شەممە, تشرینی دووه‌م 30, 2024

بیرۆکەی دروستکردنی هێڵی تایبەتی پایسکل لە شەقامە سەرەکییەکانی هەولێر خرایەڕوو

بە سەرپەرشتی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، لە دیوانی پارێزگا، کۆبوونەوەی لیژنەی ڕێکخستنەوە و پەرەپێدانی هاتووچۆی هەولێر بەڕێوەچوو.

لە کۆبوونەوەکەدا، کە هەریەک لە هێمن قادر و مەسعود کاڕەش، جێگرانی پارێزگار و قائیمقامی ناوەند و سەرۆکی شارەوانی و بەڕێوەبەری پۆلیسی هاتووچۆی هەولێر و ژمارەیەکی دیکە لە ئەفسەرانی بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی هەولێر و بەڕێوەبەرانی هەر شەش شارەوانی و ئەندازەی هاتووچۆ و پارک و باخچەکان ئامادەی بوون، گفتوگۆ لە بارەی بڕیار و ڕاسپاردەکانی کۆبوونەوەی پێشوتر کرا و تیشک خرایەسەر پەرەپێدان و باشترکردنی سیستەمی هاتووچۆی ناو شار و ڕێکخستنەوە و نۆژەنکردنەوەی شەقام و شوستەکان و ئەو شوێنانەی کە پێویستیان بەچاککردن هەیە.
لە تەوەرێکی تری کۆبوونەوەکەدا، جگە لە خستەڕووی بیرۆکەی دروستکردنی هێڵی تایبەتی پایسکل لە شەقامە سەرەکییەکانی شاری هەولێر، لە پێناو فەراهەمکردنی هاتووچۆیەکی لە بار و پاراستنی سەلامەتی گیانی هاوڵاتییان و نەهێڵانی سەرپێچی و زێدەڕۆییەکان، جەخت لە چارەسەرکردن و ڕێکخستنەوەی مەیدانی پەلەوەران و شوێنی کۆنەفرۆشان و هاتووچۆی ماتۆڕسکیل و گەیاندنی خێرای (دلیڤەری) سەرجەم کۆمپانیان و چێشتخانەکان کرایەوە، پاشان تەئکید لەسەر بەردەوامیدان بە هەڵمەتی دەستبەسەرداگرتنی ماتۆڕسکیلی بێ مۆلەت و وەرگرتنی ئیجرائاتی توند لە بەرامبەر هەموو ئەو شوێنانەی کە ماتۆڕسکیلی بێ سەرەتای لێدەفرۆشرێت و مامەڵەیان پێوەدەکرێت کرایەوە.
پارێزگاری هەولێر، دەستخۆشی لە بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی هەولێر و ئەندازەی هاتووچۆیی هەولێر کرد بۆ ئەنجامدانی هەڵمەتی هێلکاری و ڕێخستنەوەی شەقامەکان، دواتر پرسی هەموو ئەو شوێن و شەقامە سەرەکیانەی کە لە چەند شوێنکی شاری هەولێر قەرەباڵغیی زۆریان کەوتۆتەسەر و بەهۆی زۆری ژمارەی ئوتۆمبێل و نەبوونی شوێنی وەستان دووچاری خنکان هاتوون خرایە بەرباس.
لەکۆتایشدا، ژمارەیەک پێشنیار بۆ باشترکردنی سیستەمی هاتووچۆ لەلایەن بەڕیوەبەرایەتی هاتووچۆی هەولێر خرایە ڕوو، دوای گفتوگۆ و هەڵسەنگاندن لەلایەن ئامادەبووانەوە، پارێزگاری هەولێر وێڕای پشتگیری و پاڵشتی پێشنیارەکان، سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکانی ڕاسپرارد بە هەماهەنگی یەکتر و لەڕێگەی لیژنەی هاوبەش دیراسەی وردی ئەو پێشنیارانە بکرێت بۆ خستنە واری جێبەجێکردنەوە.