کەمال کەرکووکی، بەرپرسی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی کەرکووک -گەرمیانی پارتی، دەڵێت: کەرکووک و پارتی لەیەک دانەبڕاون و داشنابڕێن، بەپێی ئەو ڕێککەوتنەی کە کراوە بارەگاکانی خۆمان وەردەگرینەوە و بەسەربەرزی دەگەڕێینەوە شارەکە. دەشڵێ: ھەڵبژاردن بکرێت، یان نەکرێت، پارێزگاری سەپێنراوی کەرکووک لە پۆستەکەی نامێنێت، چونکە خراپتر لە ڕژێمی بەعس بەسەر خەڵکی شارەکەی ھێناوە.
پارێزگاری سەپێنراوی کەرکووک عەرەبێکی شۆفێنییە، تا سەر ئێسقان دژایەتیی کورد دەکات، ئەوەش بەرھەمی خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەرە، بەھیچ شێوەیەک واز لە تەعریب ناھێنێت، بەردەوامە لە تەعریبکردنی کەرکووک، بە عەقڵییەتێکی تاکڕەوانەی دیکتاتۆریانە کار دەکات، بەگوتەی بەرپرسان و پەرلەمانتاران، ئەمەش خزمەت بە بەرژەوەندیی کەرکووک و کەرکووکییەکان ناکات.
لەدوای ١٦ی ئۆکتۆبەرەوە بارودۆخی کەرکووک خراپ بووە و کێشە و گرفتەکان زیادیان کردووە و دیاردەی چەکداری و سەربازیی تێدا پەیدا بووە، ئەمەش ئارامی و خۆشگوزەرانیی لە کەرکووک ناھێڵێت. لایەنە کوردستانییەکان لەگەڵ ئەوەدان بارودۆخەکەی بگەڕێتەوە بۆ پێش ١٦ی ئۆکتۆبەر، چونکە ئێستە ژیان تێیدا زەحمەت و قورس بووە، خەڵکی شارەکە داوا دەکەن پێشمەرگە بگەڕێتەوە ناوچەکە، چونکە وەکو خۆیان دەڵێن، تاکو پێشمەرگە لە ناوچەکە بوو ئارامی ھەبوو و ھیچ کێشە و گرفتێک نەبوو، بەڵام ئێستە کە پێشمەرگە لەوێ نەماوە شارەکە ھەمووی بووەتە کێشە و گرفت.
لە ڕۆژی ١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧، دوای ئەوەی حەشدی شەعبی و ھێزە عێراقییەکان کەرکووک و دەوروبەریان کۆنترۆڵکرد، پارتی لە کەرکووک نەماوە و بارەگاکانی داگیر کراون. بەرپرسانی پارتی لە کەرکووک، دەڵێن: دەبێت سوپا و حەشدی تورکمانی بارەگاکانمان لە کەرکووک چۆڵ بکەن، مەرجی گەڕانەوەمان بۆ کەرکووک نەمانی سوپا و حەشدە لەناو شاردا، ئاماژە بۆ ئەوەش دەکەن، پارتی دەگەڕێتەوە بۆ کەرکووک، بەڵام دەبێت بەشێوەیەک بگەڕێتەوە لە ئاست داواکاریی خەڵکی کەرکووک بێت، نەک بەبێ دەسەڵاتی بگەڕێتەوە، لە کاتێکدا بارودۆخی کەرکووک پێش ١٦ی ئۆکتۆبەر زۆر باش بوو، پارێزگار کورد بوو، بەڕێوەبەری زۆربەی فەرمانگەکان کورد بوون، بەڵام ئێستە بارودۆخەکە بەشێوەیەکی دیکەیە، زۆربەی بەڕێوەبەرە کوردەکان دەرکراون، پارێزگاری سەپێنراوی شارەکە دژی کورد بڕیار دەدات، کورد دەربەدەر دەکات و لێ ناگەڕێ کاری خۆیان بکەن و کار بۆ چینێک دەکات و ئەوانی دیکەی بە تەواوەتی پشتگوێ خستووە.
بەگوتەی بەرپرسانی کورد، ئاسایی بوونەوەی بارودۆخی ئەو ناوچانە شتێکی گرنگە و دەبێت بارودۆخی خەڵک بگەڕێتەوە پێش ١٦ی ئۆکتۆبەر، ئەو ھێزانەی کە لەناو شارەکانن، دەبێت بچنە دەرەوە. ئاسایی بوونەوەی بارودۆخی ناوچە دابڕاوەکان زۆر لە کێشەکان چارە دەکات، چونکە تا ئێستە تەعریب لە کەرکووک و ناوچە دابڕاوەکان بەردەوامە، ئەوەش بۆتە کێشەیەکی گەورە بۆ خەڵکی کەرکووک و ناوچە دابڕاوەکان، بۆیە دەبێت بارودۆخی ئەو ناوچانە ئاسایی بکرێتەوە.
عەرەب و تورکمانەکان نایانەوێت ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە کەرکووک بکرێت، لە کاتێکدا لایەنی کوردی داوای ھەڵبژاردن دەکات، بەتایبەتی لە کەرکووک، کە ماوەی زیاتر لە ١٨ ساڵە ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لەو شارە نەکراوە، ئەوەش بەشێک لەو کێشانەی دروستکردووە کە ئێستە لە پارێزگاکەدا ھەن. محەممەد کەمال، بەرپرسی لقی ٣ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کەرکووک، دەڵێت: عەرەب و تورکمانەکان دەزانن ئەگەر ھەڵبژاردن بکرێت ھەم ژمارەی کورسییەکانیان کەم دەبێتەوە، ھەمیش ئەو پۆستانەی بە زۆر وەریان گرتووە لە دەست دەدەن؛ بۆیە ھەموو ڕێگەیەک دەگرنەبەر بۆ ئەوەی ھەڵبژاردن نەکرێت، داوا دەکەن پۆستەکان لە نێوان ھەر سێ پێکھاتەی کورد، عەرەب و تورکمان دابەشبکرێن و ھەریەکەیان ٣٢% ی پۆستەکانیان پێ بدرێت، ئەوە داواکاری ئەوانە، ئێمەش وەکو کورد ئەو داوایە ڕەت دەکەینەوە، چونکە ڕێژەی تورکمان لە کەرکووک ناگاتە ١٥%ـە، چۆن ٣٢%ـی پۆستەکانیان بەردەکەوێت؟ تورکمانەکان دڵنیان ناتوانن ئەوەندە کورسی ببەن کە پارێزگار ببێتە بەشی ئەوان، عەرەبیش بە وەکالەت پۆستی پارێزگاری بە دەستەوەیە، دەیانەوێت ئەو دۆخە وەکو خۆی بمێنێتەوە و دەستیان بڕوات، بۆیە بەردەوام کێشە دروست دەکەن و نایەوێت ھەڵبژاردن لە کەرکووک بکرێت.
بەپێی ئەو ڕێککەوتنەی لە نێوان ھەولێر و بەغدا کراوە، دەبێ پێشمەرگە و ھێزە ئەمنییەکان بگەڕێنەوە شارەکە، بۆ ئەوەی ئەو بۆشاییە ئەمنییەی لە شارەکە ھەیە نەمێنێت. لەسەر ئەم پرسە کەمال کەرکووکی، بەرپرسی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی کەرکووک -گەرمیانی پارتی، ڕایگەیاند: ھەر شتێک پەیوەندی بە پرسی کورد و کەرکووکەوە ھەبێت پارتی لەوێ ئامادەیە، ڕێککەوتن لەگەڵ حکوومەتی عێراق ھەیە کورد، شیعە و سوننە ڕێککەوتوونە و لەبەرنامەی کاری سەرۆکوەزیرانی عێراقیش جێگیر کراوە، پەرلەمانی عێراقیش دەنگی لەسەر ئەو ڕێککەوتنە داوە، تەنھا ماوە بکەوێتە بواری جێبەجێ کردنەوە.
کەرکووکی، دەشڵێ: بارەگاکانی خۆمان وەردەگرینەوە، کەرکووک و پارتی لەیەک دانەبڕاون و داشنابڕێن، ئۆمێدەوارین بە خۆشی و ئاشتی و بەجێبەجێ کردنی دەستوور ئەو ڕێککەوتنەی کە کراوە بکەوێتە بواری جێبەجێ کردنەوە.
سەبارەت بە بەشداری کردنی کورد لە ھەڵبژاردنی ئەنجوومەی پارێزگای کەرکووک، کەمال کەرکووکی، بەرپرسی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی کەرکووک -گەرمیانی پارتی، گوتی: وەکو پارتی خۆمان بە تەواوەتی بۆ ئەو ھەڵبژاردنە ئامادە کردووە، ئەوەش بۆ ئەوەیە ڕێژەی کورد، ڕێژەیەکی بەرز بێت لەو پارێزگایە.
کەمال کەرکووکی، بەرپرسی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی کەرکووک -گەرمیانی پارتی، زیاتر دەڵێ: ھەڵبژاردن بکرێت یان نەکرێت، ئەو پارێزگارەی ئێستە ھەیە نامێنێت، چونکە تەعریبی سەردەمی حکوومەتی بەعس بگرە خراپتریش لەو شارە بەردەوامە، دەبێت ئەوە نەمێنێت، خەڵکی ڕەسەنی شارەکە بگەڕێنەوە، تیمی کورد لە بەغدا کار دەکات، بۆ ئەوەی کەسێکی دیکەی نیشتمانپەروەر ببێتە پارێزگاری کەرکووک.