یەکشەممە, تشرینی دووه‌م 17, 2024

دەستکاریکردنی بڕگەکانی پرۆژەی بودجە هەڕەشەیە لەسەر ڕێککەوتنی هەولێر و بەغدا لەبارەی نەوت و پرسە داراییەکان

سەرکردایەتی هەرێمی کوردستان ئەو گۆڕینانە ڕەتدەکاتەوە کە لە لیژنەی داراییدا کراون لەسەر پشکی کوردستان و بە پێچەوانەی ڕێککەوتن و گفتوگۆکانی نێوان هەردوو حکومەتی دادەنێت، زۆربەی فراکسیۆنە کوردستانییەکانیش لە هەوڵدان ئەو گۆڕینانە دەنگ نەهێنێت لە بودجەدا و تێنەپەڕێنرێت

دەستکاری و ناکۆکییەکان پەیوەستە بە دامەزراندن و هەیکەلییەی بەڕێوەبردنی کۆمپانیای بە بازاڕکردنی نەوتی عێراق و لە ئەستۆگرتنی فرۆشتنی نەوتی هەرێمی کوردستان، هەروەها لە بابەتی کەمکردنەوەی کارتی بەردەستی هەرێمی کوردستان لە دانەوەی قەرزەکان لە 7 ساڵەوە بۆ پێنج ساڵ، هەروەها لە بابەتی دروستکردنی هەژمار کە داهاتی نەوتی تێدا کۆدەکرێتەوە
ئامادەکردنی ڕەشنووسەکە و ناردنی بۆ سەرۆکایەتی پەرلەمان هەر زوو کاردانەوەی فراکسیۆنە کوردستانییەکان و بەتایبەت فراکسیۆنی پارتی لێکەوتەوە، بەپێی گوتەی شارەزایان و تەنانەت میدیای فەرمی حکومەتی عێراق، ئەو بڕگانەی لە پڕۆژەیاسای بودجەدا نووسراون هەڕەشن لەسەر ئەو ڕێککەوتنەی لە نێوان هەردوو حکومەت لەبارەی بودجە کراون.
عێراق ئۆیل ڕیپۆرت لە زاری چەند سەرچاوەیەکەوە نووسیویەتی ئەو ڕەشنووسەی ئامادەکراوە بۆ دەنگدان لەسەر پشکی کوردستان ئەگەر بەوشێوەیە بمێنێتەوە ڕەنگە ڕێککەوتنی نەوتیی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق و هاوئاهەنگی نێوان هەردوولا لەبار ببات، هاوکات داوا و خواستیی بەشێکی ئەندامانی لیژنەی دارایی بۆ دەستبەسەرداگرتنی نەوتی کوردستان بە خواستێکی لەبارچوو وەسف دەکرێت .ئەو زمانە نوێیەی بەشێکی ئەندامانی شیعەی لیژنەی دارایی کە گرووپێکی بچووکن داوای دەکەن بڕیارە لە ماوەی شەممە و یەکشەممەدا لە کۆبوونەوەی هاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت تاوتوێ دەکرێت، چاوەڕێ دەکرێت زۆربەی لایەنەکان ڕەتی بکەنەوە بەوەش جارێکی دیکە گۆڕینەکان هەڵدەوەشێنەوە و دێنە سەر دەقی یەکەمی پڕۆژەیاسای بودجە بەتایبەت لە پشکەکانی هەرێمی کوردستان.
زمانی نوێی داڕشتنەوەی بودجە بۆ پشکی کوردستان رووبەڕووی ناڕەزایەتی زۆر بووەوە، بەتایبەت لە سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان و حکومەت،دەستبردن بۆ دەستبەسەرداگرتنی نەوت لە ناوچە جێناکۆکان .
حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیێنراوێکدا دەڵێ ئەو گۆڕاینانەی لەلایەن بەشێک لە ئەندامانی لیژنەی دارایی قبووڵ کراو نییە، حکومەتی هەرێمی کوردستان هیچ پێشێلکارییەکی مافی خەڵکی کوردستان قبووڵ ناکات .
لیژنەی دارایی ڕۆژی شەممەش کۆدەبێتەوە، هێشتاش کات ماوە بۆ دەستکاری و لابردنی ئەو دەستەواژە و بڕگانەی مشتومڕیان لەسەرە پێش ئەوەی پڕۆژە یاساکە بچێتە پەرلەمان و ئامادە بکرێت بۆ دەنگدان .
فراکسیۆنی دیکەی کوردستانیش هەنگاوەکانی نێو بودجە ڕەتدەکەنەوە، جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق دەڵێ “ئەوەی لە پڕۆژەیاسای بودجەدا هەیە بۆ هەرێمی کوردستان لێدانە لە قەوارەی هەرێمی کوردستان، لەدوایین کۆبوونەوەی لیژنەی داراییش لەوبارەوە هەردوو فراکسیۆنی یەکگرتوو و پارتی بەشداریان نەکرد،هۆکەشی بۆ ئەوە بوو داوایان کرد هەردوو ماددەی 13 و 14 وەکو خۆی بمێنێتەوە، هەڵوێستی هەردوو فراکسیۆنەکە لە پێناو مافەکانی هەرێمی کوردستانە”.
گۆڕاینەکان لەسەر پێشنیازی فراکسیۆنی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و چەند پەرلەمانتارێکی شیعەی نێو لیژنەی دارایی بووە، یەکلاکردنەوەی ئەو گۆڕینانە لەنێو پەرلەمانی عێراق دەبێت، کە پێویستە دەنگی لەسەر بدرێت.
بەگوتەی ئەندامەکەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، لایەنەکانی دەنگدەر لەسەر گۆڕینی مادەکانی 13 و 14ی پڕۆژەیاسای بودجە، جەختیان لەوە کردووەتەوە، هاوشێوەی هەموو مادەکانی دیکە کە بەپێی یاسا دەسەڵاتی لیژنەی داراییە دەستکارییان بکات، زیادکردن یان لابردنی بڕگە هەبێت، ئەو دوو مادەیەش بە دەر نین لە هەموو ئەو گۆڕینانە.
لە خاڵی یەکەمی بڕگەی دووەمی مادەی 13، ناوی کۆمپانیای بە بازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) زیادکراوە، لە بری حکومەتی هەرێمی کوردستان وەک لایەنی بەرپرس لە هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان، کە لە داڕشتەی پێشوودا هەبوو، ئەوە جگە لەوەی دەسەڵاتی بە کۆمپانیاکە داوە بە بەکارھێنانی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ پێداویستی نێوخۆ لەلایەن ئەو پاڵاوتگانەی کە وەزارەتی نەوت گرێبەستی لەگەڵدا کردوون.
پێشتر بەغدا و هەولێر لەسەر ئەوە رێککەتبوون کە ڕۆژانە چوار سەد هەزار بەرمیل نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق-سۆمۆ بە نرخی جیهانی بفرۆشرێت و حکوومەتی فیدراڵیش شایستەداراییەکانی هەولێر وەکو مووچەی مووچەخۆران بنێرێت کە ئەوە بنەمای رێککەوتن لەسەر پڕۆژەیاسای بودجەش بووە.
پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراق، کە بۆ سێ ساڵە، قەبارەکەی زیاتر لە سەد و نەوەد و نۆ تریلیۆن دینارە، لەو بڕە زیاتر لە شازدە تریلیۆن دیناری پشکی هەرێمی کوردستانە.