پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

له‌ كۆتایی ئه‌م مانگه‌دا…شاندێک له‌ پارێزگار و سەرپەرشتیارانی ئیداره‌ سه‌ربه‌خۆكانی هەرێمی کوردستان، سه‌ردانی كۆماری ئیسلامی ئێران ده‌کەن

ئه‌مرۆ یه‌كشه‌ممه‌ 2023.5.14، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هه‌ولێر، لە دیوانى پارێزگا، پێشوازیی له‌ شاندێكی كونسلگه‌ری گشتیى كۆماری ئیسلامی ئێران لە هەولێر كرد.

لە دیدارەکەدا، کە بەڕێوەبەری گشتیی پەیوەندییەکانی حکومەتی هەرێم لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران ئامادەى بوو، پارێزگاری هەولێر وێڕاى بەگەرمى بەخێرهێنانى شاندى میوان، تەئکیدى لە پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان پارێزگاى هەولێر و كونسلگه‌ری گشتیى كۆماری ئیسلامی ئێران لە هەولێر و بەهێزکردنی جموجۆڵی بازرگانی و ئابووری نێوان کۆماری ئیسلامی ئێران و هەرێمی کوردستان لە خاڵی سنووری حاجی ئۆمەران – تەمەرچین کردەوە.

لە تەوەرێکى ترى دیدارەکەدا، گفتوگۆ لە بارەى ڕێککەوتنامە (16) خاڵیەکەی نێوان پارێزگارى پارێزگاى هەولێر و پارێزگارى پارێزگای ئازەربایجانى ڕۆژئاوا (ئورمیە)ى کۆمارى ئیسلامى ئێران کرا، کە بە مەبەستى بە هێزکردنى جوڵە و ڕه‌وشی بازرگانی لە دەروازەی سنووری نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران – تەمەرچین لە نێوان هەردوولادا واژووکرا، هەردوولاش خۆشحاڵى خۆیان نیشاندا کە دواى واژووکردنى ئەم ڕێککەوتنە جوڵەی بازرگانی لە هەردوو دەروازەی سنوورى بەرەوپێشچوونى زۆرى بەخۆیەوە بینیووە و زۆربەى خاڵەکانى ڕێککەوتنامەکەش جێبەجێکراوە.

پاشان شاندى میوان به‌ فه‌رمی بانگهێشتی پارێزگاری هه‌ولێریان كرد، کە لە کۆتایی ئەم مانگە لەگەڵ پارێزگار و سەرپەرشتیارانى ئیدارە سەربەخۆکانی هەرێمی کوردستان سەردانى كۆماری ئیسلامی ئێران بكات. له‌وبارەیەشەوە لەلایەن هەردولاوە بیر و ڕا له‌ سه‌ر ئه‌جیندای سه‌ردانه‌كه‌ و ئالیه‌تی كاره‌كان و شێوازی به‌رێوه‌چوونی كۆبوونه‌وه‌كان ئاڵوگۆڕ کرا.

جێگەى بەبیرهێنانەوەیە، لە 2022.2.22، دواى دووه‌مين كۆبوونه‌وه‌ى بەڕێزان ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر و محه‌ممه‌د سادق موعته‌مدیان، پارێزگارى ئازەربایجانى ڕۆژئاوا و بە ئامادەبوونى شاندى باڵاى هەردوولا، وێڕاى دوپاتکردنەوە لە سەر جێبەجێکردنى تەواوى خاڵەکانى لێکتێگەیشتنى هاوبەشی پێشوویى نێوانیان لە 2021/12/26 و لە پێناو پەرەپێدانى پەیوەندییەکان و بەرفراوانکردنى بەرژەوەندییە ئابوورییە هاوبەشەکان و بە هێزکردنى جوڵە و ڕه‌وشی بازرگانی لە دەروازەی سنووری نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران – تەمەرچین، لە هەولێرى پایتەختى هەرێمى کوردستان، ڕێککەوتنامەیەکى 16 خاڵى لە نێوان هەردوولادا واژووکرا.