هه‌ینی, تشرینی دووه‌م 29, 2024

هەڵە گەورەكانی هەدەپە لە هەڵبژاردنەکەی ١٤ـی ئایاردا

كارزان گلی – هه‌ولێر

هەدەپە، لەوەیاندا سەركەوتوو بوو، كە رۆڵی هەبوو لە گەڕی یەكەمدا رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەركۆماری توركیا، نەتوانێت 50+1 بەدەست بهێنێت، بەڵام سەركەوتوو نەبوو لەوەی لە گەڕی دووهەمی هەڵبژاردندا دەنگی یەكلاكەرەوە بێت، هەروەها لە هەڵبژاردنی پەرلەمانیشدا دووچاری هەڵەیەكی زۆر بووەوە كە بووە هۆی لەدەستدانی 12 كورسی.

سەرەتا با لە هەڵەی پاڵپشتیكردنی هەدەپە لە كەمال كلیچدارئۆغڵو دەست پێ بكەین، دەبوایە هەدەپە لە گەڕی یەكەمدا پاڵپشتی لە كلیچدارئۆغڵو نەكردایە، چونكە لە گەڕی دووەمدا دەبووە ئەو پارتەی، كە دوور نەبوو ئەردۆغانیش رووی تێ بكات، ئەوكات هەدەپە دەبوە ئەو پارتەی باڵانسی هێزی لەسەر كورسی سەرۆكایەتیی یەكلایی دەكردەوە.
هەدەپە، دەبوایە جوانتر پرۆسەی هەڵبژاردنی بخوێندایەتەوە، بەوەی هیچ پێویست ناكات لە گەڕی یەكەم، روو لە كلیچدارئۆغڵو بكەن و بەبێ هیچ مەرجێك دەنگی پێ بدەن، چونكە لە گەڕی دووەمدا، هەدەپە دەبووە ئەو پارتەی، كە داواكاری دەبوو و كلیچدارئۆغڵوی ناچار دەكرد، لە بەردەم رای گشتی توركیادا داواكارییەكانی هەدەپە بكاتە رێككەوتنێكی كۆنكرێتی.
هەدەپە، لەم هەڵبژاردنەدا نزیكەی دوو ملیۆن دەنگ كەمی كردووە، ئەم دوو ملیۆن دەنگە رێژەیەكی زۆرە، رەنگە بەشێكی لەبەر ئەوە بێت، دەنگدەر پێی خۆش نەبووە هەدەپە، كوێرانە روو لە كلیچدارئۆغڵو بكات و پێیان باش بووە، هەدەپە رێككەوتنی كۆنكرێتی لەگەڵ كلیچدارئۆغڵو هەبێت، بۆیە رەنگە ئەمە یەكێك بێت لە هۆكارەكان، كە دەنگدەری هەدەپە لەسەر سندوقی دەنگدان سزای پارتەكەیان داوە.
هەڵەیەكی گەورەی تری هەدەپە، ئەو رێككەوتنە بێمانا و بێ بەرنامەیە بوو كە لەگەڵ پارتی كاردا كردی، ئەو پارتەی ئامادە نەبوو بێتە ناو هاوپەیمانیی كۆشش و ئازادی، بەڵام هەدەپە هەر لەگەڵ لیستی خۆیدا بەشداری هەڵبژاردنی پێ كرد، كە بووە هۆی ئەوەی هەدەپە 12 كورسی پەرلەمان لەدەست بدات.
تەنیا لە ئیستانبۆڵ، هەدەپە نزیكەی شەش كورسی لەدەست دا، پێشتر 12 كورسی هەبوو، بەڵام بەهۆی پارتی كارەوە هەشت كورسی بەدەست هێنا و دەنگی هەدەپە بۆ پارتی كار و پارتی خاس و ئاكەپە چووە.
پێشتریش لە وتارەكانمدا باسم كردووە، هەدەپە ستراتیژییەتی بۆ هەڵبژاردن نەبووە، تەنیا مەبەستی بوو كە ئەردۆغان لەسەر كورسی سەرۆكایەتیی بهێنێتە خوارەوە، ئۆپۆزسیۆنیش هەستی بەو دەمار گرژییەی هەدەپە كرد بەرامبەر بە ئەردۆغان، بۆیە 10 رۆژ بەر لە هەڵبژاردن داوایان لێكرد دەنگ بە كلیچدارئۆغڵو بدات بەبێ هیچ مەرجێك، ئەمە وای كرد، ئەو دەنگدەرانەی بڕوایان بە چارەسەركردنی پرسی كورد هەیە لەناو پەرلەمان، پشت لە هەدەپە بكەن و دەنگ بە ئاكەپە بدەن و بەشێكیشی دەنگیان بە جەهەپەدا، چونكە بۆ یەكەمجارە جەهەپە لە باكووری كوردستان كورسی پەرلەمانی ببات، بۆ نموونە لە ئامەد كورسییەكی بردەوە و لە روحاش بەهەمان شێوە.
بۆ گەڕی دووەمی هەڵبژاردن، هەدەپە بەدەستێكی بەتاڵەوە دەنگ بە كلیچدارئۆغڵو دەدات، تازە ناتوانێت بڵێت دەنگی پێ نادەین، تەنانەت جەماوەری هەدەپەش ئەمە قبوڵ ناكات، بەڵام دەكرێت و گونجاویشە، لە ماوەی ئەم دوو هەفتەیەدا، داوا لە كلیچدارئۆغڵو بكات، رێككەوتنی كۆنكرێتی لەگەڵدا بكات، رەنگە ئەگەر كلیچدارئۆغڵو بەمە رازی بێت، ئەو دەنگەی ئێستا لە باكوور هێناویەتی، رەنگە 2%ی زیاد بكات.
ئەگەر سەیری كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەی هاوسەرۆكانی هەدەپە بكەین، پێیانەوە دیارە پەلەیان كردووە لە پاڵپشتیكردنی كلیچدارئۆغڵو، هەروەها ئەو دەنگەی لەدەستیان داوە، كاریگەریی زۆری لەسەر دروست كردوون، چونكە ئەگەر بەر لە هەڵبژاردن هەدەپە شێرێكی گەنجی بەهیز بێت، ئێستا هەر شێرە، بەڵام پیر بووە و حیسابی بۆ ناكرێت.
ئەگەر بەراوردێكی دەنگەكانی هەدەپە و ئاكەپە بكەین لە شارەكانی باكووری كوردستان، ئاكەپە زۆرینەیە لەڕووی كورسییەوە، چونكە ئاكەپە 61 كورسی بەدەست هێناوە و هەدەپەش نزكەی 45 كورسی، ئەمەش پێمان دەڵێت، هەدەپە، سەركەوتوو نەبووە لەوەی لە شارەكانی باكوور دەنگەكانی زیاد بكات و موحافیزكارەكان لە خۆی نزیك بكاتەوە، كە پێی دەكرا و ئاسان بوو، بەڵام كاتێك لەگەڵ پارتی كار و چەند پارتێكی تری چەپ رێكدەكەوێت، موحافیزكارەكانیش لێی دوور دەكەونەوە.
ئەنجام هەرچی بێت، تازە توركیا دابەش بووە و رق و كینە و دووبەرەكی زیاتر دەبێت، چونكە ئەنجامەكان زۆر لەیەكترییەوە نزیكە، ئەمە وا دەكات، گەلی توركیا یەكترییان پێ هەزم نەكرێت، بەتایبەت كاتێك زمانی سیاسییەكان بە رادەیەك توندە، كاریگەریی راستەوخۆی لەسەر لایەنگرانیان هەیە و شەقامیان بە تەواوی بەسەر دوو بەرەدا دەبەش كردووە، بەرەی موحافیزكارەكان و نەژادپەرستەكان لەلایەك، هەروەها بەرەی سیكۆلارەكان و ئەتاتوركچییەكان لەلایەكی تر.