سلێمان تاشان – ههولێر
بڕیارە لە مانگی تشرینی دووەمی ئەمساڵدا دوای ١٨ ساڵ خولێکی تری هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بەڕێوە بچێت، هەڵبژاردنێک کە بۆ کورد زۆر چارەنووسسازە و تەنیا هەبوونی یەک لیستی کوردستانی دەتوانێت گەرەنتی بردنەوەی ئەو پارێزگایە بکات.
وەک ئاشکرایە یەکەم هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە ساڵی ٢٠٠٥ بەڕێوە چوو و گەلی کورد بۆ یەکەم جار لە مێژوودا لە ڕێیەکی زۆر یاسایی و بە دەنگی خەڵک توانی زۆربەی کورسییەکانی ئەنجوومەنی پارێزگاکە بباتەوە و بە فەرمی ئیدارەی ئەو پارێزگایە بەدەستەوە بگرێت.
لە دوای یەکەم هەڵبژاردن چەند جارێکی تر هەڵبژاردن لە پارێزگاکانی عێراق بەڕێوەچوون بەڵام کەرکووک لێی بێبەش بووە. کورد تا ساڵی ٢٠١٧ ئیدارەی پارێزگاکەی بەدەستەوە بوو و یەکێتی و پارتی ولایەنە سیاسییەکانی تری کوردستان بە هاوبەشی پارێزگاکەیان بەڕێوە دەبرد. ئەو دۆخە بەردەوام بوو تا ڕیفراندۆمی ساڵی ٢٠١٧ کە پاشان ڕووداوی ١٦ی ئۆکتۆبەری بەداوادا هات کە بەهۆیەوە ئیدارەی پارێزگاکە لە کورد ستێنرایەوە و تەنانەت پاشەکشە بە پێشمەرگەش کرا و کورد بە تەواوی پارێزگاکەی لەدەست دا.
هەرچەندە دەرەنجامی هەڵبژاردنی ٢٠٠٥ بۆ کورد پێوەرێکی یاسایی بوو تا ماوەیەک دەیتوانی جارێکی تر دەسەڵاتی پارێزگاکە بەدەستەوە بگرێتەوە چونکە زۆرینەی ئەنجوومەنی پارێزگای هەبوو بەڵام ناکۆکییەکانی نێوان یەکێتی و پارتی رێگر بوو لەبەردەم ئەو گۆڕانکارییە و دواتریش بە فەرمانێک ئەنجوومەنی پارێزگاکان هەڵوەشایەوە و هەمووان چاویان بڕیوەتە هەڵبژاردنی مانگی تشرینی دووەمی ئەمساڵ بۆ ئەوەی پێگە و سەنگی خۆیان لە ڕێی سندووقەکانی دەنگدان دیاری بکەن.
ئەگەر پارتە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان بە لیستی جیاواز لەم هەڵبژاردنەدا بەشداری بکەن ئەوا مەترسی ئەوە لە ئارادایە کورد لەم هەلبژاردنەدا نەتوانێت زیاتر لە نیوەی کورسییەکان بباتەوە.
لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە ساڵی ٢٠٠٥ لە کۆی ٤١ کورسی، لە چوارچێوەی لیستی برایەتیدا ٢٦ کورسی بەدەست هێنابوو.
ماوەی چەند مانگێکە عەرەبەکانی کەرکووک بە لیستەکانی شیعە و سوننەوە دەستیان بە جموجۆڵ کردووە بۆ ئەوەی بە یەک لیست بەشداری لە هەڵبژاردن بکەن و دەرەنجامەکە لە قازانجی خۆیاندا یەکلایی بکەنەوە. مانگی ڕابردوو هەر یەک لە هاوپەیمانیی عەرەبی بە سەرۆکایەتیی ڕاکان جبووری، پارێزگاری سەپاوی کەرکووک بە وەکالەت، هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا بە سەرۆکایەتیی محەممەد تائی، هاوپەیمانیی عەزم بە سەرۆکایەتیی ئەحمەد عەرەب، ئەنجوومەنی عەرەبی بە سەرۆکایەتیی حاتەم تائی، دەستەی رای عەرەبی بە سەرۆکایەتیی نازم شمەری لە بانگەواێکدا پێداگرییان لە ڕاگەیاندنی لیستێک بە ناوی عەرەبی یەکگرتوو کردبوو.
هەر یەک لە عیرفان کەرکووکی، جێگری پێشووی پارێزگاری کەرکووک و عەبدولڕەحمان مستەفا پارێزگاری پێشووتری کەرکووک و چەندان کەسایەتی و سیاسەتمەداری کوردستان نەبوونی یەک لیستی کوردی بۆ هەڵبژاردنی ئەمساڵی ئەنجوومەنی پارێزگاکان بە شتێکی زۆر مەترسیدار هەژمار دەکەن و پێیان وایە یەکێتی و پارتی و لایەنە سیاسییەکانی تر ئەگەر لە پارێزگاکانی تری کوردستان کێشە و ناکۆکیشیان هەبێ، ئەوا نابێ لە پارێزگای کەرکوک هەیانبێ و پێویستە هەمووان پێکەوە کار بکەن و بچنە هەڵبژاردن بۆ ئەوەی بە یەکیشەوە پارێزگاری لە کوردبوونی پارێزگاکە و دەستکەوتە نیشتمانییەکان بکەن.
پێوسیتە ئاماژە بەو ڕاستییە بکرێ هێشتا لە رووی یاساییەوە ئیدارەی کەرکووک نەکەوتووەتە دەستی عەرەب و تەنیا بە شێوەیەکی سەپاو پارێزگاری بە وەکالەت دەستنیسان کراوە کەچی هەست بەوە دەکرێ لە پارێزگاکە خەریکە بە هەمان نەفەسی سەردەمی بەعس پەرە بە سیاسەتی بەعەرەبکردن و توانەوەی کورد دەدرێ و ئەگەر خوانەخواستە لە هەڵبژاردنی داهاتوودا ئەوان ببنە زۆرینە ئەوا کورد شتێکی زۆر گەورە لەدەست دەدات کە رەنگە قەرەبووکردنەوەی لە داهاتوودا کەمێک ئاستەم بێت.
جگە لەمە لە هەڵبژاردنی ئەمساڵی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بڕیارە هەڵبژاردن بە سیستمی سانت لیگۆ بەڕێوە بچێت و یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی ئەو سیستمەش ئەوەیە حزبە بچووکەکان چانسی دەستخستنی کورسییان زۆر کەم دەبێ و بە گشتی سیستمەکە لە قازانجی لیستە گەورەکاندایە و بۆیەش کاتی هاتووە کورد بەهەموو هەوڵێک ئەو دەرفەتە بقۆزێتەوە و قەرەبووی بەشێک لەو نەهامەتییانە بکات کە بەسەر کەرکووکدا هاتووە و جارێکی تر دڵی جەماوەری کەرکووک خۆش بکات و بە کوردستان شادیان بکاتەوە.