نرخی نەوت بەرزبووەوە و زێڕ دابەزی

نرخی نەوت رۆژی هەینی لە دوایین ساتی داخستنی بازاڕەکان بەهۆی نزیکبوونەوەی کۆماری و دیموکراتەکان لە رێککەوتن بەرزبووەوە. نرخی نەوتی بریێنت 69 سەنت بەرزبووەوە و بە 76 دۆلار و 95 سەنت مامەڵەی پێوەکرا. هاوکات نرخی زێڕ لە ماوەی یەک هەفتەدا 1.7% دابەزی

نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکا 84 سەنت بەرزبووەوە و بە 72 دۆلار و 67 سەنت مامەڵەی پێوەکرا. لە ئاستی هەفتانەدا نرخی نەوتی برێنتی دەریای باکوور 1.7٪ بەرزبووەوە و نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش 1.6٪ لە ماوەی یەک هەفتەدا بەرزبووەتەوە. بەوپێیەش بۆ دووەم هەفتەی یەک لە دوای یەکە نرخی نەوت بەردەوام دەبێت لە بەرزبوونەوە.

سەرەڕای بەرزبوونەوەی نرخی نەوت، هێشتا بازرگانان بە وریاییەوە دەڕواننە کۆبوونەوەی سەرەتای مانگی داهاتووی بانکی ناوەندیی ئەمریکا، بەوپێیەی کە ئەگەر هاتوو بانکەکە سوودی بانکی زیاتر بەرزبکاتەوە ئەوا کاریگەریی نەرێنی دەکاتە سەر بازاڕی نەوت.

داتا ئابوورییەکانی ئەمریکا لە مانگی نیسان ئاماژە بە بەهێزیی ئابووریی ئەمریکا دەدەن لە بازاڕی کار و هەروەها هەڵاوسان.

بازرگانان هەروەها چاویان لە کۆبوونەوەی هاوپەیمانیی ئۆپێک پڵەسە کە ئەندامانیان هۆشدارییان داوە لەسەر کەمکردنەوەی خستنەڕووی نەوت لە مانگەکانی داهاتوودا ئەگەر هاتوو نرخی نەوت دابەزێت. 

جۆن کیلدۆف، یەکێک لە دامەزرێنەرانی کۆمپانیای راوێژکاری (ئیگەین کاپیتاڵ) لەو بارەیەوە رایگەیاند، “بازرگانانی نەوت بە هەستیارییەوە دەڕواننە کۆبوونەوەی داهاتووی هاوپەیمانیی ئۆپێک پڵەس.”

نرخەکانی نەوت بە تەنیا لە رۆژی پێنجشەممە زیاتر لە دوو دۆلار بەرزبوونەوە، دوای ئەوەی ئەلێکسەندەر نۆڤاک، جێگری سەرۆکوەزیرانی رووسیا رایگەیاندبوو کە ئەگەری کەمکردنەوەی خستنەڕووی نەوت لەلایەن هاوپەیمانیی ئۆپێک پڵەسەوە لە ئارادایە.

نرخی زێڕ لە ماوەی یەک هەفتەدا 1.7% دابەزی

نرخی زێڕ رۆژی هەینی بە رێژەی 0.2٪ بەرزبووەوە و هەر ئۆنسەیەکی بە 4 دۆلار و 19 سەنت بەرزتر لە رۆژی پێشتر داخرا. رێکنەکەوتنی کۆماری و دیموکراتەکان لەسەر بەرزکردنەوەی ئاستی رێگەپێدراوی قەرزەکان بۆ حکومەتی ئەمریکا بە هۆکای بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ هەژماردەکرێت.

سەرەڕای ئەوەش دوو لایەن رایانگەیاندووە کە نزیکن لە رێککەوتن، لەبەر ئەوەیە کە بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ سنوورداربوو.

لە ئاستی هەفتانەدا بۆ ماوەی سێ هەفتەیە کە نرخی زێڕ رووبەڕووی دابەزینی گەورە بووەتەوە و لە بەرزترین ئاستەکانی کە 2073 دۆلار بۆ هەر ئۆنسەیەک بوو، بەردەوام دووردەکەوێتەوە.

بەتەنیا لە ماوەی یەک هەفتەی رابردوودا نرخی زێڕ بە رێژەی 1.7٪ دابەزیوە.

بەردەوامیی هەڵاوسان لە ئەمریکا بە یەکێک لە هۆکارەکانی دابەزینی هەفتانەی نرخی زێڕ هەژماردەکرێت.

بەپێی ئامارەکانی حکومەتی ئەمریکا، رێژەی هەڵاوسان لە مانگی 4ی ئەمساڵ بەراورد بە مانگی 3 بە رێژەی 0.4٪ بەرزبووەتەوە، ئەوەش بازرگانانی زێڕی نیگەران کردووە کە بەرزکردنەوەی رێژەی سوودی بانکی لەلایەن بانکی ناوەندییەوە بەردەوام دەبێت. بەرزکردنەوەی سوودی بانکی دەبێتە هۆکار بۆ بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار و دابەزینی نرخی زێڕ و کانزاکان.

ھەواڵی زیاتر