وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە ڕاگەیاندراوێكدا ئاماژە بەوە دەدات، پڕۆژەیەكی دروستكردنی ئاوەڕۆی لوولەیی لە قەزای بنەسڵاوە لە سنووری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەكانی هەولێر، دەستی پێكرد.
ئەمڕۆ چوارشەممە 10/5/2023، وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، ڕاگەیاندراوێكی لە پەیجی فەرمیی خۆی، لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی (فەیسبووك) بڵاوكردەوە، تێیدا هاتووە: “لەسەر داهاتی شارەوانی، پڕۆژەیەكی گەورەی دروستكردنی ئاوەڕۆی لوولەیی لە قەزای بنەسڵاوە لە سنووری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەكانی هەولێر دەستی پێكرد و دوو گەڕەكی قەزاكە لێی سوودمەند دەبن.”
ئەوەش خراوەتە ڕوو، گوژمەی ئەو پرۆژەیە، 73 ملیۆن دینارە و لەسەر ڕێژەی 15%ی داهاتی شارەوانی دابین كراوە، بڕگەكانی پێكهاتوون لە دروستكردنی ئاوەڕۆیەكی لوولەیی لەنێوان هەردوو گەڕەكی ڕاپەڕین و گوڵان لە بنەسڵاوە، ئاوەڕۆكە بە درێژایی 350 مەتر و بۆریی تیرە 40 سانتیمەتر بە درێژایی 60 مەتر، لەگەڵ دروستكردنی هەشت مەنهۆڵ.
وەزارەتی شارەوانی ڕوونیشی كردووەتەوە، ئەو پڕۆژەیە یەكێكە لە پڕۆژە گرنگەكانی شارەوانیی بنەسڵاوە و هەردوو گەڕەكەكانی گوڵان و ڕاپەڕین لێی سوودمەند دەبن، جگە لەو پڕۆژەیە، ئێستا چەندین پڕۆژەی دیكەش لە سنووری شارەوانیی بنەسڵاوە لە قۆناغی جێبەجێكردندان.