سلێمان تاشان – ههولێر
وەرزی دروێنە لە زۆربەی پارێزگاکانی باشووری عێراق و گەرمیان دەستی پێ کردووە و لە داهاتوویەکی نزیکدا لە ناوچە شاخاوییەکانی هەرێمی کوردستان دەست پێ دەکات. هاوشێوەی سالانی رابردوو باس لەوە دەکرێ دیاردەی ئاگرکەوتنەوە خەریکە بەرهەمەکە لەناو دەبات و ڕەنجی ساڵێکی جووتیاران بە فیڕۆ دەدات، ئەگەر ڕێکاری پێویست بەرانبەری نەگیرێتە بەر.
ئەمساڵ ڕێژەی باران و کاتی دابارینەکان بەراورد بە ساڵی ڕابردوو لە تەواوی عێراق زۆر باش بوو و چاوەڕوان دەکرێ بەرهەمهی دانەوێڵەی ئەمساڵی عێراق و هەرێمی کوردستان بۆ دوو هێندە بەرز ببێتەوە، بەڵام ئەوەی مایەی نیگەرانییە دەستپێکردنی ئاگرکەوتنەوەکانە کە هاوکاتە لەگەڵ دەستپێکردنی وەرزی دروێنە.
تا ئەم ساتە، ئاگرکەوتنەوەی بەرهەمی جووتیاران لە هەر یەک لە پارێزگاکانی سەلاحەدین، دیوانیە، میسان، نەجەف و موسەننا ڕووی داوە و پێشبینی دەکرێ حاڵەتەکان زیاتریش ببن.
فەرمانگەی بەرگری شارستانیی وەزارەتی ناوخۆی عێراق بۆ پارێزگاریکردن لە بەرهەمی جووتیاران دەستی بە هەڵمەتێکی بەرگریی کردووە. جەودەت عەبدولڕەحمان بەڕێوەبەری پەیوەندییە گشتییەکانی بەرگریی شارستانیی وەزارەتی ناوخۆی عێراق دەڵێ|: لەو کەمپێنەی ڕایانگەیاندووە، کۆمەڵێک ڕێنماییان داوەتە جووتیاران و لە نزیکیشەوە لە مەترسییەکان و چۆنیەتی پاراستنی بەرهەمەکان ئاگاداریان دەکەنەوە.
ئەو هەروەها باسی لەوە کردووە کە تیمی بەرگریی شارستانی لە نزیک زەوییە کشتوکاڵییەکان جێگیر دەکەن بۆ ئەوەی لە هەر ئەگەرێک خێرا فریا بکەون و ئاگرەکە کۆنترۆڵ بکەن.
گەنم بەرهەمێکی ستراتیجییە و لە دوای دەستپێکردنی جەنگی ئۆکراینا هەموو جیهان تووشی قەیرانی دانەوێڵە و خۆراک بووە و بۆیەش ئەو پێویستییە هاتووەتە کایەوە وڵاتان بە هەموو تواناکانیانەوە بەرگری لەو بەرهەمە ستراتیجییە بکەن.
محەمەد خەزاعی، گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق ڕایگەیاند کە وەزارەتەکەیان پێشبینی کردووە ئەمساڵ عێراق و هەرێمی کوردستان لە بەرهەمهێنانی گەنم و دانەوێڵە بە خۆبژێویی بگات و بۆیەش بۆ پاراستنی بەرهەمەکە ئەوانیش لای خۆیان دەستیان بە کۆمەڵێک هەنگاو کردووە تا بێ کێشە گەنمەکە هەڵگیرێتەوە و کۆمپانیا بازرگانییەکانی دانەوێڵە لە جووتیارانی بکڕنەوە.
دواین ئامارەکان دەری دەخەن کە بەرهەمی گەنمی ئەمساڵی عێراق و هەرێمی کوردستان بگاتە سەرووی ٤٥٠٠٠٠٠ تۆن ئەمەش دوو هێندەی ئەو گەنمەیە کە ساڵی رابردوو لە عێراق و هەرێمی کوردستان بەرهەم هات.
وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق بەبێ لەبەرچاوگرتنی کەمیی سەرچاوەکانی ئاو، بڕیاری دابوو ڕووبەرێکی زیاتری زەوی بکرێتە گەنم بۆ ئەوەی وڵات تووشی کەمیی خۆراک نەبێتەوە، هەرچەندە ئەمە رەخنەیەکی زۆری لێ گیرا بەڵام دابارینەکان لە کاتی گونجاودا هۆکار بوون لەوەی پلانەکە سەرکەوێت.
لە بودجەی ئەمساڵی عێراق بودجە بۆ کڕینی گەنمی جووتیاران دیاری کراوە کە بەشێکە لە بودجەی سیادی و جووتیارانی هەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە. دۆخەکە ئەوە دەخوازێت لە هەرێمی کوردستانیش بە هەموو تواناوە رێ لە ئاگرکەوتنەوەکان بگیرێ بۆ ئەوەی جووتیاران بتوانن زۆرترین بەرهەمی گەنم هەڵگرنەوە.
هەندێک سەرچاوەی عێراقی باس لەوە دەکەن دەستێک هەوڵ دەدات بەرهەمی دانەوێڵەی عێراق لەناو ببات تەنیا لەپێناو ئەوەی ئەو وڵاتە بۆ دابینکردنی گەنم حەوجێی دەرەوە بێت.
پێویستە ئاماژە بەو راستییە بکرێ جگە لە هۆکاری بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما هۆی تر هەن کە دەبنە هۆی ئاگرتێبەردانی گەنمی جووتیاران. لە ساڵانی ڕابردوودا گەنمی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم زیاتر ئامانجی ئاگرکەوتنەوەکان بووە.
کێشەی مێژوویی جووتیاران و دۆسیەی زەوی و پرسی تەعریب و عەرەبی هاوردە بە تایبەتی دوای رووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ هۆیەک بووە لەوەی بەشێک لە خەڵکی نابەرپرسیار بۆ دەرکردنی جووتیارانی کورد هەوڵی ئەوە بدەن زیان بە بەرهەمەکانیان بگەیەنن. لە لایەکی ترەوە بوونی پاشماوەی چەکدارانی داعش لەو سنوورە و وەرگرتنی سەرانە و باج لە جووتیاران هۆکارێکی تری ئاگرتێبەردانی بەرهەمەکان بووە.
دۆخەکە ئەوە دەخوازێ حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە هەماهەنگی حکوومەتی عێراق بەر لەوەی جووتیارانی سنووری مادەی ١٤٠ تووشی هیچ زیانێک ببنەوە بەیەکەوە هەماهەنگی بکەن و بەرگری لەو بەرهەمە ستراتیجییە بکەن.