سێشەممە, تشرینی دووه‌م 26, 2024

وەزیری کشتوکاڵ: ئاسانکاری تەواومان بۆ خاوەن پڕۆژەکان کردووە

دیداری “بووژاندنەوەی کەرتی ئاژەڵداری لە هەرێم” لە سلێمانی بەڕێوەچوو و وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش لە گوتارێکدا ئاماژەی بەوەکرد، کارئاسانی زۆریان بۆ ئەو کەسانە کردووە، کە ویستوویانە لە بواری کشتوکاڵدا کاربکەن.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکومەتی هەرێمی کوردستان روونیکردەوە، ئەوان سەرەتای دەستبەکاربوونیان وەکو وەزیری کشتوکاڵ، هەموو ئاسانکارییەکیان کردووە بۆ ئەوەی مامەڵەکانی جووتیار و خاوەن پڕۆژەکان زوو تەواو بکرێن، بۆ ئەو مەبەستەش دەسەڵاتییەکانیان بۆ بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پارێزگاکان و یەکە کارگێرییەکانی دیکە شوورکردووەتەوە.

هاوکات بێگەرد تاڵەبانی ئاماژەی بەوەشکرد، سەراڕای ئەو هەنگاوانەی گرتوویانەتەبەر و دەرچوواندنی یاسای نوێ، “رێنماییەکانی وەزارەتمان هەمووی هەموارکردەوە” و هەموارکردنەوەی رێنماییەکانی وەزارەت وەکو خۆی دەڵێت، هەنگاوێکی گەورەبوو بۆ ئەوەی بتوانن کارئاسانی بۆ ئەو جووتیارانە بکەن کە دەیانەوێت لە بواری کشتوکاڵدا کاربکەن.

وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێم ئەوەشی خستەڕوو، دوای ئەوەی هەستیان بەوەکردووە، بۆشاییەک هەیە لە نێوان خۆیان و خاوەنی پڕۆژەکانی پەلەوەر، بڕیاریاندا بە دامەزراندنی “ئەنجوومەنی باڵای پیشەسازی پەلەوەر” دابمەزرێنن و ئەو ئەنجوومەنە “ئەنجوومەنی ئاوێتەبوونی حکومەتە لەگەڵ خاوەنی پڕۆژە پەلەوەرییەکان” و لەو ئەنجوومەنەدا بیڕۆرا لەبارەی چۆنییەتی بەڕێکردنی کاروبارەکان ئاڵوگۆڕ دەکرێت.