کونسوڵخانە گشتییەکان و نوێنەرایەتییە دیبلۆماسییەکانی یەکێتی ئەوروپا و 12 وڵاتی جیهان لە هەرێمی کوردستان داوا لە پەرلەمانی کوردستان و حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەن، هەموو هەنگاوێکی پێویست بنێن بۆ ئەوەی هەڵبژادن بەبێ دواخستن ئەنجام بدرێت.
ئەمڕۆ سێشەممە (16ـی ئایاری 2023)، کونسوڵخانە گشتییەکان و نوێنەرایەتییە دیبلۆماسییەکانی بەریتانیا، ئەمەریکا، ئەڵمانیا، هۆڵەندا، کەنەدا، یەكێتی ئەوروپا، فەرەنسا، چیک، یۆنان، ئیتاڵیا، بولگاریا، پۆڵەندا و رۆمانیا لە راگەیەندراوێکی هاوبەشدا، دەستخۆشی لە حکومەتی هەرێمی کوردستان و پەرلەمانی کوردستان و خەڵکی هەرێم دەکەن، “بۆ پابەندبوونی بەردەوامیان بە بنەما و بەها دیموکراسییەکان و پێشوازیکردن لە رۆحی نوێبوونەوەی هاوکاری نێوان لایەنەکان”.
لەو راگەیەندراوە هاوبەشەدا، داوا لە پەرلەمانی کوردستان و حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەن هەموو هەنگاوێکی پێویست بگرێتەبەر لەپێناو ئەنجامدانی هەڵبژاردن بەبێ دواخستن.
کونسوڵخانە گشتییەکان و نوێنەرایەتییە دیبلۆماسییەکانی یەکێتی ئەوروپا و 12 وڵاتی جیهان لە هەرێمی کوردستان جەخت لەسەر گرنگی هەڵبژاردنێکی ئازاد و دادپەرەرانە دەکەنەوە و داوا لە هەموو لایەنە پەیوندیدارەکان و لایەنە سیاسییەکان و سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکانی دیکەی هەریمی کوردستان دەکای بەشێوەیەکی هاوبەش کاربکەن بۆ تێپەڕاندنی ئەو ئاستەنگانەی ماون لەبەردەم پرۆسەی هەڵبژاردن.
هەروەها لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، زامنی ئەنجامدانی هەڵبژاردنێک بکرێت کە پابەندبێت بە پێوەرە نێودەوڵەتییەکان و مافەکانی هەموو هاووڵاتییان بپارێزێت، لەوانەش ئافرەتان و پێکهاتەکان بۆ بەشداریکردن لە پرۆسەی دیموکراسیدا.
ئەم راگەیەندراوەی کونسوڵخانە گشتییەکان و نوێنەرایەتییە دیبلۆماسییەکانی یەکێتی ئەوروپا و 12 وڵاتی جیهان لە هەرێمی کوردستان، دوای کۆبوونەوەی ئەمڕۆ (16ـی ئایاری 2023)ـی هەردوو مەکتەبی سیاسی پارتی و یەکێتی دێت لە سلێمانی کە تێیدا جەختیان لەسەر پەلەکردن لە هەنگاوە یاسایی و سیاسییەکان کردەوە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پارلەمانی کوردستان لەوادەی خۆی لەمساڵدا.
هەروەها رێواز فایەق، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان رۆژی (16ـی ئایاری 2023)، “رێكاره یاساییهكانی كاراكردنهوهى كۆمسیۆن تهواوكراون، چاوهڕوانین له دهرفهتێكی نزیكدا لایهنهكان لهسهر ههمواركردنهوهى یاسای ههڵبژاردنهكانیش بگهنه رێككهوتن”.
رۆژی (26ـی ئاداری 2023)، دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: “سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەپێی یاسای ژمارە 1ی ساڵی 2005ی هەموارکراو کە یاسای سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستانە بە فەرمانێک رۆژی (18ـی تشرینی دووەمی 2023) بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاریکردووە”.
ئەمەش لە کاتێکدایە، رۆژی پێنجشەممە (11ـی ئایاری 2023)، سەرۆک بارزانی لەمیانی گوتارێکدا لە رێورەسمی کردنەوەی یادگەی نیشتمانیی بارزانی پەیامێکی ئاراستەی لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان کرد و داوای لێکردن لاپەڕەیەکی نوێ هەڵبدەنەوە و گوتی، بە دژایەتیکردنی یەکتری کەس هیچی دەستناکەوێت.
سەرۆک بارزانی لە پەیامەکەیدا، داوای لە هەردوو مەکتەبی سیاسیی پارتی و یەکێتی کرد کۆببنەو بۆ کۆتایی هێنان بە کێشەکان و ئامادەکاری بکەن بۆ کۆبوونەوەی فراوانی لایەنەکان پێش 18ـی مانگ لەپێناو گەیشتن بە رێککەوتن و لێکتێگەیشتنی هاوبەش.
دوای پەیامەکەی سەرۆک بارزانیش، هەریەکە لە سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی و مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان و زۆربەی سەرکردە و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان پشتیوانی و ئامادەیی خۆیان بۆ جێبەجێکردنی ناوەڕۆکی پەیامەکەی سەرۆک بارزانی دەربڕی.
بۆ کاراکردنەوەی کۆمیسیۆنیش، پەرلەمانی کوردستان، رۆژی 5ـی نیسانی 2023 تا رۆژی 12ـی نیسانی 2023، دەرگای خۆکاندیکردن بۆ ئەنجوومەنی کۆمیسیاران کردەوە و رۆژی (10ـی نیسانی 2023)، هاوار محەممەد، گوتەبێژی بەشی هەڵبژاردنەکانی پارتی بە کوردستان24ـی راگەیاند، دوو پۆست لە ئەنجوومەنی کۆمیسیارانی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و راپرسیی هەرێمی کوردستان بە بەتاڵی ماونەتەوە و پارتی لە پشکی خۆی بەهجەت ئاڤدەل لە جێگەی جوتیار عادل بۆ ئەنجوومەنەکە کاندید کردووە.
پێشتر رێواز فایەق، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان رایگەیاندووە، بەپێی رێککەوتنی لایەنەکان رۆژی دەنگدان بۆ کاراکردنەوەی کۆمیسیۆن و هەمواری یاسای هەڵبژاردن لە یەک کات دەبێت.
هەروەها رۆژی (30ـی نیسانی 2023)، فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە یاداشتێکدا بۆ سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان داوایکرد، لە چەند رۆژی ئایندەدا متمانەدان بە ئەنجومەنی کۆمسیارانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان و راپرسی هەرێمی کوردستان بخرێتە بەرنامەی دانیشتنی پەرلەمان و بەر لە (18ـی ئایاری 2023) کە دەکاتە شەش مانگ بەر لە وادەی دیاریکراوی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، کۆمیسیۆنێکی کارا هەبێت و هیچ بیانوو بۆ دواخستنی هەڵبژاردن نەمێنێت.