ئەندامێکی کۆمیتەی ناوەندنی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە میانەی بەشداریکردنی لە یەکەمین ڤیستیڤاڵی رۆشنبیری شێخان، رایگەیاند، تا ئێستا پرۆسەی تەعریبکردن لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی سنووری ئیدارەی هەرێمی کوردستان بەردەوامە.
ئەمڕۆ شەممە (13ــی ئایاری 2023)، چنار سەعد عەبدوڵڵا، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی و بەرپرسی بەشی دیراسات و پێگەیاندنی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، سەرەڕای هەبوونی تەعریبکردن لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی سنووری ئیدارەی هەرێمی کوردستان، هەروەها کێشەی مەزهەبە جیاوازەکانیش لەناوچەکە بوونی هەیە.
هەروەها گوتیشی: “مەزهەبی باڵادەست دەیەوێت مەزهەبەکانی دیکە لەناوخۆ قوتبدات، هەروەها کێشەکە لە رێکخستنی سیاسەتی حکومڕانییە، هەروەها دەستووری ئەم وڵاتە چارەسەری پرسی پێکەوەژیان ناکات، چونکە تا ئێستا دەستوورێکی مەدەنیمان نەبووە بۆ ئەوەی نەبێتە هەڕەشە لەسەر پێکهاتەکان”.