دووشەممە, تشرینی دووه‌م 25, 2024

میکانیزمی وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان لەلایەن بەغداوە ئاشکرا دەکرێت

وەزارەتی بازرگانی حکومەتی عێراق بڕیاریداوە، بە یەک نرخ گەنمی جووتیارانی هەموو پارێزگاکانی عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە وەربگرێت. بەگوێرەی زانیارییەکان بۆ ئەمساڵ نرخی هەر تۆنێک گەنم بە 850 هەزار دیناری عێراقی دیاریکراوە.

رۆژی دووشەممە 22ـی ئایاری 2023، د.زێدا محەممەد کەریم، بەرێوەبەری گشتی پلاندانان و بەدواداچوون لە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان بەنوێنەرایەتی وەزارەت بە یاوەری بەڕێوەبەری گشتی کاروباری پەیوەندییەکان و بەدواداچوون لە نوێنەرایەتی هەرێم، لە دیوانی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق لە بەغدا بەشداریکرد لە کۆبونەوەی تایبەت بە پەسەندکردنی پلانی کشتوکاڵی عێراق و بازاڕکردنی بەرهەمی گەنمی جوتیارانی هەرێمی کوردستان بە سەرپەرشتیی عەباس مالیکی، وەزیری کشتوکاڵی عێراق.

ئەنجامی کۆبوونەوەکە چی بوو؟

لە کۆبوونەوەکەدا وەزیری کشتوکاڵی عێراق دووپاتیکردەوە، بۆ پلانی ئەمساڵی کشتوکاڵ، هاوشێوەی پارێزگاکانی عێراق، مامەڵە لەگەڵ پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان دەکەن و هیچ جیاوازییەک ناکرێت.

ئەمساڵ بڕی چەند گەنم لە جووتیارانی هەرێمی کوردستان وەردەگیرێت؟

لەبارەی بڕی ئەو گەنمەی کە ئەمساڵ بڕیارە وەزارەتی بازرگانی عێراق لە جووتیارانی هەرێمی کوردستان وەربگرێت، د.زێدا محەممەد کەریم ئاماژەی بەوەکرد، “بۆ پلانی ئەمساڵی کشتوکاڵ بڕیاردراوە بڕی 375 هەزار تۆن گەنم لە هەموو جووتیارانی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان وەربگرێت، بەڵام بە فشاری ئێمە وەکو نوێنەرایەتی وەزارەتی کشتوکاڵ و بۆ ئەوەی مافی جووتیاران نەفەوتێت، بڕگەیەکی دیکە لە پلانی ئەمساڵی زیادکرا و تێیدا هاتووە ‘ئەگەر بەرهەمی گەنم لە هەرێم زیاتر بێت لە 375 هەزار تۆن، دووبارە لیژنەی دارشتنی پلانی کشتوکاڵ کۆدەبێتەوە’ و بڕیاری پێویست لەوبارەیەوە دەدات.”

بەگوتەی د.زێدا محەممەد کەریم، حکومەتی عێراق پشکی هەر پارێزگایەک لە وەرگرتنی گەنمی جووتیاران دیاری دەکات، چونکە وەکو خۆی دەڵێت، بەرهەمی گەنمی پارێزگایەکی هەرێمی کوردستان بۆ پارێزگایەکی دیکە جیاوازە و بۆ ئەوەی مافی هیچ پارێزگایەک نەخۆرێت، لەلایەن حکمومەتی عێراقەوە پشک “حصة” دیاری دەکرێت.

بە چ نرخێک گەنم لە جووتیارانی هەرێمی کوردستان وەردەگیرێت؟

د.زێدا محەممەد کەریم بە ئاماژەدان بەوەی لەماوەی ساڵانی رابردوودا گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان پلەبەند دەکرا و لەسەر بنەمای ‘باشی و خراپی کواڵێتی گەنم’ نرخی هەر تۆنێکی گەنم دیاریدەکرا، گوتیشی: “ساڵی رابردوو و بۆ ئەمساڵیش تەواوی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان بە یەک نرخ وەردەگیرێت و پێشبینی دەکەین بەرهەمی ئەمساڵی گەنمی جووتیارانی هەرێم و کواڵێتییەکەی زۆر باش بێت بەراورد بە ساڵی رابردوو”.

وەکو ئەوەی ئەو بەرپرسەی وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان ئاماژەی پێدا، لە کۆبوونەوەی دوێنێ دووشەممەیان لەگەڵ وەزیری کشتوکاڵی عێراق، بڕیاردراوە لە هەموو پارێزگاکانی عێراق بە یەک نرخ گەنم لە جووتیاران وەربگیرێت، ‘850 هەزار دینار بۆ هەر تۆنێک’.

د.زێدا محەممەد کەریم روونیشیکردوە، لەگەڵ حکومەتی عێراق رێککەوتوون بۆ ئەمساڵ دابەشکردنی شاییستە داراییەکانی جووتیارانی هەرێمی کوردستان درەنگ نەکەوێت و هەر کاتێک جووتیاران گەنمی خۆیان رادەست کرد، شاییستە داراییەکانیان پێدەدرێت. 

وەزیری کشتوکاڵی عێراق: کۆبوونەوەکەمان ئەرێنی بوو

لای خۆیەوە ماجد مالیکی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی عێراق بە کوردستان24ـی راگەیاند، کۆبوونەوەیان لەگەڵ شاندی وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان ئەرێنی بووە و پێشبینی دەکەن ئەمساڵ بەرهەمی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان و پارێزگاکانی دیکەی عێراق بەراورد بە ساڵی رابردوو زیاتر بێت. هۆکارەکەشی بۆ “پاڵپشتیی حکومەتی عێراق و بارودۆخی کەشوهەوا” گەڕاندەوە.

وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی عێراق ئاماژەی بەوەشکرد، لە کۆبوونەوەکانی رابردوویاندا لەگەڵ وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان رێککەوتوون لەسەر پێکهێنانی لیژنەیەکی تایبەتمەند بە تۆمارکردن و گواستنەوەی بەرهەمی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا، بۆ ئەوەی زۆرترین ئاسانکاری بۆ جووتیاران بکرێت.

تەکنەلۆژیای زانیاری بۆ تۆمارکردنی داتای گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان بەکاردەهێندرێت

د.زێدا محەممەد کەریم روونیکردەوە، بۆ ئەوەی شەفافییەت لە تۆمارکردنی داتای تایبەت بە رێژەی گەنمی جووتیاران لە هەر پارێزگایەکی هەرێمی کوردستان، ئەو بڕە گەنمەی بەرهەمهێنداروە و کواڵێتیی گەنم هەبێت؛ لەگەڵ وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق رێککەوتن سەرجەم ئەو داتایە لە رێگەی تەکنەلۆژیای زانیارییەوە تۆمار بکرێن و پێیان بدرێت.


ئەمە لە کاتێکدایە رۆژی سێشەممە 9ـی ئایاری 2023، محه‌مه‌د خه‌زاعی، گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی كشتوكاڵی عێراق لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا ئاشكرایكرد، پێشبینی ده‌كەن ئه‌مساڵ ئاستی به‌رهه‌مهێنانی گه‌نم چوار ملیۆن و نیو تۆن بەراورد بە ساڵی رابردوو زیاتربێت.

خه‌زاعی ئاماژه‌ی به‌وه‌كردووه‌، پلانی وەزارەتی کشتوکاڵ و زیادکردنی رووبەرەکانی کشتوکاڵی و زۆری بارانبارینی ئەمساڵ هۆكاری دیكه‌ی ئاودێری و زیادبوونی بەروبوومی کشتوکاڵی بووه‌، بۆیه‌ پێشبینی ده‌كه‌ن له‌مساڵدا ئاستی به‌رهه‌مهێنانی گه‌نم چوار ملیۆن و نیو تۆن تێپه‌ڕ بكات.

لای خۆیەوە رۆژی سێشەممە 11ـی نیسانی 2023، حەیدەر نوری، بەڕێوەبەری گشتی کۆمپانیای بازرگانی دانەوێڵە لە وەزارەتی بازرگانی عێراق، بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی راگەیاند، بەرهەمهێنانی گەنمی ساڵی 2022 دوو ملیۆن و 200 هەزار تۆن بوو، لە کاتێکدا عێراق پێویستی بە چوار ملیۆن و 600 هەزار تۆن هەیە، بۆیە بەرهەمهێنانی گەنمی ساڵی رابردوو ٪40ــی پێویستی راستەقینەی پڕکردەوە.

بەڕیوەبەری گشتی کۆمپانیای بازرگانی دانەوێڵە لە وەزارەتی بازرگانی عێراق ئاماژەی بەوەشکردووە، پاڵپشتی حکومەت زۆرە لە رێگەی کڕینی گەنمی ناوخۆیی بە نرخی 850 هەزار دینار بۆ هەر تۆنێک، لە کاتێکدا کڕینی گەنمی ئوستوڕالی دەگاتە 650 هەزار دینار بۆ هەر تۆنێک.

ئەو بەرپرسەی وەزارەتی بازرگانی عێراق، جەختی لەسەر ئەوەشکردەوە، ئەو پاڵپشتییەی حکومەت جووتیارانی هاندا بۆ کشتوکاڵکردن، جگە لەو رێژە بارانەی کە لەمساڵدا باری، یارمەتیدەرە بۆ زیادبوونی بەرهەمی کشتوکاڵی.

بەگوتەی حەیدەر نوری، عێراق نزیکەی شەش جۆر گەنم بەرهەم دەهێنێت، کە هەموویان باشن، بەڵام کوالێتییان مام ناوەندە، بۆیە عێراق پشت بە هاوردەی گەنمی سێ وڵاتیش دەبەستێت کە بریتین لە ئوستوڕاڵیا، کەنەدا و ئەمەریکا، بۆ تێکەڵکردنی گەنمی هاوردەکراو لەگەڵ گەنمی خۆماڵی لەپێناو باشترکردنی جۆری ئارد و بەرهەمەکانی دیکە.

گرنگترین ئەو دانەوێڵانەی لە کوردستان بەرهەم دەهێنرێت گەنمە، گەنم بەرهەمێکی زستانەیە پشت بە ئاوی باران دەبەستێت. لە کوردستاندا بە شێوەیەکی بەربڵاو دەچێنرێت بە تایبەتی لەو شوێنانەی کە ڕادەی دابارینی ساڵانەی لە نێوان (400 – 500) ملم دایە. چاندنی گەنم زۆرترین ڕووبەری کشتوکاڵی داگیر کردووە، بەڵام بەپێی بارودۆخی ئەم ڕووبەرە لە ساڵێکەوە بۆ ساڵێکی تر دەگۆڕێت هەروەها بڕی بەرهەمیش لە ساڵیکەوە بۆ ساڵێکی تر جیاوازی هەیە.