وەزیری دارایی: خەرجی ناپێویست و رۆتینی ئیداری و دارایی کەمکراوەتەوە

ئاوات جەناب نووری، وەزیری دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان رایگەیاند، سیستەمی بەڕێوەبردنی دارایی هەرێمی کوردستان (KFMS) یەکێکە لە پڕۆژە گرنگەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە وەزارەتی دارایی کە لەڕێی ئەو سیستەمەوە توانراوە خەرجییە ناپێویستەکان و رۆتینی ئیداری و دارایی بەڕێژەیەکی زۆر کەمبکرێتەوەو شەفافیەت زیاد بکرێت.

وەزارەتی دارایی رایگەیاند، ئاوات جەناب نووری، پێشوازی کرد لە خاتوو شیلان دۆسکی، بەرپرسی یەکەی پڕۆژە تایبەتەکان و پەیوەندییەکان و تیمی سەرپەرشتیاری پڕۆژەی سیستەمی (KFMS) لە نووسینگەی سەرۆکی حکومەت. لە دیدارەکەدا گفتوگۆ لە بارەی دوایین بەرەوپێشڤەچوونەکانی پڕۆژەی سیستەمی بەڕێوەبردنی دارایی کوردستان ( KFMS ) کرا.

روونکراوەتەوە، ئەم سیستەمە ماوەی نزیکەی دوو ساڵە لە وەزارەتی دارایی و ئابووری خراوەتە کارو تا ئێستا توانراوە  1180 یەکەی ژمێریاری پێوە ببەسترێتەوە و نزیکەی دوو هەزار بەکارهێنەری هەیە لە سەر ئاستی گشت وەزارەتەکان. سەرەڕای ئەوەی هێشتا سیستەمەکە لە قۆناغی فراوانبوون و پەرەپێدانی بەردەوام دایە، توانراوە زیاتر لە 267 ملیۆن دۆلار خەرجی ناپێویست پاشەکەوت بکرێت.

لە قۆناغی یەکەمی پڕۆژەکەدا، سەرجەم خەرجییەکانی حکومەت لە بودجەی تەشغیلی لەسەر سیستەمی (KFMS) بە شێوەیەکی دیجیتاڵی رەزامەندی لەسەر دەدرێت و تەموویل دەکرێت. وە هەروەها، هیچ پرۆسەیەکی کاغەزی لەنێوان دام و دەزگاکانی وەزارەتەکانی حکومەتی هەرێم و وەزارەتی دارایی و ئابووری نەماوە و گشت داواکارییە خەرجییەکان بە پرۆسەیەکی دیجیتاڵی جێبەجێ دەکرێن.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، وەزیری دارایی وێڕای سوپاس و دەستخۆشی لە تیمی سەرپەرشتیاری پرۆژەکە کە توانیویەتی خەرجی ناپێویست و رۆتینی ئیداری و دارایی  بەڕێژەیەکی بەرچاو کەمبکاتەوە و شەفافیەت زیاد بکات و داتای ورد و دروست بخاتە بەردەم لایەنە پەیوەندیدارەکان، پشتگیری تەواوی خۆی دەربڕی بۆ کارەکانی قۆناغی دووەمی پرۆژەکە. پرۆژەکە لە قۆناغی کۆتایدایەو بەم نزیکانە کار دەکرێت لە سەر بە دیجیتاڵکردنی خەرجییەکان لە سەر هەردوو بودجەی وەبەرهێنان و پەرەپێدانی پارێزگاکان. لای خۆشیانەوە  شاندی نووسینگەی سەرۆک وەزیران سوپاسی وەزیری دارایی و تیمی وەزارەتیان کرد کە هاوکارو پشتیوان بوون بۆ سەرخستنی پرۆژەکەو بەڵێنیاندا هەموو تواناو هەوڵی خۆیان بخەنە گەڕ بۆ جێبەجێکردن و سەرخستنی پڕۆژەکە.