ئامانج شاکەلی
نازانم ژماره‌ی وێستگه ته‌له‌فزیۆنییه ئاسمانیی و ناوچه‌یه‌کانی ئه‌م هه‌رێمه چه‌ندن، به‌ڵام به‌پێی ئه‌و ئهنتێنانهی ڕۆژانه، به سه‌ر باڵه‌خانه‌ی کۆمپانیا بازرگانییه‌کان و باره‌گای حزب و ڕێکخراوه‌کانه‌وه قوت ده‌بنه‌وه، پێده‌چێ به‌ره‌که‌تیان تێ که‌وتبێت و کار وا بڕوا، پاش ماوه‌یه‌کی که‌م به چوار ئه‌ندامی جه‌ماوه‌ری به‌شه‌ره‌فی گه‌له‌که‌مان، که‌ناڵێکی ته‌له‌فزیۆنیان به‌رده‌که‌وێت!
خۆشی له خۆمان! چ عه‌یبی تێدایه؟ کورده‌که ده‌ڵێ: ماڵی زیاده سهرناشکێنێت. له‌وه‌ش بترازێ، زۆریی ته‌له‌فزیۆن نیشانه‌ی پێشکه‌وتن و سه‌رکه‌وتن و زانست و داهێنانه! سه‌رتان نه‌یه‌شێنم ئه‌گه‌ر به حسابی ئه‌و په‌نده خۆماڵییه بێ “ئاخر له‌وانه‌یه به‌م تازه‌ییه، په‌ندی مستهوریدی تورکی و یۆنانیشمان له ڕێگه‌ی مۆڵ و سوپهرمارکتهکانهوه بۆهاتبێت!”، ده‌بێ ته‌له‌فزیۆن سه‌رچاوه‌ی هه‌رچی خێروخۆشیی ژێر ئه‌م ئاسمانه شینه و سه‌ر ئه‌م قالیچه‌ی پێغه‌مبه‌ره بێ؛ بەڵام ئێمه‌ی بێئه‌مه‌ک هێشتا به چاکه‌ی ئه‌م ئامێره بهڵلاجهوییه ناشوکرین!
ده‌فه‌رموون وا نییه؟ ئه‌ی ئه‌وه نییه حه‌زره‌تی ته‌له‌فزیۆن له زۆربه‌ی هه‌ره زۆری ماڵه‌کاندا ئه‌ندامێکی به‌ڕێزی خێزانه و بیستوچوار سه‌عاته دوڕ و گهوههربارانمان ده‌کات؟ زۆر جاریش، فه‌رمانبه‌ر و کاربه‌ده‌سته‌کان له‌به‌ر ته‌ماشاکردنی به‌رنامه‌ی له‌شجوانی و گۆرانییه‌کانی تاتلیس به‌گ، فریای ئیمزاکردنی مامه‌ڵه‌ی من و تۆ ناکه‌ون؟!
ته‌له‌فزیۆنه کوردییه‌کان، له‌بریتی ئه‌وه‌ی ڕۆڵی سه‌ره‌کییان له هۆشیار کردنه‌وه‌ی کۆمه‌ڵگه‌ی کورده‌واریدا هه‌بێ، له جیاتی ئه‌وه‌ی بابه‌تی په‌روه‌رده‌یی و زانستی په‌خش بکه‌ن، یان فه‌رهه‌نگ و که‌له‌پووری ئه‌م گه‌له مێژوو دزراوه زیندوو بکه‌نه‌وه؛ مڵهئاسا، که‌وتوونه‌ته داکرماندن و بنکۆڵکردنی ئه‌وه‌ی تا دوێنێ خه‌مخۆرانی گه‌له‌که‌مان به ئاره‌قه و خوێن بۆیان پاراستبووین!
باسی ته‌له‌فزیۆنه حزبییه‌کان ناکه‌م، چونکه به قه‌ولی فارسان “ئانچه عیان أست، چه حاجت به بیان أست”.
ده‌ردی من ئه‌و که‌ناڵه ته‌له‌فزیۆنه بازرگانییانه‌یه که شێرهکوللــه ئاسا به‌سه‌ر فه‌رهه‌نگ و تۆره‌ی کوردی‌دا باز ده‌ده‌ن و به فه‌رهه‌نگی ئه‌وروپایی و ئه‌مه‌ریکایی سه‌قه‌تکراو و تام و ڕه‌نگ کراو، میزاجی کورده‌واریمان ده‌شێوێنن!
ئێسته کام دهنگانخۆش بیه‌وێ، هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ی چوار قژزه‌ردی ناوقه‌د باریک بۆیان له‌رانده‌وه و دوو ساززهنیش به زیقه سایزه‌ر و کهمانچهکانیان بوون به هاوده‌نگی، ئیتر ده‌بێته سترانبێژی به‌ناوبانگ و له ڕێگه‌ی ئه‌و که‌ناڵه تهلهفزیۆنیانهوه، هونه‌ری کوردی گڵاو ده‌کات. جارێ له‌وه‌ته‌ی “کلیپ” بووه به باو، ئه‌و که‌ناڵانه دیمه‌نی وا بڵاو ده‌که‌نه‌وه، له‌گه‌ڵ دیمه‌نی پۆرنۆگرافیدا زۆر جیاوازییان نییه.
ئه‌و فیلمه ترسناکانه، یان هه‌رزان و پووچانه‌ی ته‌نانه‌ت له وڵاتانی ئه‌وروپایشدا ته‌نها که‌ناڵی تایبه‌تی و له‌کاتی دیاری کراودا بۆیان هه‌یه پیشانی بده‌ن، له کوردستان به‌بێ سانسۆر پیشان ده‌درێن به‌بێ ئه‌وه‌ی حساب بۆ ئه‌وه بکرێ ئه‌و فیلمانه تا چه‌ند زیانی سایکۆلۆژی به بینه‌ر ده‌گه‌یه‌نن!
ئه‌دی ئه‌وه سه‌یر نییه، که‌ناڵێکی ته‌له‌فزیۆنی، کاتێکی زۆری خۆی به په‌خشکردنی به‌رنامه‌یه‌ک سه‌باره‌ت به چۆنییه‌تی دروستکردنی کفته و گیپهوه به فێڕۆ بدات؟ ئه‌دی ئه‌گه‌ر ئه‌و ماسته مووهیهکی تێدا نییه، چۆنه وا ئه‌و که‌ناڵه ته‌له‌فزیۆنیانه هێنده له واقیعی ڕۆژانه‌ی کوردستان دابڕاون و ئاگایان له مه‌حموودی بێزهوار نییه؟ ئه‌وان له جیاتی ئه‌وه‌ی هاووڵاتیان به ڕێزگرتنی قانوون و خۆشه‌ویستیی نیشتمان ڕێنوێنی بکه‌ن، فه‌رمانبه‌ران و کاربه‌ده‌ستان به خزمه‌تکردنی هاووڵاتیان هان بده‌ن، که‌مایه‌سییه‌کان به حکومه‌تی هه‌رێم پیشان بده‌ن، لاوان به فه‌رهه‌نگ و مێژوو و که‌له‌پووری نه‌ته‌وه‌که‌مان ئاشنا بکه‌ن، منداڵان بۆ ئه‌رکی مه‌زن و گرنگی پاشه‌ڕۆژ ئاماده‌بکه‌ن، هه‌زار و یه‌ک ئه‌رکی ئه‌خلاقیی خۆیان ئه‌نجام بده‌ن، که‌چی به داخه‌وه ئه‌و ده‌ستگا هه‌ستیاره‌یان کردووه به پاچی ده‌ستیان و فه‌رهه‌نگی ئه‌م خاک و نه‌ته‌وه‌یه‌ی پێ داده‌ڕوخێنن.
تاکه یه‌ک که‌ناڵی ته‌له‌فزیۆنی له کوردستاندا نییه، ڕێز له زمانی کوردی بگرێ. خۆ ئه‌گه‌ر زمانی که‌ناڵه حزبییه‌کان شایانی به‌زه‌یی بن، ئه‌وا زمانی که‌ناڵه ئه‌هلییه‌کان هێنده لاواز و بێفه‌ڕه، نه‌ک هه‌ر زه‌کات، به‌ڵکو سهرفیترهشیان پێ ده‌شێت! زۆرینه‌ی بێژه‌ر و پێشکه‌شکه‌رانی ئه‌و که‌ناڵانه ئه‌وه‌ی پێی ده‌گوترێ ڕووناکبیریی رۆژنامه‌گه‌ری، ئه‌مان لێی بێبه‌رین!
زمانی خوێندنه‌وه‌ی بابه‌ته‌کانیان هێنده سه‌مه‌ره‌یه سه‌ربه‌قوڕ دێنێته پێکه‌نین. کاک یان خوشکی بێژه‌ر جیاوازی له نێوان خوێندنه‌وه‌ی ده‌نگوباس و ڕاپۆرتی وه‌رزشی، یان بابه‌تی ئه‌ده‌بی و هونه‌ری نازانێت. ناوی شه‌ره‌فخانی بدلیسی و عه‌لی به‌رده‌شانی و مه‌لای جه‌باری و ته‌نانه‌ت قانع و پیره‌میردی نه‌بیستووه! نازانێ شه‌ڕی ده‌ربه‌ندی بازیان و داستانی خه‌ج و سیامه‌ند و ڕشته‌ی مرواری و ده‌روێشی عه‌بدی به‌ری چ دارێكن!
خوێنه‌ر به هه‌ڵه لێم تێنه‌گات وا نه‌زانێ داوای مانه‌وه له قه‌پیلکی فۆلکلۆرو له جێی خۆدا پهتهناش کردن ده‌که‌م، نه‌خێر، به‌ڵکو ده‌ڵێم پێشکه‌وتن ده‌بێ هه‌مه‌لایه‌نه بێت و له‌سه‌ر بناغه‌ی فه‌رهه‌نگی پته‌وی نه‌ته‌وایه‌تی هه‌ڵبه‌سترابێ. ماڵی فه‌رهه‌نگی ئێمه‌ی کورد هێنده پته‌و و تۆکمه نییه، به‌رگه‌ی میوانداریی زڕهفهرههنگی بیانیی له‌وڵاتی خۆ په‌نا نه‌دراو بگرێت.