لە گەرمەی بانگەشەی هەڵبژاردندا، کاندیدەکانی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی و پەرلەمانی تورکیا، دوایین گردبوونەوەی جەماوەری خۆیان لە چوارچێوەی بانگەشەکانی هەڵبژاردندا ئەنجامدا.
کەمال کلیچدارئۆغڵو، کاندیدی ئۆپۆزسیۆن، پێداگری لەسەر تۆمەتبارکردنی رووسیا کرد بە دەستوەردان لە هەڵبژاردنەکاندا، لە رێگەی “ساختەکردن و دزەپێکردنەوە”، هەروەها رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا و سەرۆکی ئاکپارتی، رایگەیاند، پێویستە سەرۆکی ئۆپۆزسیۆن “هەست بە شەرم بکات”.
رۆژی هەینی دیمیتری پێسکۆڤ، گوتەبێژی کرێملین بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند: “ئێمە بە توندی ئەم تۆمەتانە رەتدەکەینەوە، بە فەرمی رایدەگەیەنین: هیچ دەستوەردانێک ناکەین، کەسانێک هەن کە زانیاری ناڕاست بۆ کلیچدارئۆغڵو دەگوازنەوە، ئێمە جەخت لەوە دەکەینەوە کە پەیوەندییەکانمان لەگەڵ تورکیا زۆر گرنگە”.
رۆژی پێنجشەممە 11/5/2023، کلیچدارئۆغڵو رووسیای تۆمەتبار کرد بەوەی لە چوارچێوەی بانگەشەی هەڵبژاردن لە تورکیا پەنا بۆ “ساختەکاریی” بردووە، ئەمەش چەند کاتژمێرێک دوای ئەوەی موحەرەم ئینجە، کاندیدی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا کشانەوەی خۆی لە کێبڕکێی هەڵبژاردنەکان راگەیاند، دوای ئەوەی تۆمەتبارکرا بە تۆمەتی ئابڕوبەرانەی سێکسی.
کلیچدارئۆغڵو لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر نووسیویەتی: “هاوڕێیانی ئازیزی رووسیا، ئێوە لە پشت ئەو مۆنتاژ و پلان و ساختەکاری و تۆمارانەن کە دوێنێ لەم وڵاتەدا ئاشکرا بوون، ئەگەر دۆستایەتیتان لە دوای 15ی ئایارەوە دەوێت، دەست لە وڵاتی تورکیا مەدەن، ئێمە هەمیشە پاڵپشتی هاوکاری و دۆستایەتی دەکەین”.
لە لایەکی دیکە کلیچدارئۆغڵو بە ئاژانسی رۆیتەرزی راگەیاند: “ئەگەر بەڵگەی تۆکمەم لەسەر دەستوەردانەکانی رووسیا لەبەردەستدا نەبووایە، ئەوا لە رێگەی تویتەرەوە بە ئاشکرا بۆ جیهانم رانەدەگەیاند، بەڵێنیشیدا پەیوەندییەکانی لەگەڵ رووسیادا بپارێزێت، ئەگەر دۆستایەتی بپارێزێت”.
لە کاتێکدا ئەردۆغان بەرگری لە رووسیا دەکرد، وەزیری ناوخۆی وڵاتەکەی، سولەیمان سۆیلۆ، ئەمەریکای بە دەستوەردان لە هەڵبژاردنەکان تۆمەتبار کرد و گوتی “هەموو کەسێک لە تورکیا ئەوە دەزانێت”.
ئەردۆغان لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا دەشڵێت: “سەرچاوەی هێرشەکەی سەر موحەڕەم ئینجە روونە. هەروەها روونە کە چۆن هەماهەنگی کراوە. لە چەند رۆژی رابردوودا بایدن کارمەندەکانی خۆی لە تورکیا چالاک کردووە، وەک ئەوەی بڵێت بە کودەتای 2016 دا نەمانتوانی ئەوە بکەین، ئەمجارە لە رێگەی هەڵبژاردنەوە ئەوە دەکەین نەک لە رێگەی کودەتا، ئەمەریکا دەیکات نایەوێت ئەردۆغان وەک سەرۆک کۆمار هەڵبژێردرێت و دەیەوێت کەمال کلیچدارئۆغڵو ببێتە سەرۆککۆماری تورکیا”.