لە شاری سلێمانی شانۆی (دوورخستنەوە) دەستی بە نمایشكردن كردووە و بڕیارە تا ماوەیەكی دیكەش لە نمایشكردن بەردەوام بێت، تەوەری سەرەكی شانۆییەكەش باسی دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆنە لە وڵاتان.\
شەوی پێنجشەممەی رابردوو لە هۆڵێكی كراوەی كارگەی جگەرەی شاری سلێمانی، شانۆی (دوورخستنەوە) دەستی یە نمایش كرد؛ شانۆگەرییەكە لە نواندنی چەند ئەكتەرێكی گەنجی شاری سلێمانییە و لەلایەن هونەرمەندێكی گەنجی تەمەن ٢١ ساڵانیش بە ناوی (فریاد حەسەن) كاری دەرهێنانی بۆ كراوە.
ئەم شانۆییە باسی دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن دەكات، لەو نێوەندەشدا سەركردەیەكی دەسەڵات ئامادە نییە دەسەڵات جێ بهێڵێت، تا دواتر بە فشاری چەند كەسێكی ئۆپۆزسیۆن لە وڵاتەكەی دووردەخرێتەوە و روودەكاتە ئەو وڵاتەی كە پێشتر شەڕی لەگەڵدا كردوون و لەگەڵ سەرۆكی ئەو وڵاتە پلان بۆ داگیركردن و وێرانكردنی شارەكەی خۆی دادەنێت، بەڵام لەگەڵ گەیشتنیان بۆ وڵاتەكەیان، لەلایەن ئۆپۆزسیۆن و كەسوكاری خۆیەوە داوای لێبوردنی لێ دەكەن و پێی دەڵێن بگەڕێتەوە بۆ وڵاتەكەی، بەڵام دواجار دەردەكەوێت هاوڕێكانی خیانەتی لێ دەكەن و پاشان لەلایەن ژنەكەی خۆیەوە دەكوژرێت.
فریاد حەسەن، دەرهێنەری شانۆیەكە لەم دیدارەی (هەولێر)ـدا باسی وردەكاری شانۆگەرییەكە دەكات.
هەولێر: تەمەنت ٢١ ساڵانە، بەڵام چۆن لەو تەمەنە كەمەدا توانیوتە دەرهێنان بۆ ئەو شانۆیە بكەیت؟
فریاد حەسەن: ئەوەش دەكەوێتە بۆ هەوڵدانی زۆری خۆم، چونكە لە منداڵییەوە هەوڵم داوە باكگراوندێكی مەعریفی بۆ خۆم پەیدا بكەم و پاشان لەناو هونەردا چۆن خەیاڵی خۆم بەهێز دەكەم، خۆیشم دەرچووی پەیمانگەی هونەرە جوانەكانم.
هەولێر: لەم شانۆگەرییەدا تێكستی ٩ نووسەری جیهانیت بەكار هێناوە، بۆچی ئەوەندە تێكستی زۆر بەكارهاتووە، هەروەها باسی دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆنت كردووە، بۆچی ئەم بابەتە سیاسیەت هەڵبژاردووە؟
فریاد حەسەن: راستە ئەم ئیشە تەنها یەك نووسەری نییە و تائێستاش ئەو كارە نەكراوە كە ٩ نووسەر لەم شانۆییەدا تێكستیان بەكار هاتبێت، لایەنە سیاسییەكە تێكستی شكسپیرە كە هیچ لایەنێكی سایكۆلۆژی تێدا نییە، بەڵام ئێمە دەستكارییەکی زۆرمان كردووە.
هەولێر: ئەی تێكستەكانی دیكە؟
فریاد حەسەن: دیارە لە بەشەكانی دیكەیش باسی ئەشق و ژن و هاوڕێیەتی و متمانە دەكات.
هەولێر: یەكەم رۆژ هەموو كورسییەكان گیرابوو، بینەری یەكەم رۆژت بە لاوە چۆن بوو؟
فریاد حەسەن: زۆر باش بوو، چونكە ئێمە بینەرمان هەرچەندێك بێت بە هەمان ئیحساسی خۆمان كار دەكەین.
هەولێر: بۆچی كارگە كولتوورییەکەی ناو كارگەی جگەرەت هەڵبژارد بۆ نمایشەكە؟
فریاد حەسەن: ئەوەیان كاركردنە لە پانتایی جیاواز، دەمەوێت لە نمایشی هۆڵ بێمە دەرەوە بۆ ئەوەی بینەر تەنها لە یەك لاوە سەیری شانۆ نەكات، بەڵكو لە هەردوو لایشەوە بینەر هەبێت.
هەولێر: ئەی بۆچی شەوت بۆ نمایش هەڵبژاردووە؟
فریاد حەسەن: لەبەرئەوەی پێویستم بە تاریكی بوو، یەكێك لە بڕگەكانیش ئازار زۆرە و گفتوگۆیەكیش دەڵێت، شەو تاریكە پڕە لە ئازار.