پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

یادداشتێکی کورت سەبارەت بە فیلمی “تەمەنی کلوەبەفرێک”

ئارام كۆشكی – سلێمانی

لە ڕێی فیلمی “باهۆز” و “زەڕ”ەوە ئاشنای کارەکانی بووم، ئیدی بووە ناوێک لە لام کە هەر کارێکی دیکە ناوی ئەوەی لەسەر بێت بێ هیچ شتێک سەیری بکەم. کەمن ئەو دەرهێنەرە کوردانەی متمانە بە تواناکانیان بکەیت و سەیری هەموو کارەکانیان بکەیت. بەڵام “کازم ئۆز” بەو شێوەیە نییە. ئەو بە توانایەکی سەرسوڕهێنەر و ڕۆحێکی هونەریی و شیعریی گەورەوە فیلم دروست دەکات و بینەر کاتێک سەیری فیلمەکانی دەکات هەست بە شوێنپێهەڵگرتنی “یەڵماز گونەی” دەزانێت. بەڵام بە جورئەتی زیاتر و ڕۆحێکی هونەری نوێگەرانەوە، کە بینەر بە هەموو جوڵەیەکی کامێرا و نواندن و گرێکانی چیرۆکەکەی سەرسام دەکات.

سەرسامیم بە “کازم ئۆز” ئەوکاتە زیاتر بوو کە هەفتەی پێشوو یەکەم نمایشی نوێترین فیلمیم بەناونیشانی “تەمەنی کلوەبەفرێک” لە سینەما سالم لە شاری سلێمانی بینی. فیلمەکە چەشنی دووکارەکەی پێشووی تێمای عەشق و شۆڕش و کوردبوون لە خۆ دەگرێت. بەڵام ئەمجارە بە دیدێکی دیکە و لە گۆشەیەکی دیکەوە. گۆشەیەک کە دووربێت لە نیگای ئایدۆلۆژیی، بەڵکو دیدێک پڕ بێت لە هەستی ئینسانی و قوربانیدان و خۆشەویستی و هاوڕێیەتی.
بەدەر لەوەی فیلمەکە لە ئاستێکی هونەری بەرزی وێنەگرتن، لۆکەیشن، زەمەنگۆڕکێ، نواندن و زۆر لایەنی دیکەدا گەلێک تایبەت بوو و من قسە لەسەر ئەم لایەنانە ناکەم و ئەوانە بۆ کەسانی پسپۆڕی ئەو بوارە جێدەهێڵم، بەڵام ئەوەی شایستەی قسەکردنە ئەو هێزی خۆشەویستییەیە، کە لەلایەکی ئەم فیلمەدا دەبێتە هێمای قوربانیدا و رۆیشتن تا لێواری مەرگ. لە لایەکی دیکەشەوە خۆشەویستی نابێتە ئەوەی مرۆڤێکی پاسیڤ دروست بکات و واز لە خەونی شۆڕش و ڕزگاریی نیشتیمانەکەی بهێنێت. بەڵکو خۆشەویستی دەبێتە وزەیەک بۆ ئەوەی بجەنگێت بۆ ئەوەی ئازادی یەکجارەکی و لە هەموو ئاستەکاندا بەدەست بهێنرێت.
“ئادەر” نموونەی ئەو مرۆڤە کوردەیە، کە ئازادی نیشتمانەکەی دەبەستێتەوە بە ئازادییەکی گشتییەوە، کە تەنها ئازادی سیاسی نییە، بەڵکو ئازادی لە نەریت و ئایین و زمان و هەموو ئەو بەها کۆنانەی کە کۆمەڵگە بەرەو داخران دەبەن. “میاسە”ش نوێنەری ئەو کچەیە، کە لە کۆمەڵگە و خێزانێکی خێڵەکییەوە هەڵهاتووە و عەشق دەروازەیەکی لەبەردەمدا کردووەتەوە، کە بتوانێت هەناسەی ئازادی بدات. عەشق لای میاسە تەنها پەیوەندییەکی ڕاگوزەری نێوان دوور مرۆڤ نییە، بەڵکو ئاوێزانبوونی ڕۆح و شۆڕشکردنە دژ بە دواکەوتووی. میاسە دەزانێت ئەوین قوربانی دەوێت و ئامادەیی ئەو قوربانیدانەشی تێدایە. “میاسە” ئەو فیگۆرە نوێیەیە، کە نووسەران و سینەماکارانی کورد گرنگە لەنێو بەرهەمەکانیاندا زەقی بکەنەوە. فیگۆرێک کە ئامادەی قوربانیدانی هەمیشەیی بێت بۆ ئەوەی بە مەعشووقەکەی بگات. پیشتر نموونەی ئەم جۆرە پاڵەوانەم لای بەختیار عەلی و بە دەقیقی لە ڕۆمانی “شاری مۆسیقارە سپییەکان”دا بینیوە، ئەویش لە فیگۆری “دالیا سیراجەدین”دا، کە ئەویش ئامادەی قوربانیدانێکی زۆرە بۆ ئەوەی بە مەعشوقەکەی بگاتەوە.
ئەوەی لەم فیلمەدا و لە ڕۆمان شاری مۆسیقارەکاندا گرنگە ئەوەیە ئەدەب و سینەمای کوردی هەنگاوێک بۆ دروستکردنی جۆرێکی دیکەی پاڵەوانی ئافرەت دەنێت، کە پاڵەوانێکی دەستەمۆی قوربانی نییە، بەڵکو پاڵەوانێکە ئەگەرچی بە دیوێکدا ناشیرینییەکانی شەڕ کردوویەتی بە قوربانی، بەڵام پاڵەوانێکی متمانەبەخۆی قوربانیدەرە و هێزێکی هەیە بۆ هەستانەوە و بەرەنگاریی، کە ئامادەیە گەشتی دوورودرێژ بکات بۆ گەیشتنەوە بە مەعشوق و تا ئاستی جەنگین و قوربانیدای بە ژیانیش بجەنگێت.
فیلمەکەی ئۆز لە چەشنی ئەو فیلمانەیە کە بە ڕەهەندی زۆر لە خۆ دەگرن و قسەی زیاتر و وتاری درێژتری دەوێت، بەڵام حەزم کرد لەڕێی ئەم کورتە یادداشتەوە مژدەی زیندووبوونی سینەمای کوردی بە خوێنەران بڵێم.