بە گوێرەی راپۆرتێکی رۆژنامەی شەرقلئەوسەت، دانیال میتران پێش راپەڕینی 1991 چەند جارێک سەردانی کوردستانی کردووە و پاش راپەڕینیش ژمارەی سەردانەکانی بۆ هەرێمی کوردستان زیادی کردووە.
بەڕێوەبەری بەشی ئەمەریکا لە هەواڵگری عێراقی ئاشکرای دەکات، لە حەفتاکانی سەدەی رابردوو، سەدام حوسێن، سەرۆکی پێشووتری عێراق پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ جاک شیراک، سەرۆکی ئەوکاتی فەرەنسا دروستکردووە.
لە بەرانبەردا دانیال میتران، هاوسەری فرانسوا میتران، سەرۆکی پێشووتری فەرەنسا کە چالاکوانێکی دیاری فەرەنسا بوو و لە بوارەکانی مافی مرۆڤ، ئازادی رادەربڕین، دۆخی پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکان کاری کردووە، پەیوەندییەکی بەهێزی لەگەڵ سەرکردەکانی راپەڕینی باشووری کوردستان هەبووە.
دانیال میتران چەندین جار لە دژی سەدام حوسێن و حکومەتی بەعسی لەناوچوو یارمەتی لایەنە کوردستانییەکانی داوە، ئەمەش وایکرد حکومەتی عێراقی هەوڵی تیرۆرکردنی بدات.
بە گوێرەی راپۆرتێكی شەرقلئەوسەت، لە تەمووزی 1992 لە سەردانێکیدا بۆ پارێزگای سلێمانی، دانیال میتران ویستوویەتی بچێتە مۆنێمنتی شەهیدانی کیمیابارانی هەڵەبجە، بەڵام لە رێگادا بۆمبێکی چێندراو لە نزیک ئۆتۆمبێلەکەی دەتەقێتەوە.
ئەوەش خراوەتەڕوو، کە دانیال میتران بە رێکەوت لەو هەوڵی تیرۆرکردنە رزگاری بووە، بەهۆی ئەوەی لە کاتی تەقینەوەکەدا ئۆتۆمبێلێکی بارهەڵگر کەوتووەتە نێوان بۆمبەکە و ئەو ئۆتۆمبێلەی دانیالی تێدا بووە.
رۆژنامەی شەرقولئەوسەت لە زاری سالم جەمیلی، بەڕێوەبەری بەشی ئەمەریکا لە هەواڵگری عێراق بڵاویکردەوە، لە حەفتاکانی سەدەی رابردوو، سەدام حوسێن پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ جاک شیراک سەرۆکوەزیرانی فەرەنسا دروستکردبوو کە لەو کاتەدا سەردانی عێراقی کردووە و لەچەند بوارێکدا هەماهەنگیان هەبووە.
ئاماژە بەوەشدراوە، سەدام حسێن لە دوو هەڵمەتی هەڵبژاردندا لە فەرەنسا پشتگیری دارایی لە جاک شیراک کردووە و پارەی کاشی ناردووە بۆ پاریس ناردووە.