پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

كتێبی “تاوانی ڕووپۆشكردنی دراو”

ڕۆژنامەی هەولێر

ڕانان

هەڵەیە ئەگەر پێمان وابێت زانست و تەكنۆلۆژیا و پێشكەوتنی سەردەم ڕێژەی تاوان بنبڕ دەكەن. بەڵێ، شوێن و شێوازەكان دەگۆڕێن، ئامراز و چۆنیەتیی ئەنجامدانیان گۆڕانی بەسەردا دێت، بەڵام بەشێك لە تاوانەكان زیاتر برەویان پێ دەدرێت . جیاوازییەكە ئەوەیە لەژێر بەرگی هۆشیاری و بە پاڵپشتیی زانست و پێشكەوتنی سەردەم، هەروەها بە بەرچاوی خەڵكەوە تاوان دەكرێت. ڕەنگە چەندان قات لە تاوانی سەردەمی كۆن زیانی زۆرتر بێت، بەڵام چونكە وریا و زیرەكانە دەكرێت، پاساوی بۆ دەهێندرێتەوە. مرۆڤ ئەگەر پەروەردەیەكی جوانی نەبوو، ژینگەی دەوروبەری پاك و باش نەبوو، گەلێك جار هۆشیاری و پێشكەوتنی سەردەمیش دەبنە دەستباری تاوان و نیازی خراپی و بۆ كاری ناڕەوا دەستی دەگرن.

ڕووپۆشكردن و ساختەكردنی دراو یەكێكە لەو تاوانانەی لەنێو كۆمەڵگە پێشكەوتووەكان بە هۆشارییەوە دەكرێت. پارێزەر مەتین دلۆڤان بارزانی كتێبەكەی بەناوی ” تاوانی ڕووپۆشكردنی دراو”ـە، خوێندنەوەیەكی بەراوردكارییە، بەپێی بەدواداچوونی ئێمە بە باشترین كتێب دادەندرێت، كە تا ئێستا لەو بوارەدا بە زمانی كوردی نووسرا بێت.
مەتین بارزانی لە پێشەكی كتێبەكەیدا دەڵێت: ” هەر لەم كاتەی مرۆڤ فێری نووسین بووە و پێكهاتەكان و بەكارهێنانەكانی دراوی لا ڕوون و ئاشكرا بووە و لە كاتی مامەڵەكردن، وەك كڕین و فرۆشتن و بە قەرزدان و بە ڕەهەندان.. هتد. ئا لێرەوە تاوانی ساختەكردنی بەڵگەنامە و ڕووپۆشكردنی دراوە كانزانییەكان بەتایبەتی ئەوانەی كە لە زێڕ و زیو دروست دەكران سەری هەڵداوە و هەوڵیان دەدا، كە ئەم جۆرە دراوانە بخەنە ناو بازاڕ یاخود بازاڕیان بۆ پەیدا بكەن بۆ بە دەستهێنانی قازانجی ماددی، بۆیە فەرمانڕەواكان گرنگییەكی زۆریان پێ داوە و ڕێسا و یاسای تۆكمەیان دەركردووە لە پێناو قەدەغەكردن و نەهێشتنی دراوی ڕووپۆشكراو.”
لە بەشی یەكەمی كتێبەكەدا باسی ساختەكردنی دراو دەكات و بە شێوەی یاسایی ڕوونی دەكاتەوە و لە پێناسەكەیدا دەڵێت: ” بریتییە لە كەمكردنەوەی كێش لە دراوی كانزایی، یان ڕووپۆشكردنی بە ڕووپۆشێك كە وای لێ بكات بەم دراوە بچێت، كە بەهاكەی لەو زیاترە.”
لێرەدا دەردەكەوێت كەسانێك بە فێڵبازی و چاوبەستەكێ ساختەكاری لە دراو دەكەن و وای لێ دەكەن تا ماوەیەك هەستی پێ نەكرێت، دواتر ئاشكرا بێت و زیانی دەروونی و ماددی لێ بكەوێتەوە. زیانە مادییەكە دیارە، زیانە دەروونییەكەش ئەوەیە مرۆڤ تووشی شۆك و دڵەڕاوكێ و گومانی زۆر دەكات، وای لێ دەكات متمانەی بە كۆمەڵگە و دەوروبەری نەمێنێت.
مەتین بارزانی زۆر بە جوانی مێژووی ساختەكردنی درواو و چۆنییەتیی مامەڵەكردن لەگەڵیدا ڕوون دەكاتەوە، دواتر لە ڕووی یاسایی مادە و بڕگە و بڕیارەكان دەخاتە ڕوو. بەپێی زۆربوون و برەودان بە ساختەكاری، یاسای تووندتر و هەمەگیرتری بۆ دەركراوە.
مەتین بارزانی كارێكی زۆر ورد و زانستی لەو كتێبەدا كردووە، لە باسی یەكەمدا باسی ئەو كردەوانەی تایبەتن بە پێكهاتەی دراو، دەكات، لە باسی دووەم ئەو كردارانەی تایبەتن بە بەكارهێنانی دراو، دەخاتە ڕوو. لە بەشی سێیەم سزای تاوانی ساختەكردنی دراو باس دەكات.
كتێبەكە 120 لاپەڕەیە و چەندان سەرچاوەی زۆر گرنگی تێدا بەكارهاتووە. ئەوەشمان لەبیرنەچێ بە زمانێكی ڕوون و ڕەوان نووسراوە. یاسادۆست و تاوانناس و توێژەران بە خوێندنەوەی سوودێكی زۆریان دەست دەكەوێت و دەبنە خاوەن سەرچاوەیەكی دەوڵەمەند.