چوارشەممە, تشرینی دووه‌م 27, 2024

شاخەوان عەبدوڵڵا: ئەم هەفتەیە دەنگ لەسەر پڕۆژەیاسای بودجە دەدرێت

جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق رایدەگەیەنێت، ئەم هەفتەیە دەنگ لەسەر پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵانی دارایی 2023، 2024 و 2025 دەدرێت.

ئەمڕۆ یەکشەممە 14ـی نیسانی 2023، شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ئاشکرایکرد، وا بڕیارە  بەم زووانە لیژنەی دارایی راپۆرتی کۆتایی خۆی لەبارەی پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵانی دارایی 2023، 2024 و 2025 تەواو بکات.

بەگوتەی شاخەوان عەبدوڵڵا، “ئەم هەفتەیە دەنگ لەسەر پڕۆژەیاسای بودجە دەدرێت” و پەرلەمانی عێراق دانیشتنێکی تایبەت بۆ ئەو مەبەستە ئەنجام دەدات، “چونکە پڕۆژەیاسایەکی گرنگە و هاووڵاتییان لە هەموو پارێزگاکانی عێراقەوە چاوەڕێی دەکەن”.

ئەمە لە کاتێکدایە ئیخلاس دلێمی، جێگری دووه‌می لیژنه‌ی دارایی لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، گفتوگۆكانی پرۆژه‌یاسای بودجه‌ به‌ میوانداریكردنی وه‌زاره‌ت و دامه‌زراوه‌كان قۆناغی باشی بڕیوه‌ و پشكی هه‌رێمی کوردستان و په‌ره‌پێدانی پارێزگاكانیش زیادكراوە.

لای خۆیەوە؛ رۆژی هەینی 5ـی ئایاری 2023، خەلیل غازی، ئەندامی لیژنەی دارایی له‌ پەرلەمانی عێراقتایبه‌ت به‌ سەرچاوەیەکی رایگه‌یاند، تا 20ـی ئه‌م مانگه‌ هه‌موو رێكاره‌كانی تایبه‌ت به‌ پرۆژه‌یاسای بودجه‌ ته‌واو ده‌بن و له‌ كاتێكی نزیكدا له‌ په‌رله‌مان تێده‌په‌ڕێندرێت.

ئه‌و ئه‌ندامه‌ی لیژنه‌ی دارایی جه‌ختیشیكرده‌وه‌، هه‌وڵ ده‌ده‌ن ئه‌و خاڵانه‌ش چاره‌سه‌ر بكه‌ن کە ئێستا بوونەتە جێی ناکۆکی لەنێوان لایەنەکان و لەبارەی پشكی هه‌رێمی کوردستانیشەوە روونیکردوە ئەوان هەست وه‌ك پێویست نییه و لە گفتوگۆکاندا هەوڵی چارەسەرکردنی دەدەن.

خەلیل غازی روونیکردەوە، هه‌ر ده‌ستكارییه‌ك له‌ بڕگه‌ و مادده‌كانی پرۆژه‌ یاساكه‌دا بكرێت، هیچ كاریگه‌رییه‌كی له‌سه‌ر مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران نابێت.

درەنگانی شەوی یەکشەممە 16ـی نیسانی 2023، بە ئامادەبوونی 198 پەرلەمانتار دانیشتنی ژمارە (20)ـی پەرلەمانی عێراق بە سەرۆکایەتی محەممەد حەلبووسی و ئامادەبوونی هەردوو جێگرەکەی لە  بۆ ئەنجامدانی خوێندنەوەی دووەم بۆ پرۆژەیاسای بودجە دەستیپێکرد بەڵام دوای خوێندنەوەی راپۆرتی لیژنەی دارایی، دانیشتنەکە هەڵگیرا بۆ رۆژی دووشەممە و دوای گفتوگۆی پەرلەمانتاران و پێشکەشکردنی سەرنج و تێبینییەکان کۆتایی هات بە خوێندنەوەی دووەمی پرۆژەیاساکە.

درەنگانی شەوی چوارشەممە (5ـی نیسان/ئێپڕڵی 2023)، بە ئامادەبوونی 235 پەرلەمانتار پەرلەمانی عێراق خوێندنەوەی یەکەمی بۆ پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵەکانی 2023 و 2024 و 2025 کرد.

رۆژی 13ـی ئاداری 2023، ئەنجوومەنی وه‌زیرانی عێراق ره‌شنووسی پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ی گشتی په‌سه‌ندكرد، کە زیاتر لە 198 ترلیۆن دینارە و ئاماژەبەوەشکراوە، وەک بەشێک لە رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا، حکومەتی هەرێمی کوردستان رۆژانە دەبێت 400 هەزار بەرمیل نەوت بفرۆشێت.

لەو بودجەیەی عێراق، پشکی هەرێمی کوردستان %12.67ـە، هەروەها کورتهێنان لە بودجە 63 ترلیۆن دینارە، تێکڕای داهاتی عێراق 134 ترلیۆن دینارە.