حکومەتی هەرێمی کوردستان هاوردەکردنی خەیار قەدەغە دەکات

حکومەتی هەرێمی کوردستان هاوردەکردنی خەیار لە دەرەوە قەدەغە دەکات و ئاماژە بەوە دەدات، كار بۆ ئەوە دەكرێت لە ئایندەدا خەیاری کوردستان هەناردەی دەرەوەی وڵات بكرێت.

ئەمڕۆ چوارشەممە 24ـی ئایاری 2023، فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، لە پێناو پشتگیریکردنی جووتیاران و ساغكردنەوە و بایەخدان بە بەرهەمی ناوخۆیی، حکومەتی هەرێم بڕیاریدا هاوردەکردنی خەیار لە دەرەوە قەدەغە بکات.

وەکو ئەوەی لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژەی پێ دراوە، یەکێک لە ئامانجەکانی کابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بەبازاڕکردنی بەرهەمی جووتیارانە، بۆ ئەو مەبەستەش باجی لەسەر هەناردەی بەرهەمی ناوخۆیی بۆ دەرەوەی وڵات لابرد و مۆڵەتی دامەزراندنی بە چەندین کارگەی ناوخۆیی دا کە دوای پڕکردنەوەی پێویستیی ناوخۆ، بەرهەمە خۆماڵییەکان بە ناو و ئاڵای کوردستانەوە بنێرنە دەرەوە.

بەگوێرەی هەمان راگەیەندراو، ئێستا تەنیا لە گوندێكی سەر بە شارۆچكەی ئاكرێ، رۆژانە نزیكەی شەش تۆن خەیار بەرهەم دەهێنرێت، جگە لە پێداویستیی ناوخۆ، هەناردەی ناوەڕاست و خوارووی عێراق دەكرێت و كار بۆ ئەوە دەكرێت لە ئایندەشدا هەناردەی دەرەوەی وڵات بكرێت.

یوسف بەگ عەبدوڵڵا، جووتیارێکی گوندی سپیمالە، كە دەكەوێتە سنووری شارۆچكەی ئاكرێی سەر بە پارێزگای دهۆك، بیست ساڵە جووتیارە و بە فەرمانگەی میدیا و زانیاری راگەیاند: “ڕۆژانە نزیكەی شەش تۆن خەیار بەرهەممان هەیە و بەرهەمەکانمان بۆ هەموو کوردستان و عێراقی دەنێرین و دەتوانین هەناردەی دەرەوەشی بكەین”.

بەگوتەی ئەو جووتیارە: “نزیکەى هەزار خانووی پلاستیکی لە سپیمال هەیە، ئێمە لە مانگی دووەوە خەیار دەچێنین و لە مانگی چوار دەیڕنینەوە”. هەروەها ئاماژەی بەوەش كرد، “ڕێگەوبانی باش دروست کراون، ئەمەش هاتوچۆی بۆ ئاسان كردووین؛ هاوردەى خەیار قەدەغە کراوە و ئەوەش بۆ فرۆشی خەیاری خۆماڵی زۆر باشە”.

تەنیا لە گوندی سپیمال، زیاتر لە 200 ماڵ خەریکی خەیار چاندنن و ئەمەش جگە لە ڕەخساندنی هەلیکار، بووەتە هۆى ئەوەى هەزاران کەس لەم کارە و لە گواستنەوە و فرۆشتنی بەرهەمەکە سوودمەند بن.

جگە لە هەناردەكردنی هەنار و برنج و سماق و تەحین، لە ئێستادا هەناردەکردنی بەرهەمەکانی ترێ و سێو و هەنگوین، وەک سێ بەرهەمی دیکەى خۆماڵی، بۆ بازاڕی وڵاتان دەستنیشان کراون.

ھەواڵی زیاتر