هێرش دەکرێتە سەر خانەوادەی ماکرۆن

سەرۆکی فەرەنسا، ئیمانوێل ماکرۆن و بریجیتی هاوسەری، ئیدانەی دەستدرێژیکردنە سەر ئەندامێکی خێزانەکەیان کرد، کە پێدەچێت بەهۆی پەسەندکردنی یاسایی نوێی خانەنشینیدا روویدابێت.

رۆژنامەی “فاینانشاڵ تایمز” بڵاویکردەوە، برای هاوسەری سەرۆکی فەرەنسا، ژان ئەلێکساندەر ترۆگنۆ رایگەیاندووە، ئێوارەی رۆژی دووشەممە خۆپیشاندەران هێرشیان کردە سەر”ژان باپتیست ترۆگنۆ” کوڕە تەمەن 30 ساڵانەکەی.

ئەلێکساندەر ئاماژەی بەوەکردووە، کوڕەکەی لەلایەن کەسانێکەوە لێیدراوە و دواتریش سوکایەتییان بە سەرۆکی فەرەنسا و هاوسەرەکەی و خێزانەکەی کردووە.

ماکرۆن لە کۆنفرانسێکدا کە رۆژی سێشەممە، لە ئایسلەندا بەڕێوەچوو گوتی: (جان) هێرشی کرایە سەر، چونکە کوڕەزای ئێمەیە.

راشیگەیاند: من وەکو مامی ئەو، ئەم کارانە بە تەواوی بە قبوڵنەکراو دەزانم، ئەوەی روویدا وەسف ناکرێت لە دیموکراسیدا جێگەی توندوتیژی نییە.

لای خۆیەوە بریجیت ماکرۆن توڕەیی و پشتگیری خۆی بۆ ژان باپتیست تروگنۆ دەربڕی کە “بوێری ئەوەی هەبووە رووبەڕووی ترسنۆکی و گەمژەیی و توندوتیژی ئەوکەسانە ببێتەوە”.

پۆلیسی فەرەنسا رۆژی سێشەممە هەشت کەسی لەسەر رووداوەکە دەستگیرکرد.

دوای ئەوەی ماکرۆن پڕۆژەی یاسایی چاکسازی خانەنشینی راگەیاند، کە بۆ بەرزکردنەوەی تەمەنی خانەنشینی لە 62 ساڵەوە بۆ 64 ساڵە، ناڕەزایی و خۆپێشاندان لەو وڵاتە سەری هەڵدا.