پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

مافی كارمە‌ندی ناحكومی لە‌ یاسای پە‌روە‌ردە‌دا

بەکر کەریم حەسەن

(مهاتما گاندی) سەركردە و شۆڕشگێری گەورەی هیندی دەڵێ “سۆز، بە یاسا نابزوێ و ڕێك ناخرێ”.
لەو وتارەدا دەمەوێ چەند دێڕێک لەسەر خوێندنی ناحكومی بنووسم كە لە یاسای ژمارە (13)ی ساڵی (2022)ی پەروەردە و فێركردندا هاتووە؛ دیارە یاساكە لە (176) ماددە پێك هاتووە كە (49) ماددەیان لەسەر خوێندنی ناحكومییە بە گشتی واتە لە یاساكە گرنگیەکی زۆر بە خوێندنی ناحكومی دراوە و زۆر بە وردی ڕوون كراوەتەوە هەوڵ دەدەم لەم وتارەدا ڕوون كردنەوەیەک بۆ ماددەی (131)ی تایبەت بە مافی كارمەندانی دامەزراوە پەروەردەییە ناحكومییەكان بكەم، كە یەكێكە لەو كێشانەی بەردەوام رووبەڕووی پرۆسەی پەروەردە و فێركردن دەبێتەوە و زۆر جاران لێرەولەوێ مافی كارمەندانی دامەزراوە پەروەردەییە ناحكومییەكان وەكو پێویست نەپارێزراوە و رێك نەخراوە و ئەوەش دەبێتە مایەی گلەیی و سەرپێچی و نانەوەی کێشە و بەدواداچوون و بە فیڕۆدانی كات و بەهەدەردانی وزە و ساردكردنەوەی تواناكان هەمووی لە ئەنجامی نادادپەروەریە و پشتگوێخستنی رێنمایی و یاسا.

لەو ماددەیەدا بە ڕوونی و بە ڕاشكاوی لە دقەکەدا هاتووە (خاوەن دامەزراوەی پەروەردەیی ناحكومی بەرپرسە لە پاراستنی ماف و شایستە ماددی و مەعنەوییەكانی كارمەندەکانی لە ماوەی خزمەتكردنیان لە دامەزراوەكەدا).
واتە سەرجەم ماف و شایستەكانی كارمەندان دەبێ پاڕێزراو و مسۆگەر بێت لە ڕووی پێدانی مووچەی مانگانە، واتە كەمترین بڕی مووچەی مانگانەی كارمەندانی دامەزراوە ناحكومییەكان نابێت لە شایستە داراییەکەی
هاوتاكانیان لە كەرتی گشتی كەمتر بێت.

واتە مووچەی مامۆستای قوتابخانەیەكی ناحكومی نابێ كەمتر بێت لە مووچەی مامۆستای قوتابخانەیەكی حكومی، هەروەها پێویستە دامەزراوە ناحكومییەكان ساڵانە خولی بەهێزكردنی تواناكان و فێربوونی بەردەوام بۆ بەڕێوەبەر و یاریدەدەر و مامۆستا و ڕێنماییكاری پەروەردەیی بكەنەوە كە لە (30) سی كاتژمێر كەمتر نەبێت؛ خولەكە لەسەر خەرجی دامەزراوەكە دەبێت.

جگە لەوەش پێویستە ئەو تۆمارانەیان هەبێت كە یاسای دەستەبەری كۆمەڵایەتی بە مەرجی داناوە بۆ مەبەستی جێگیربوونی مافەكانی مامۆستا و كارمەندەكان و، لە پشووی هاویندا مووچەی مامۆستا و كارمەندانی دامەزراوەكە بە پێی گرێبەستی نێوانیان دەبێت، بەڵام لە هیچ بارێكدا نابێت (%70)ی مووچەی مانگانە كەمتر بێت.

خاوەنی دامەزراوەی پەروەردەیی ناحكومی بەبێ دیاریكردنی هۆیەكەی مافی دەركردنی بەڕێوەبەر ین كارمەندانی وانەوتنەوە و كارمەندانی تری نییە كە بە نووسراو ئاگادار كرابێتەوە پێشتر و، پشت بە ڕاسپاردەی لیژنەیەک ببەستێ كە دامەزراوەكە پێكی هێناوە؛ دوای ئەوەی ڕەزامەندیی وەزارەتی بۆ وەردەگیرێت و بڕیاری لە بارەوە دەدرێت، هەروەها سەرجەم بەكارخستن و هەڵوەشانەوەی گرێبەست و ناكۆكییەكانی نێوان دامەزراوە پەروەردەییە ناحكومییەكان و مامۆستایان و كارمەندانی دیكەی دامەزراوەكە، بە پێی حوكمەكانی یاسای كاری بەركار لە هەرێم مامەلەیان لەگەڵ دەكرێت، هەروەها لەو ماددەیە كاتژمێرەكانی كاركردن لە ڕۆژ و هەفتەدا بۆ كارمەندان و مافی پشوووەرگرتن ڕوون كراوەتەوە. كە ئەو ماددەیە تایبەتە بە مافی كارمەندانی دامەزراوە پەروەردەییە ناحكومییەكان. ماوەتەوە بڵێم كەوا ناو و ناوبانگی هەر دامەزراوەیەک و كوالێتی
خوێندنی بە دڵسۆزی و تواناییی كارمەندەكانیەتی تا ئەو دامەزراوەیە مافی كارمەندەكانی مسۆگەر بكات، ئەوان ئاسوودەتر دەبن و پرۆسەكەش بێ كێشە دەبێت و قوتابیانیش سوودمەند دەبن، واتە هەموو لایەک، قوتابی و مامۆستا و دامەزراوەكە ئامانجەكانیان بەدەست دەهێنن و وەزارەتیش دڵنیا دەبێت لە پرۆسەكە.