پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

دکتۆر ڕێبوار بابکەیی:هیچ بەربەستێکی یاسایی نەماوە بۆ ئەوەی ئەمساڵ هەڵبژاردن بەڕێوە بچێت

پەرلەمانتارێکی فراکسیۆنی زەرد لە پەرلەمانی کوردستان گوتی، بە کاراکردنەوەی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسی لە هەرێمی کوردستان هیچ بەربەستێکی یاسایی نەماوە بۆ ئەوەی ئەمساڵ لە وادەی خۆیدا هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوە بچێت.

دکتۆر ڕێبوار بابکەیی، ئەندامی فراکسیۆنی زەرد لە پەرلەمانی کوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: کاراکردنەوەی کۆمسیۆن زۆر پێویست و گرنگ بوو، چونکە هەڵبژاردن بەبێ کۆمسیۆن ناکرێت، بۆ ئەوەی هەڵبژاردن لە وادەی خۆی بکرێت، پێویستە شەش مانگیان لەبەردەست هەبێت، بۆیە دوێنێ بە شێوەیەکی یاسایی و بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستان و بە زۆرینەی دەنگ کارا کرایەوە، کاراکردنەوەی کۆمسیۆن ئەرکێکی دامەزراوەییە و ئێمە دەمانویست ئەو شەرعیەتە بدەینە ئەو دەزگایە کاری خۆی بکات و ناکرێت لە کوردستان هیچ دامەزراوەیەک بکەینە قوربانیی سیاسەتی حزبێک و کێشە و ململانێی حزبێک کە کێشەکانی خۆی چارەسەر بکات، چونکە دامەزراوە شەرعی و یاساییەکانی هەرێمی کوردستان ئەرکی پەرلەمانە مامەڵەی لەگەڵ بکات و شەرعیەتی پێ بدەین لەسەر بنەمای یاسایی، بۆیە پیرۆزبایی لە خەڵکی کوردستان دەکەین کە توانیمان ئەو دامەزراوەیە کارا بکەینەوە.
دکتۆر ڕێبوار بابکەیی گوتیشی: کاراکردنەوەی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسی لە هەرێمی کوردستان هەنگاوێکی زۆر گرنگ بوو بۆ ئەوەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە وادەی خۆیدا بەڕێوە بچێت، چونکە بەو هەنگاوەیە هیچ بەربەستێکی یاسایی لەبەردەم ئەنجامدانی هەڵبژاردن نەما کە ئەوەی ئەرکی پەرلەمان بوو کردمان، بەڵام گەر هێزێک بیەوێت بەربەستی سیاسی دروست بکات ئەوە بابەتێکی دیکەیە، چونکە بەربەستی یاسایی بەردەم هەڵبژاردن پێویست بوو جارێکی دیکە کۆمسیۆن کارا بکرێتەوە، بۆیە ئێستا کۆمسیۆن دەتوانێت کاری ئاسایی و یاسایی خۆی جێبەجێ بکات.