دلۆڤان رەحیم – ههولێر
کۆبوونەوەی مەسرور بارزانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکوەزیران بە ئامانجی چارەکردنی کێشەکان، هەر زوو دەنگی دایەوە ، ئەمریکا و بەریتانیا پێشوازییان لێ کرد، بەریتانیا خۆشحاڵە بەو هەنگاوە و ئەمریکاش بەرزی دەنرخێنێت .
ڕۆژی دووشەممە، بۆ پرۆسەی سیاسی هەرێمی کوردستان ڕۆژێکی گرنگ بوو، بەتایبەت لە هەنگاونان بۆ ئەو پرسانەی لەبەردەم هەردوولایەنی پێکهێنەری سەرەکی حکومەتن. ئامانجی هەردوولا وەکو خۆیان دەڵێن، چارەکردنی کێشەکانە بە گفتوگۆ؛ یەکەم هەنگاوی هەردوولاش بەشداری و گەڕانەوەی تیمی یەکێتییە بۆ کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران لە چوارشەممەی داهاتوو، دوای ئەوەش بڕیارە هەردوو دەزگای هەڵبژاردنی پارتی و یەکێتی هەفتەی داهاتوو کۆببنەوە بۆ چارەکردنی ئەو ناکۆکییانەی لەنێوان هەردوولا دەربارەی هەڵبژاردن هەیە . ئەوان لەسەر کۆمەڵێک پرس ڕێککەوتوون، تەنیا بازنەی کۆتاکان ماوە بۆ ئەوەش چەند پێشنیازێک هەیە و بەنیازن لەسەر ئەوەش ڕێک بکەون.
هەفتەی ڕابردوو باربارا لیف، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا سەردانی هەرێمی کوردستانی کرد، سەردانەکە بۆ تاوتوێی پرسە نێوخۆییەکانی هەرێمی کوردستان بوو، ئەمریکا داوا دەکات هەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا بکرێت، لەکاتێکدا سەرۆکی هەرێمی کوردستان ڕۆژی 18ـی تشرینی یەکەمی داناوە بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان.
هەر دوای کۆبوونەوەکەی ڕۆژی دووشەممەی نێوان مەسرور بارزانی و قوباد تاڵەبانی، ئەلینا ڕۆمانۆوسکی باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق، لە تویتێکدا پێشوازیی لەو هەنگاوە کرد، ئەو نووسیویەتی: هەوڵەکانی سەرکردایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان و سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، هەروەها جێگرەکەی بەرز دەنرخێنم، پێکەوە کار دەکەن بۆ چارەی کێشەکان لە ڕێی گفتوگۆ، ئەو گفتوگۆیانە هەموو دەوڵەت سوودی لێ دەبینێت، بەتایبەت کە سەرکردەکان ئەوانەی لە پێناو خزمەتکردنی خەڵکدا کار دەکەن، با ئەو هەنگاوە بکەینە بنەما بۆ بەرەوپێشچوونی زیاتر.
هاوکات بار بارا لیف، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند: هەنگاوێکی گەورەیە. لەگەڵیشیدا هاشتاگی گفتوگۆی داناوە وەکو پشتیوانییەک بۆ گفتوگۆی چارەکردنی كێشەکان .
جگە لە بەرپرسانی ئەمریکاش، بەریتانیاش بە هەمان شێوە پێشوازیی لەو هەنگاوە کرد، ڕۆزی کەیڤ کۆنسوڵی گشتی بەریتانیا لە هەرێمی کوردستان، نووسیویەتی: دڵخۆشم بەوەی سەرۆکوەزیران و جێگرەکەی کۆبوونەوە..هەنگاوی یەکەم گرنگە بۆ بەرەوپێشچوون لە چەند پرسێکدا لە ڕێگەی گفوگۆی بنیاتنەر، هەرێمی کوردستان بەهێز و یەکگرتوو لە بەرژەوەندی هەموو کەس دایە، هیواخوازم ئەوە ببێتە هەنگاوی دەستپێکەری هاوڕایی لەسەر هەموو پرسەکان بۆ ئەوەی حکومەت بە تەواوی کاری خۆی بکات لە پێناو هەموو هەرێمی کوردستاندا .
کۆبوونەوەکانی مەسرور بارزانی و قوباد تاڵەبانی لەکاتێکدایە کە دوو هەفتەیەک لەبەردەم پێکهێنەرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان دایە بۆ ڕێککەوتن لەبارەی هەڵبژاردن، چاوەڕێ دەکرێت هەفتەی داهاتوو لەوبارەوە گفتوگۆکان دەست پێبکەنەوە .