پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

زێدان برادۆستی، ئەندامی لیژنەی شارەوانی لە پەرلەمانی کوردستان: چوارسەد ھەزار خێزان لە یاسای تاپۆکردنی خانووە زێدەڕۆکان سوودمەند دەبن

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

لە ھەرێمی کوردستان زیاتر لە چوار سەد ھەزار خانوو بەشێوەی زێدەڕۆیی دروست کراون. ئەندامێکی لیژنەی شارەوانی لە پەرلەمانی کوردستان، دەڵێ: یاسای تاپۆکردنی خانووە زێدەرۆکان ھەموار دەکرێتەوە، ئەوەش بۆ ئەوەیە چینی ھەژاران زیاتر لێی سوودمەند بن.

ھاووڵاتییەکی زۆر ئەوانەی زێدەڕۆییان کردۆتە سەر ئەو پارچە زەویی و خانووە زێدەڕۆییانە لە ئێستەدا خەریکی مامەڵەکانیانن، لە سەرۆکایەتی شارەوانییەکان و لە یەکە ئیدارییەکان، بەڵام لە ئێستەدا ھەندێک لە شارەوانییەکان گرفتی ماستەرپلانیان ھەیە، ئەوانەی نەخشەی کەرتییان نییە، بۆیە ئەوانە تا ئێستەش ھەر بەپێی ڕێنمایی خەریکن بۆ دۆزینەوەی ڕێگە چارەیەک.
بەپێی یاسای ژمارە ٣ی ساڵی ٢٠١٩ی پەرلەمانی کوردستان تەواوی ئەو خانووانەی پێش ساڵی ٢٠١٣ بەشێوەی زێدەڕۆیی دروست کراون، بە چەند مەرج و ڕێنماییەک ھاووڵاتییان دەتوانن تاپۆیان بکەن، نرخەکان بۆ یەک مەتر زەوی لە پارێزگاکان لە نێوان پازدە بۆ سی ھەزار و لە قەزاکان دە بۆ پازدە ھەزار و لە ناحییەکان پێنج بۆ هەشت ھەزار دینارە.
بەپێی ڕەشنووسی یاساکە، تاپۆکردنی زەویی و خانووە زێدەڕۆکانی ناوشار نابێت لە ٢٠٠ مەتر زیاتر بێت، لە ناحیە تاوەکو ٥٠٠ مەتریش ئاساییە، ئەو کەسەی خانووەکەی بەناو بکات، دەبێت پێشتر سوودمەند نەبووبێت، ئەگەر سوودمەند بووبێت بە نرخێکی گرانتر لە نرخی دیاریکراو زەویەکەی بۆ تاپۆ دەکرێت.
ئەو پارەی لە تاپۆکردنی خانووەکان وەردەگیرێت، ٢٠%ی پارەکە بۆ گەنجینەی حکوومەت دەگەڕێتەوە، ٤٠%ی پارەکە بۆ شارەوانی و ٤٠% بۆ گەیاندنی خزمەتگوزاری بۆ خانووە تاپۆکراوەکان تەرخان دەکرێت.
ھیڤیدار ئەحمەد، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان، دەڵێت: یاسای تاپۆکردنی خانووی زێدڕۆیی ھەموار دەکرێتەوە، ئەوەش بۆ ئەوەیە غەدر لە خەڵکی ھەژار نەکرێت، کە پێش ٢٠ ساڵ لە خانوویەکی زێدەڕۆیی دا بووە و ئێستە شوێنی خانووەکەی بۆتە بازرگانی، دەبێت خانووەکەی تاپۆ بکرێت.
زێدان برادۆستی، ئەندامی لیژنەی شارەوانی لە پەرلەمانی کوردستان، ڕایگەیاند، بیرۆکەی پێشکەشکردنی یاسای تاپۆکردنی خانووە زێدەڕۆکان، لەلایەن فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ساڵی ٢٠١٩ بە یاسای ژمارە ٣ لە ھەرێمی کوردستان دەرکرا، بەڵام دوای ھاتنی پەتای کۆڕۆنا بابەتەکە دواخرا، ساڵی ٢٠٢١ جارێکی دیکە یاساکە ھەموار کرایەوە.
گوتیشی: وەک لیژنەی شارەوانی، ساڵی ڕابووردو سەردانی سەرجەم قەزا و شارەکانی ھەرێمی کوردستانمان کرد، لەگەڵ ھەموو بەڕێوەبەرەکانی شارەوانی کۆبووینەوە، سەرجەم خاڵەکانی ئەم یاسایەمان تۆمارکرد، لەدەرئەنجامدا گەیشتینە سێ خاڵی سەرەکی لە بەرژەوەندی خەڵک.
خاڵی یەکەم، کەسی زێدەڕۆکار دەتوانێت لە ماوەی ساڵیکدا لە دەرچووی ئەم یاسایە داواکاری پێشکەش یەکە کارگێڕییەکان بکات لە سنووری جوگرافی خۆیدا.
خاڵی دووەم، کەسی زێدەڕۆکار لەبەر ئەوەی خۆی دێت پارە بە حکوومەت دەدات بەو ڕێژەی کە لە یاساکە دیاریکراوە بە سوودمەند نەبوو ھەژمار دەکرێت، ئەمەش خاڵێکی گرنگ بوو، چونکە گرفت بوو لەبەردەم ھاووڵاتییاندا.
خاڵی سێیەم، لە ماددەی سێ و چواری یاساکەی ساڵی ٢٠٢١ ڕێژەی نرخەکان دیاریکرابوو، کە نرخەکان ئەگەر شارەوانی جیاکراوە واتە نەخشە و پلانی ھەبێت لەو شوێنەدا بە ڕێژەی %٢٥ نرخی ڕاستەقینەی زەوی دادەنرێت، پێشنیازمان کرد وەک لیژنەی شارەوانی بکرێتە ڕێژەی %١٥، ئەو زەویانەشی کە جیاکردنەوەیان بۆ نەکرابوو نرخ لە %٣ زیاتر نەبێت بۆ ھەموو ھەرێمی کوردستان ئەمەش خالێکی ئێجگار گرنگە.
زێدان برادۆستی، گوتیشی: ھیوادارین %٩٠ــی ھاووڵاتییان پێشوازی لەم یاسایە بکەن بۆ ئەوەی بارگرانیان لەسەر نەکرێت و خانووەکانیان بۆ تاپۆ بکرێن.