و ئه‌مساڵ حكوومه‌تی عێراقی فیدراڵ بڕیاریداوه‌ سێ سه‌د و حه‌فتا و پێنج هه‌زار تۆن گه‌نم له‌ جوتیارانی هه‌رێمی كوردستان وه‌ربگرێت و چل ملیار دیناری خستووه‌ته‌ سه‌ر هه‌ژماری بانكی وه‌زاره‌تی بازرگانی پیشه‌سازی هه‌رێمی كوردستان.

٢٧ ی ئایاری ٢٠٢٣، پڕۆسه‌ی وه‌رگرتنی گه‌نمی جوتیاران له‌ سایلۆكانی هه‌رێمی كوردستان ده‌ستی پێكرد، كه‌ به‌ چه‌ند ڕۆژێك ته‌واو ده‌بێت.
بۆ ئه‌مساڵ، وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ و سه‌رچاوه‌كانی ئاوی عێراقی فیدراڵ بڕیداوه‌، سێ سه‌د و حه‌فتا و پێنج هه‌زار تۆن گه‌نم له‌ جوتیارانی هه‌رێمی كوردستان وه‌ربگرێت، كه‌ سه‌د و بیست هه‌زار تۆن گه‌نم له‌ پارێزگای هه‌ولێر و سه‌د و سێزده‌ هه‌زار تۆن گه‌نمیش له‌ پارێزگای دهۆك وه‌ربگرێت، له‌ پارێزگای سلێمانیش سه‌د و چل و دوو هه‌زار تۆن گه‌نم وه‌رده‌گرێت، ده‌نگۆی ئه‌وه‌ش هه‌یه‌ كه‌ ئه‌گه‌ر زیاتر له‌ پشكی هه‌رێمی كوردستان گه‌نم هه‌بێت، لیژنه‌ی دانانی پلانی كشتوكاڵی ساڵ و وه‌رگرتنی گه‌نم له‌ عێراق، جارێكی دی كۆده‌بێته‌وه‌ بۆ بڕیاری نوێ.
حكوومه‌تی عێراق بۆ وه‌رگرتنی هه‌ر تۆنێك گه‌نم له‌ جوتیاران، هه‌شت سه‌د و په‌نجا هه‌زار دیناری دیاری كردووه‌ و به‌پێی زانیاریه‌كان، چل ملیار دیناری خستووه‌ته‌ سه‌ر هه‌ژماری بانكی وه‌زاره‌تی بازرگانی و پیشه‌سازی هه‌رێمی كوردستان و دوای ڕاده‌ستكردنی گه‌نم به‌ سایلۆكان، شایسته‌ داراییه‌كه‌یان به‌ جوتیاران ده‌درێت.
به‌ به‌راورد به‌ پارێزگه‌كانی ناوه‌ڕاست و خوارووی عێراق، جیاكاری له‌ وه‌رگرتنی ڕێژه‌ی گه‌نمی جورتیارانی هه‌رێمی كوردستاندا هه‌یه‌، بێگه‌رد تاڵه‌بانی وه‌زیری كشتوكاڵ و سه‌رچاوه‌كانی ئاوی هه‌رێمی كوردستان له‌ ٢٥ ی ئایاری ٢٠٢٣ و له‌ كۆنگره‌یه‌كی ڕۆژنامه‌وانیدا هێمای بۆ ئه‌وه‌ كرد، ئه‌مساڵ وه‌زاره‌تی كشتوكاڵی عێراق سێ سه‌د و حه‌فتا و پێنج هه‌زار تۆن گه‌نم له‌ جوتیارانی هه‌رێمی كوردستان وه‌رده‌گرێت، كه‌ چاوه‌ڕێمان ده‌كرد، حكوومه‌تی فیدڕاڵی وه‌ك ناوچه‌كانی دیكه‌ی عێراق مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ جوتیارانی هه‌رێمی كوردستان بكات، نه‌ك بۆ وه‌رگرتنی گه‌نم له‌ هه‌رێمی كوردستان بڕ دیاری بكات و به‌داخه‌وه‌ هه‌موو ساڵێك سته‌مێك له‌ جوتیارانی هه‌رێمی كوردستان ده‌كرێت، داوامان كردووه‌ گه‌نمی زیاتر له‌ جوتیاران وه‌ربگیرێت.
ئه‌مساڵ به‌هۆی كه‌شوهه‌وا و زۆری بارانبارین له‌كاتی گونجاودا، چاوه‌ڕوان ده‌كرێت به‌رهه‌می گه‌نم له‌ هه‌رێمی كوردستان زیاتر له‌ هێنده‌ و نیوی پار بێت، كه‌چی ڕێژه‌ی وه‌رگرتنی گه‌نمی جوتیارانی هه‌رێمی كوردستان له‌لایه‌ن حكوومه‌تی عێراقی فیدراڵه‌وه‌ كه‌مه‌، كه‌ به‌گوته‌ی محه‌مه‌د خه‌زاعی گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ و سه‌رچاوه‌كانی ئاوی عێراقی فیدراڵ، ئه‌مساڵ ئاستی به‌رهه‌مهێنانی گه‌نم، چوار ملیۆن و نیو تۆن به‌ به‌راوردی پار زیاتره‌.
پار وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ و سه‌رچاوه‌كانی ئاوی عێراق، سێ سه‌د و پێنج هه‌زار تۆن گه‌نمی له‌ جوتیارانی هه‌رێمی كوردستان وه‌رگرت، كه‌ سه‌د و حه‌ڤده‌ هه‌زار حه‌وت سه‌د و حه‌فتا و سێ تۆن له‌ پارێزگه‌ی هه‌ولێر و په‌نجا و دوو هه‌زار و سه‌د و نه‌وه‌ت و پێنج تۆن له‌ دهۆك و له‌ پارێزگه‌ی سلێمانیش سه‌د و سی و شه‌ش هه‌زار و پێنج سه‌د تۆن گه‌نم بوو، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی ڕێژه‌ی ئه‌مساڵی وه‌رگرتنی گه‌نم به‌ به‌راوردی پار زیاتره‌، به‌ڵام بڕی گه‌نمی ئه‌مساڵی جوتیارانی هه‌رێمی كوردستان زۆر له‌و بڕه‌ زیاتره‌ كه‌ حكوومه‌تی عێراقی فیداڵ دیاریكردووه‌.