نرخی نەوت دابەزی

نرخی نەوت بەرەبەیانی ئەمڕۆ بەهۆی ناڕوونی لە رێککەوتنی نێوان کۆماری و دیموکراتەکانی ئەمریکا لەسەر بابەتی قەرزەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، دابەزی.

نرخی نەوتی برێنتی دەریای باکوور ئەمڕۆ (پێنجشەممە، 25-5-2023) نزیکەی 5 سەنت دابەزی و بە 78 دۆلار و 31 سەنت مامەڵەی پێوەکرا. هەروەها نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکا 16 سەنت دابەزی و بە 74 دۆلار و 18 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.

دابەزینی نرخی نەوت لەکاتێکدایە بەهۆی هۆشداریی سعودیە و ئەگەری کەمکردنەوەی زیاتری ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت لەلایەن هاوپەیمانیی ئۆپێک پڵەسەوە، رۆژی چوارشەممە نرخی نەوت نزیکەی یەک دۆلار بەرزبوونەوەی تۆمارکردبوو.

کێڤین ماککارتی، سەرۆکی کۆنگرێسی ئەمریکا رایگەیاندووە هەندێک پێشکەوتن لە دانوستاندنەکان بەدەستهاتوون، بەڵام هێشتا رێککەوتنێک لەبارەی بەرزکردنەوەی ئاستی قەرزەکانی ئەمریکا لەنێوان کۆماری و دیموکراتەکان نەکراوە.

نرخی نەوت بەپێی شرۆڤەکاران، هەروەها کاریگەریی هەڵاوسان لە بەریتانیای لەسەرە. بەردەوامیی بەرزبوونەوەی هەڵاوسان لە بەریتانیا، بووەتە هۆکار بۆ ئەوەی بانکی ناوەندیی بەریتانیا بەناچاری سوودی بانکی زیاتر بکات و ئەمەش کاریگەری نەرێنی کردووەتە سەر نرخی نەوتی برێنت.

ھەواڵی زیاتر