دووشەممە, تشرینی دووه‌م 25, 2024

په‌یامێك له‌ مه‌كته‌بی سیاسی پارتییه‌وه‌

مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان ئه‌مڕۆ هه‌ینی پشتگیری په‌یامه‌كه‌ی سه‌رۆك بارزانی لە ڕێوڕەسمی کردنەوەی یادگەی نیشتیمانی بارزانی لە بارزان ده‌ربڕی و جه‌ختی كرده‌وه‌ كه‌ ئاماده‌ن بۆ كۆبوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ هه‌موو لایه‌نه‌كان به‌بێ جیاوازی.

مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا رایگه‌یاند “بە ناوی لایەنگر و ئەندامان و سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە پشتگریی تەواوی خومان بو پەیامی سەرۆک بارزانی دەردەبرین کە دوێنێ لە ڕێوڕەسمی کردنەوەی یادگەی نیشتمانی بارزانی لە بارزان ئاراستەی خەڵک و لایەنە سیاسییەکانی کرد”.

ڕاشیگه‌یاند “ئەم پەیام و دەستپێشخەرییەی جەنابی سەرۆک بارزانی وەک درێژەپێدەری پەیامی ئاشتیخوازانەی بارزانی نەمر بەرز دەنرخێنین و هەموو ئامادەیی خوشمان بو جێبەجێکردنی فەرمانی سەرۆک ڕادەگەینین”.

مه‌كته‌بی سیاسی پارتی له‌ به‌یاننامه‌كه‌دا ئاماژه‌ی به‌وه‌ش دا “لە ڕوانگەی هەستکردن بە بەرپرسیارەتی نەتەوەیی و نیشتمانی و لەبەرچاوگرتنی بارودوخی ناوچەکە و هەرێم، هەنگاوی کردەیی بۆ بە جێگەیاندنی فەرمانی جەنابیان بە ڕاست و گرنگ دەزانین و ئامادەیی تەواوی خومان بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ هەموو لایەنەکان بەبێ جیاوازی دەردەبرین”.

سه‌رۆك بارزانی دوێنێ پێنجشه‌م له‌ ڕێوڕەسمی کردنەوەی یادگەی نیشتمانی بارزانی لە بارزان په‌یامێكی ئاراستەی خەڵک و لایەنە سیاسییەکانی هه‌رێمی كوردستان كرد و گوتی “داوا له‌ هه‌موو پارت و لایه‌نه‌ سیاسییه‌ كوردستانییه‌كان ده‌كه‌م هه‌رچی زووه‌ پێش 18ی ئەو مانگە هەموو بەیەکەوە کۆبوونەوەیەکی بەرفراوان بکەن،  به‌یه‌كه‌وه‌ دڵسۆزانە باسی گرفتەکان بکەن و چارەسەریان بکەن”.

سەرۆک مەسعود بارزانی هه‌روه‌ها داواشی لە مەکتەبی سیاسیی  پارتی و یه‌كێتی کرد “پێش ئەو کۆبوونەوە بەرفراوانە، بەجیا کۆببنەوە و زەمینەسازی بکەن لەپێناو سەرخستنی کۆبوونەوەکە”.