نەشتەرگەری بچووككردنەوەی گەدە لەژێر بەنجی گشتی دەكرێت، ئەم نەشتەرگەرییە بە كردنەوەی سنگ نییە، بەڵكو لە ڕێگەی چەند كونێكەوە دەكرێت.
لە نەشتەرگەرییەكە هەیە گەدەی بچووك دەكرێتەوە، هەیشە ڕێڕەوەكەی لا دەبرێت نەخۆشەكە پێویستی بە كامەیان بوو ئەوەیانی بۆ دەكرێت، ئەمەش وەك چارەسەرێكە بۆ نەخۆشی قەڵەوی.
د. كارزان سیروان پسپۆڕی نەخۆشی هەرس و قەڵەوی لە بارەی ئەم نەشتەرگەرییەوە ڕوونی دەكاتەوە كە ئەم نەشتەرگەرییە بۆ هەموو كەسێك ناكرێت، ئەم نەشتەرگەرییە بۆ كەسێك دەكرێت كە قۆناغێكی تێپەڕاندبێت و قەڵەوی دروست بوبێت.
دەشڵێت: ڕوونە هەموو كەس چەوری لە جەستەی هەیە، بەڵام ئەم چەورییە زۆر بوو گەیشتە ڕادەیەك كە ببێتە نەخۆشی قەڵەوی، ئەوكاتە پەنا بۆ نەشتەرگەری دەبرێت، واتە بۆ هەموو كەسێك ناكرێت كە خۆی داوای بكات.
قەڵەوی چۆن بە نەخۆشی هەژمار دەكرێت؟
د. كارزان سیروان: پزیشكان ئەم هەڵسەنگاندنە دەكەن، كە لێكدانەوە بۆ جەستە و قەڵەوییەكەی دەكەن، بە گشتی ئافرەتان باڵایان 160 سەنتیمە و پیاوانمان 170 واتە ئەگەر هاتوو ئافرەت لە 90 كیلۆ بەسەرەوە بوو، پیاویش 100 بۆ 110 بوو ئەوا دەتواندرێت ئەو نەشتەرگەرییەی بۆ بكرێت، نابێت ئەوە لە بیر بكرێت كە ئەم كارەیە نەشتەرگەرییە و ئەگەری لێكەوتەی هەیە بۆیە تا زۆر پێویست نەبێت پزیشكان بڕیار نادەن.
قەڵەوی زۆر جار چارەسەری نییە بۆیە پێویستی بە نەشتەرگەری هەیە، چونكە بە گوێرەی زانستی ئەم سەردەمە پەنا دەبرێت بۆ نەشتەرگەری چونكە قەڵەوی زۆرجار هۆكارە بۆ چەندین نەخۆشی تریش لەوانە( پشت ئێشە، ئەژنۆ ئێشە، شەكرە، فشاری خوێن، نەخۆشی دڵ، چەوری جگەر، بەرزبوونەوەی چەوری خوێن و ژێر پێست).
ئایا تەمەنێكی دیاریكراو هەیە بۆ كاتی ئەنجامدانی نەشتەرگەرییەكە؟
د. كارزان سیروان: بە گشتی لە 18 ساڵ بەسەرەوە دەتواندرێت ئەنجامی بدات، بەڵام ئەگەر هاتوو تەمەنەكەی لەوە كەمتر بوو وە كێشیشی زۆر زیاد بوو ئەوا ڕاوێژ بە پزیشكی دەروونی دەكەین، تا بزانین ئەوكەسە تا چەند درك بە نەشتەرگەری دەكات و چەندین زانیاری تریش، وە ئەگەر پاش پرسیارەكان پزیشكی دەروونی پەسەندی كرد نەشتەرگەری بۆ بكرێت ئەوكات ئێمەش نەشتەرگەرییەكەی بۆ دەكەین، وە تەمەنی گەورانیش زیاتر تا 60 بۆ 65 ساڵان لای ئێمە بۆی دەكرێت.
پاش ئەنجامدانی نەشتەرگەرییەكە، نەخۆشەكان لە لای ئێمە لە ژێر چاودێری دەبن، بەردەوام بە دواداچوون بۆ تەندروستیان دەكەین و چارەسەرییان پێ دەدەین، بۆ خواردنیش خشتەیان پێ دەدەین و پاش حەفتەیەكیش دەتوانێت بچێت وەرزش بكات و، نەخۆش تەنها یەك ڕۆژی پێویستە لە نەخۆشخانەدا بمێنێتەوە و باشتریش وایە زوو دەست بە جووڵەی ئاساییی خۆی بكاتەوە.