چوارشەممە, تشرینی دووه‌م 27, 2024

سوودانی بۆ حەلبووسی: دەبێت رەشنووسی یاسای بودجە و بەخێرایی پەسەند بکرێت

محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، لەگەڵ محەممەد حەلبوسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق کۆبووەوە و داوای رەشنووسی یاسای بودجە و بەخێرایی پەسەندکردنی کرد.

نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، ئێوارەی رۆژی یەکشەممە، محەممەد شیاع سوودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق، لەگەڵ محەممەد حەلبووسی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لەسەر دۆخی گشتی وڵات کۆبوونەوە، لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لەسەر کارکردنی بەرنامەکانی حکومەتدا کرایەوە، هەروەها دەبێت باشترین خزمەتگوزاری پێشکەشی هاوڵاتیان بکرێت و ئاستی ئابووری بەرەوپێشەوە بچێت.

لە راگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتووە، “لە کۆبوونەوەکەدا باس لە رەشنووسی یاسای بودجەی فیدراڵی کرا کە کە لە ئێستادا خراوەتە بەردەم ئەنجومەنی نوێنەران. دەشڵێت: دەبێت بە خێرایی پەسەند بکرێت، بۆ جێبەجێکردنی مەرجەکانی بەرنامەی حکومەت لە رووبەڕووبوونەوەی بێکاری و خزمەتگوزاری و هەژاری، هەروەها چاکسازی ئابووری و سنووردارکردنی دارایی و گەندەڵی ئیداری.