گرنگی هه‌گبه‌ی مامۆستا

بەكر كەریم حەسەن

نوسه‌ر و فه‌یله‌سوفی دیاری ئه‌مریكی (بنجامین فرانكلین) كه‌ یه‌كێكه‌ له‌ دامه‌زرێنه‌ دیاره‌كانی ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا ده‌ڵێ “وزه‌ و كۆڵنه‌دان هه‌موو شتێك ده‌به‌زێنێ”.
بێگومان وزه‌ و هێز و ئیرادە‌ له‌ هه‌ر كه‌سێكدا بێ و، كۆڵ نه‌دا و سوور بێ له‌سه‌ر كاروچالاكی و كرده‌وه‌یه‌ك ئه‌نجامی باش و ئه‌رێنیی ده‌بێ؛ به‌ سه‌ر كۆسپ و ته‌گه‌ره‌كاندا زاڵ ده‌بێت. گه‌ر ئه‌و وته‌یه‌ تێكهه‌ڵكێش بكه‌ین له‌گه‌ڵ كار و ئیش و به‌رپرسیاریه‌تیی به‌ڕێوه‌به‌ر و یاریده‌ده‌ر و مامۆستادا و، بكرێته‌ سه‌رمه‌شقی كاره‌كانیان ئەوا بێ شك به‌رهه‌م و ئه‌نجام و ده‌ستكه‌وتوویان ده‌بێت.
هه‌ر ئه‌وه‌شه‌ داهێنان و بوونی هه‌گبه‌ی مامۆستا له‌ یاسای نوێی په‌روه‌رده‌ و فێركردن له‌ هه‌رێمی كوردستان-عێراق به‌ ژماره‌(13)ی ساڵی (2022) له‌ مادده‌ی(91) به‌ تێروته‌سه‌لی و ورده‌كاری هه‌بوون و زه‌روره‌ت و گرنگی هه‌گبه‌ی مامۆستا و به‌ڕێوه‌به‌ر و یاریده‌ده‌ری به‌ڕێوه‌به‌ر یه‌كێكه‌ له‌ كاره‌ هه‌ره‌ گرنگ و پێویسته‌كان كه‌ تایبه‌ت به‌ كاروچالاكی وبه‌رپرسیاریه‌تی مامۆستا و به‌ڕێوه‌به‌ر و یاریده‌ده‌ری به‌ڕێوه‌به‌ره‌، كه‌ هه‌گبه‌ بریتییه‌ له‌ كۆكراوه‌ی ئه‌و زانیاری و به‌ڵگانه‌ی كه‌ توانای زانستی و پسپۆڕی و دڵسۆزی و كارامه‌یی و چالاكییه‌ كارگێڕی و ئه‌كادیمیه‌ ئه‌نجامدراوه‌كانن له‌ ماوه‌ی یه‌ك ساڵی خوێندن و له‌ كۆتایی ساڵ هه‌ڵسه‌نگاندنی ورد بۆ سه‌رجه‌م چالاكییه‌كان ده‌كرێ، له‌لایه‌ن به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی دڵنیایی جۆری و سه‌رپه‌رشتیكردن له‌ پارێزگاكان هه‌ڵسه‌نگاندنی بۆ ده‌كرێ و، له‌ ژێر ڕۆشناییی ئه‌و هه‌ڵسه‌نگاندنانه‌دا سه‌رجه‌میان پۆلین ده‌كرێن به‌ پله‌به‌ندی (نایاب و زۆرباش و باش و ناوه‌ند و په‌سند و پێویستی به‌ پاڵپشتیكردنه‌).
به‌ پشت به‌ستن به‌ ئاكامه‌كانی پیاده‌كردنی سیسته‌می دڵنیایی جۆری، پرۆسه‌ی هاندان جێبه‌جێ ده‌كرێت. بێگومان ڕاپۆرت و ئه‌نجام و پۆلینكردن و پرۆسه‌ی هاندان له‌ ناو دۆسیه‌ی كارمه‌ندانی په‌روه‌رده‌یی هه‌ڵده‌گیرێ و ده‌كرێ پێشتر له‌لایه‌ن به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی دڵنیایی جۆری و سه‌رپه‌رشتیكردنی پارێزگا ناوه‌كان به‌ لیست به‌ پێی پۆلینبه‌ندییه‌كه‌ بدرێته‌ وه‌زاره‌ت ئه‌وانه‌ی هه‌ڵسه‌نگاندنه‌كانیان (نایاب) دەرچوو، سوپاس بكرێن، ئه‌وانی تریش تایبه‌ت ئه‌وه‌ی (پێویستی به‌ پاڵشتییه‌ و په‌سند)ە به‌شداری له‌ خولی ڕاهێنان و په‌ره‌پێدانی تواناكانیان له‌ هاوین بكرێ یان به‌ گرتنه‌به‌ری ڕێوشوێنی پێویستی دی.
بێگومان هه‌ر مامۆستا و به‌ڕێوه‌به‌ر و یاریده‌ده‌ری به‌ڕێوه‌به‌رێك هه‌گبه‌یه‌كی تایبه‌ت به‌ خۆی ده‌بێت كه‌ هه‌موو به‌ڵگه‌ تایبه‌ته‌كانی سه‌باره‌ت به‌ باشتر به‌ڕێوه‌چوونی كاره‌كان ده‌گرێته‌ خۆ له‌ سازدانی سیمینار یان به‌شداریكردن و ئه‌نجامدانی توێژینه‌وه‌ی زانستی و ڕاپۆرتی كارگێڕی و پسپۆری له‌ په‌روه‌رده‌ و فێركردن و به‌شداریكردنیان له‌ خول و ڕاهێنانه‌كانی په‌ره‌پێدانی توانا و پسپۆڕییه‌كانیان و سوپاسنامه‌ و ئه‌ندامیه‌تیی لیژنه‌كان و داهێنان له‌ كاره‌كانیان و بڵاوكردنه‌وه‌ی زانستی و وتار و په‌رتووكی چاپكراو و به‌شداری له‌ كۆنفرانس و وركشۆپی په‌روه‌رده‌یی و بگره‌ خشته‌ی وانه‌كانیان و ژماره‌ی قوتابی و جۆری پرسیاری تاقیكردنه‌وه‌کان و وه‌ڵام و دابه‌شكردنی نمره‌كان و پاشخانی زانستی و پسپۆڕی كارمه‌نده‌كه‌ ئه‌وه‌ و چه‌نده‌ها زانیاریی پێویستی تر، ده‌كرێ له‌ هه‌گبه‌دا هه‌بێت، كه‌ ئامانج له‌ هه‌گبه‌ به‌ گشتی هاندانی مامۆستا و به‌ڕێوه‌به‌ر و یاریده‌ده‌ری به‌ڕێوه‌به‌ره‌ بۆ باشتركردن و زیاتر خزمه‌تكردنی ڕه‌وتی خوێندن و پرۆسه‌ی په‌روه‌رده‌ و فێركردنه‌، له‌گه‌ڵ به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی كوالێتی كارەکان و هه‌ڵسه‌نگاندنی دادپه‌روه‌رانه‌یه‌ بۆ توانا و چالاكی مامۆستا و پاراستن و به‌رزنرخاندنی ڕۆڵه‌ پیرۆزه‌كه‌یه‌تی له‌گه‌ڵ دۆزینه‌وه‌ی رێگه‌چاره‌ی گونجاو بۆ بیركردنه‌وه‌ی كه‌موكووڕییه‌كان و ده‌ستنیشانكردنی خاڵی به‌هێز و لاوازه.
وێڕای پیرۆزبایی و دەستخۆشی لە وەزارەتی پەروەردە و جەنابی وەزیری پەروەردە بۆ داکۆکیکردنی بەردەوام و ماندووبوونیان لە دەرچواندنی ئەو یاسایە بۆ پەروەردە و فیرکردن کە کۆمەڵێ ماددەی زۆر باش و بەسوودی تێدایە بۆ بەرەوپیشچوونی پرۆسەی پەروەردە و فێرکردن لە هەرێمی کوردستاندا؛ ده‌توانم بلێم هه‌گبه‌ به‌گشتی هه‌قیقه‌تی هه‌ڵسه‌نگاندنه‌كان به‌ ڕاست و دروستی ده‌خاته‌ ڕوو، شایانی وه‌بیر هاتنه‌وه‌یه‌ له‌ 2ی شوباتی ساڵی 2020 له‌ درێژه‌ی زنجیره‌ وتاره‌كانمدا بابه‌تی هه‌گبه‌ی مامۆستامان خستۆته‌ ڕوو.
به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی/ وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌
ماسته‌ر له‌ كارگێڕیی په‌روه‌رده‌یی