دلۆڤان رەحیم – ههولێر
عێراق و تورکیا گەیشتوونەتە قۆناغی کۆتایی لەبارەی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی کوردستان، عێراق بۆ دوایین هەنگاوەکانی ئەو بڕیارە چاوەڕێی ئەنقەرەیە چاوەڕێش دەکرێت لەم هەفتەیە هەناردەکردن دەست پێبکات.
هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان نزیکەی ٥٠ ڕۆژە وەستاوە، گفتوگۆکان لە نێوان عێراق و تورکیا، وەکو وەزارەتی نەوتی عێراق دەلێت لە قۆناغی کۆتاییدایە، ئێستا ئەوەی ماوەتەوە هەندێک ڕێکاری تەکنیکین و عێراق چاوەڕێی وەڵامی تورکیایە بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت، وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان پێشتر ڕایگەیاندبوو کە هەموو شتێک لەگەڵ بەغدا براوەتەوە و ڕێککەوتنی لەسەر کراوە بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت و چاوەڕێی بڕیاری بەغدا و ئەنقەرەن لەوبارەوە .
دوێنێ، ١٤ـی ئایار، هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی و پەرلەمان لە تورکیا بەڕێوەچوو، چاوەڕێ دەکرێت ڕاستەوخۆ دوای دەرکەوتنی ئەنجامەکان لەو هەڵبژاردنە بڕیارێک لە تورکیاوە بێت بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی کوردستان، ڕۆژی شەممەش کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق سۆمۆ ڕایگەیاندبوو بە فەرمی داوامان لە تورکیا کردووە بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت و دەڵێ بە نەوتی کەرکووک و هەرێمی کوردستانەوە هەناردەی پێنج سەد هەزار بەرمیل بۆ تورکیا وەستاوە، چاوەڕێی وەڵامی تورکیاین بۆ دەست پێکردنەوەی هەناردەی نەوتەکە
بەپێی ئەو ڕێککەوتنەی کە نزیکەی 6 هەفتە پێش ئێستا لە نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق کرا، نەوتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی سۆمۆوە هەناردە دەکرێت و بەغداش شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان دەنێرێت، چاوەڕێش دەکرێت لەو مانگەوە لە دوای پەسندکردنی بودجە شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لە بودجەدا بنێردرێت .
حەیان عەبدولغەنی وەزیری نەوتی عێراق لە سەرەتای ئەو مانگە رایگەیاند: ئەوپەڕی نزیکەی دوو هەفتەی دیکە دەخایەنێت و نەوتی هەرێمی کوردستان هەناردە دەکرێت، پشکنینی بۆری نەوت کراوە لە تورکیا لە پاش بوومەلەرزەکە و هەموو شتێک نزیکە لەوەی کۆتایی بێت و دەستپێکردنەوەی نەوتەکە رابگەیێنرێت
نەوتی هەرێمی کوردستان ٪٨٠ زیاتری داهات و مووچەی هەرێمی کوردستان پێک دێنێت کۆمپانیاکان داوا دەکەن ئەو گفتوگۆیانەی لەوبارەوە هەن بۆ دەستپێکردنەوەی نەوت بە زوویی بگاتە ئەنجام .
ئێستا گفتوگۆی تورکیا و عێراق جگە لەوەی لەسەر هەناردەی نەوتی کوردستانە، گفتوگۆکانی هەردوولا لەسەر چۆنیەتی درێژکردنەوەی ئەو ڕێککەوتنەشە کە لەنێوان هەردوولا لە بواری نەوتدا هەیە و ساڵی 2025 کۆتایی دێت .
ئەوە لەکاتێکدا هەم کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هەم دامەزراوەکانی جیهان پێشوازی لەو ڕێککەوتنە دەکەن لە نێوان هەردوولا هەیە و چاوەڕێن دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتەکە ببێتە سەرەتای قۆناغێكی نوێی پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا