چوارشەممە, تشرینی دووه‌م 27, 2024

بڕگەیەکی بودجە لە بەرژەوەندی ھەرێمی کوردستان ڕاست کرایەوە

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

چەندین ڕۆژە لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لەبارەی بودجە کۆدەبێتەوە، دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق لە چاوەڕوانی ڕاپۆرتی لیژنەی داراییدایە بۆ ئەوەی وادەی کۆبوونەوەی پەرلەمان دیاری بکەن بە مەبەستی دەنگدان بە پڕۆژەیاسای بودجە. جێگری سەرۆکی پەرلەمان، ڕایگەیاند: ھیچ کێشەیەک نییە کە ڕێگری لە پەسەندکردنی یاسای بودجەی گشتی بکات و بەپێی ئەوەی لەسەری ڕێک کەوتوون، پەرلەمان لە دانیشتنی ئەمڕۆ دەنگ لەسەر یاسای بودجە دەدات.

پشکی ھەرێم لە بودجەدا گەرەنتی کراوە و کورد پێداگری دەکات لە مانەوەی ھەمان ئەو دەقەی پێشتر لەنێوان ھەولێر و بەغدا ڕێککەوتنی لەسەر کراوە و لە بودجەشدا جێگیرکراوە، لە دەرەوەی ئەمەش دەڵێن ڕازی نابین و ھەڵوێستمان دەبێت.
گفتوگۆیەکانی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لەسەر پڕۆژەیاسای بودجە بەردەوامە و چەند ئەندامێکی لیژنەی دارایی، کە زۆرینەیان سەر بە عەسائبی ئەھلی حەق و حیزبوڵڵان، دەیانەوێت ماددەی ١٢ بگۆڕن و بەشی کوردستان لە بودجەدا کەم بکەنەوە، لەبەرامبەردا سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی ئەوە ڕەت دەکاتەوە و دەڵێ: ڕێککەوتنی سیاسی لەسەر بودجە ھەیە و بەڵێن وایە وەکو خۆی جێبەجێ بکرێت.
ئەنجوومەنی وەزیران بڕگەیەکی بودجەی لە بەرژەوەندی ھەرێمی کوردستان ڕاستکردەوە، لە ماددەی ١٢ی پڕۆژە یاساکە پێشتر نووسرابوو بەشی ھەرێمی کوردستان دەدرێت بە مەرجێک زیاتر نەبێت لەو داھاتەی ڕادەستی دەکات، بەڵام لە ئەنجوومەنی وەزیران ئەمە ڕاست کراوەتەوە و نووسراوە ھەرێمی کوردستان بەشی خۆی وەردەگرێت، ئێدی مافی بەوە نییە چەند ڕادەست دەکات.
ماددەکانی پەیوەندیدار بە پشکی ھەرێم بریتین لە ١٢ و ١٣ و ١٤ و ٦١، ھەندێک لە پەرلەمانتاران لەسەر ماددەی ٦١ باسی ناردنی چوار سەد ملیار دینار بۆ ھەرێمی کوردستان دەکەن، کە ئەو بڕە پارەیە کە لە ساڵی ٢٠٢٢ـەوە نێردراوە ببێتە قەرز لەسەر ھەرێم، بەڵام ئەوانەی باس دەکەن چەند دەنگێکی نەشازن، بەگوێرەی ئەو ڕێککەوتنەی لە نێوان حکوومەتی ھەرێم و حکوومەتی فیدراڵی کراوە، ئەو ماددەیە تێدەپەڕێنرێت.
بەگوتەی پەرلەمانتارانی کورد، ئەم جارە جیاوازە چونکە پێشتر ڕێککەوتنێکی کۆنکرێتی لەنێوان سەرۆک وەزیرانی ھەرێمی کوردستان و سەرۆکوەزیرانی عێراق بە ئامادەبوونی وەزیرە پەیوەندیدارەکان کراوە، بۆیە ئەمساڵ ھیچ ئاستەنگێک بۆ ناردنی پشکی ھەرێمی کوردستان دروست نابێت.
گەورەترین بودجە لە مێژووی عێراق لە دوای ساڵی ٢٠٠٣ پڕۆژە یاسای بودجەی سێ ساڵی داھاتووە کە گوژمەکەی سەد و نەوەت و نۆ ترلیۆن دینارە، پشکی ھەرێمی کوردستان بە ١٢.٦٧% دیاریکراوە و زیاتر لە شازدە ترلیۆن دینار دەبێت، گرێنتی دابینکردنی مووچەی مووچەخۆرانی ھەرێمی کوردستان دەکات، ھەروەھا لە بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاکانیش پشکی ناوچەکانی ھەرێمی کوردستان ھەیە کە لەوانەیە بە پشکی ھەڵەبجەوە بگاتە سێ سەد و شازدە ترلیۆن دینار.
نرخی فرۆشتنی یەک بەرمیل نەوت بە ٧٠ دۆلار دیاری کراوە و لە بودجەی گشتیی ئەمساڵدا، بڕی نەوتی ھەناردەکراو، ڕۆژانە بە سێ ملیۆن و پێنج سەد ھەزار بەرمیل دیاری کراوە، لەو ژمارەیە چوار سەد ھەزار بەرمیل لە ڕێگەی ھەرێمی کوردستانەوە ھەناردە دەکرێت. باس لەوەش کراوە، داھاتی فرۆشتنی نەوت لە بودجەی گشتییدا، بە سەد و حەڤدە ترلیۆن و دوو سەد و پەنجاو دوو ملیار دینار خەمڵێنراوە و داھاتی نا نەوتیش، حەڤدە ترلیۆن و سێ سەد و یەک ملیار دینارە، کۆی خەرجییە پێشنیازکراوەکان، سەد و نەوەت و حەوت ترلیۆن و ھەشت سەد و بیست و ھەشت ملیار دینارە، خەرجی پڕۆژەکانی وەبەرھێنان چل و حەوت ترلیۆن و پێنج سەد و پەنجا و پێنج ملیار دینارە.
لە پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراق نرخی خەمڵێندراوی نەوت بە ٧٠ دۆلار دیاریکراوە؛ تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق، ڕایگەیاند: پێشبینی دەکەن نرخی یەک بەرمیل نەوت بگاتە ٨٣ دۆلار.
ئێستە لەدوای ئەو گۆڕینە و بەلادانی دەستەواژەی نابێت زیاتر بێت، ئەگەر نرخی نەوت بەرزببێتەوە، پشکی ھەرێمی کوردستانیش زیاد دەکات.
خەلیل دۆسکی، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، دەڵێت: فشارێکی زۆر ھەیە، ئێمەش وەکو لیژنەی دارایی دەمانەوێت ھەرچی زووە بودجە تەواو بکەین، چونکە خەڵک چاوەڕێیە، دامودەزگاکان پێویستییان بە بودجەیە، بۆیە وەکو لیژنەی دارایی شەو و ڕۆژمان کردۆتە یەک، بۆ ئەوەی بڕگەکانی بودجە تەواو بکەین و پەرلەمان پەسەند بکات.
ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، دەشڵێ: لە دەرەوەی ئەو ڕێککەوتنەی کە کراوە ڕازی نابین دەستکاریی پشکی ھەرێمی کوردستان بکرێت.
ڤیان سەبری، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، ڕایگەیاند: ھەندێک پەرلەمانتار لە لیژنەی دارایی ھەن، بەڕاستی ھەندێک پێشنیاز دەکەن کە دژی ھەرێمی کوردستانە، بەڵام تائێستە ئەو بابەتە یەکلایی نەکراوەتەوە، ئێمە وای دەبینین ئەو ڕێککەوتنەی لە نێوان ھەردوو حکوومەت ھەیە، وەک خۆی جێبەجێ بکرێت.