ئەمڕۆ مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەردی بناغەی گەورەترین وێستگەی بەرهەمهێنانی کارەبا بە وزەی خۆر لە هەرێمی کوردستان و عێراق دادەنێت.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 18ـی ئایاری 2023، بەردی بناغەی وێستگەیەکی نوێی بەرهەمهێنانی کارەبا بە وزەی خۆر دادەنرێت و وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت: “دەبێتە گەورەترین وێستگەی بەرهەمهێنانی کارەبا بە وزەی خۆر لە هەرێمی کوردستان و عێراق”.
توانای بەرهەمهێنانی ئەو وێستگەیە، 25 مێگاوات کارەبایە و ژمارەیەکی زۆر پەنەڵ لەخۆ دەگرێت و دەکەوێتە گوندی منارەی دەوروبەری هەولێر، وێستگەکە ژینگەدۆستە و ئەو کارەبایەی بەرهەمیدەهێنێت بە تۆڕی کارەبای نیشتمانی دەبەسترێتەوە.
گوژمەی پڕۆژەکە 100 ملیۆن دۆلارە و رووبەرەکەی 590 دۆنم زەوییە و لە ماوەی ساڵێکدا کارەکانی تەواو دەکرێت و هەوڵدەدەن بەزوویی دروستبکرێت.
ئێستا بەرهەمهێنانی کارەبای هەرێمی کوردستان %20 بۆ %30ـی لە وزەی خۆرە و حکومەتی هەرێمی کوردستانیش دەیەوێت رێژەکەی بەرزتر بکاتەوە، بۆ ئەو مەبەستەش پڕۆژەی هاوشێوە جێبەجێ دەکات.
لە هەرێمی کوردستان، دوو وێستگەی بەرهەمهێنانی کارەبای بەخۆر هەیە، کە توانای بەرهەمهێنانی سێ مێگاوات کارەبایان هەیە، ئەمەش لەکاتێکدایە کە حکومەت بڕیاریداوە وێستەگەیەکی بەرهەمهێانی کارەبا “بە گوژمەی 235 ملیار دینار و توانای بەرهەمهێنانی 100 مێگاوات کارەبا لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران دروست بکات.
کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە ماوەی تەمەنیدا چەندین هەنگاوی گەورەی بۆ پاراستنی ژینگە و کەمکردنەوەی کاریگەرییە نەرێنیەکانی وزەی سووتێنەری وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا هەڵگرتووە.