د. ڤیان سلێمان
ئابووری سەربەخۆ یەکێکە لە فاکتەرە سەرەکییەکانی بەهێزی و سەربەخۆیی کەسایەتی ئافرەت، ئەوەش لە ڕوانگەی ڕۆڵی گەورەی ئابووری لە ژیانی مرۆڤ و بارودۆخی مرۆڤەکان لە باری کەسایەتی و لەڕووی دەروونی و کۆمەڵایەتی، بە شێوەیەک کە دەتوانین بڵێین ئەوە دۆخی ئابوورییە کە شوێن و پێگەی کەسەکان تەنانەت دامەزراوە و کۆمەڵگەکانیش دیاری دەکات، هەموو کات و بەردەوام ئابووری نەک ڕۆڵی گرنگ لەدەست نادات، بەڵکوو کاریگەری لەسەر ژیانی تاک زیاتر دەبێت بە تایبەتی لەمڕۆدا کە پێداویستییەکانی ژیان و گوزەران تا دێت قورستر دەبن و تاکگەرایی و بەرپرسبوونی تاکەکان بەرامبەر ژیانی خۆیان دەبێتە شێوازی ژیان و ناچارییەکان وا لە مرۆڤ دەکەن، کە هەمووان لەڕووی ئابوورییەوە پشت بە خۆیان ببەستن.
نەبوونی سەرچاوەی داهات بە واتای هەژارییە و هەژاریش ئاستەنگێکی سەرەکی بەردەم پێشکەوتن و پەرەپێدانە، بەهۆی باڵادەستی هزری پیاوسالاری و ڕوانینی جیاواز بۆ ڕۆڵی هەر یەکە لە پیاو و ئافرەت و ئەو بەربەستە کولتووری و کۆمەڵایەتییانەی لە پێش ئازادی ئافرەت دادەنرێت؛ بێکاری و وابەستەیی ئابووری زیاتر لەناو ئافرەتاندا بڵاوە و زۆر لە ئافرەتان
بۆ دابینکردنی بژێوی و داهات پشت بە پیاوەکانی خێزان دەبەستن؛ ئەوەش هۆکارێکی سەرەکی مانەوەی ئافرەتە لە دۆخی وابەستەیی و سەربەخۆنەبوون و ناچاربوون بە ملکەچی بۆ فشارەکان و توندوتیژی و هەندێک جاریش دووچاربوون بە کێشە و گرفتی دەروونی و بێ ئومێدی، کە هەندێک جار تا ڕادەی خۆکوشتن دەڕوات.
دیاردەی توندوتیژی ڕەفتارێکە لەلایەن مرۆڤەوە پیادە دەکرێت بە شێواز و هۆکار و پاڵنەری جیاواز، یەکێک لە سەرەکیترین و بەربڵاوترین توندوتیژییەکان بەرامبەر بە ئافرەت لایەنی ئابووری و دابینکردنی بژێوییە.
ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ ڕووداو و ململانێکانی مێژووی مرۆڤایەتی و گۆڕانی پێگە و پەیوەندی هێز و دەسەڵات لە نێوان ئافرەت و پیاو؛ دەبینین کە لەوێشدا ئابووری ڕۆڵی سەرەکی هەبووە و هەر کە گەشەکردنی پێویستییەکانی ژیان پێویستی بەهێزی جەستە هەبووە و ئەو هێزەش زیاتر لای پیاو بووە، پیاو درکی بە هێز و توانای جەستەی خۆی کردووە و دەرفەتەکەی لە بەرژەوەندی خۆی قۆستووەتەوە و دەستی بەسەر سەرچاوەکانی ئابووری و کاردا گرتووە.
ئەوەش تاکە هۆکار نا، بەڵکوو هۆکاری سەرەکی ژێردەستەیی و چەوسانەوەی ئافرەت بووە کە تا ئێستاش بەردەوامی هەیە.
کەمی داهاتی سەربەخۆ لای ئافرەت و بوون
بڕیاری ئابووری لە دەستی پیاودا، یەکێکە لە فاکتەرەکانی ناهاوسەنگیی و نایەکسانی ئافرەت و پیاو لە چوارچێوەی خێزاندا؛ کە ژێر دەستەبوونی ئافرەتی لێ دەکەوێتەوە، بەو پێیەی بژێوییەکەی لەسەر پیاوی خێزانە. ئەمە لە کاتێکدا کاروباری ناوماڵ کە زیاتر وەک کاری بێ کرێ و ئەرکی ئافرەت چاوی لێ دەکرێت، بە تەواوی لای ئافرەتە، بەڵام ئەوەش نەبووەتە هۆکاری یەکسانی پێگەی ئافرەت و پیاو لە خێزاندا. ئەم پاشکۆیی ئابوورییە وا دەکات ئافرەت هەمیشە چاوی لە دەستی پیاو بێت و لە دۆخێکدا بێت کە بە توندوتیژی پیاو ڕازی بێت، بە تایبەتی توندوتیژی دەروونی.
جیا لەمەش، فاکتەری ئابووری بە چەندین فۆرمی جیاواز لە توندوتیژی کردن بەرامبەر ئافرەت هاوبەشی دەکات؛ بۆ نموونە ڕێگەگرتن لە کارکردنی ئافرەت، ئەوەش وەک ئامرازێک، بۆ ئەوەی ئافرەت نەبێتە خاوەنی ئابووری سەربەخۆ، هەروەها دەستبەسەرداگرتنی مووچەی ئافرەت یان بێبەشکردنی ئافرەت لە بەشە میرات، ئەمانەش ئەوە لەسەر ئافرەت پێویست دەکەن، کە لەپاڵ هەوڵدان بۆ بەدەستهێنانی ئابووری سەربەخۆ، هەوڵی هۆشیاری و خۆ پێگەیاندنیش بدات.
بە ڕەچاوکردنی گرنگی ئابووری سەربەخۆ لەسەر تەواوی بوارەکانی دیکەی ژیانی ئافرەت و پێگە و کەسایەتیەکەی لە کۆمەڵگەدا، پێویستە ئافرەتان هەوڵی تەواو بدەن بۆ دەستخستنی کار و فێربوونی پیشە و بوون بە خاوەن داهاتی سەربەخۆ. هاوکات پێویستی بە گرتنەبەری هەنگاوی پێویست بۆ ڕەخساندنی زیاترین هەلی کار بۆ ئافرەت و ناچارکردنی کۆمپانیا و شوێنکارەکان بۆ جێبەجێکردنی بنەمای یەکسانی لە ڕەخساندنی دەرفەتی کار نەک تەنیا لە دەستی کار بەڵکوو لە هەموو ئاستەکانی بەرپریاریەتی و وەرگرتنی ڕێکاری یاسایی بەرامبەر بە ئەو دامەزراوە و شوێنکارانەی کە بنەمای یەکسانیی پەیڕەو ناکەن.
بیرمان نەچێت؛ ئافرەتی کورد لە مێژوودا ڕۆڵێکی بنەڕەتی لە ئابووری کۆمەڵگەدا هەبووە و لە ئێستاشدا ئافرەتانێکی زۆر بەشدارن لە بنیاتنان و گەشەسەندنی کۆمەڵگە و لە بواری کاریشدا ئافرەتان زۆرێک لە بەربەستە کۆمەڵایەتی و کولتوورییەکانیان شکاندووە و بەشدارن لە بازاڕی کاردا. بە دڵنیاییشەوە گەشەسەندنی ئابووری و شارستانییبوونی هەر کۆمەڵگەیەک پەیوەستە بە هاوبەشی پێکردنی ئافرەت و پیاو لە بواری ئابووری و هەموو بوارەکانی دیکە.