لە دیدارێکی رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ تیمی هەرێمی کوردستان بۆ رووبەڕووبوونەوەی مەترسییە داراییەکان و بەرەنگاربوونەوەی سپیکردنەوەی پارە و پارەدارکردنی تیرۆر، مەترسییە داراییەکانی سەر عێراق و هەرێمی کوردستان تاوتوێکران. وەزیری ناوخۆ تیمی هەرێمی کوردستانی راسپارد هەموو هەماهەنگییەک لە گەڵ تیمی فیدراڵی بکەن.
راگەیاندنی وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی کرد لە تیمی هەرێمی کوردستان بۆ رووبەڕووبوونەوەی مەترسییە داراییەکان و بەرەنگاربوونەوەی سپیکردنەوەی پارە و پارەدارکردنی تیرۆر. تیمەکە لە نوێنەری وەزارەتی ناوخۆ و 15 دامەزراوەی هەرێمی کوردستان پێکهاتووە و ئەرکی ئەو تیمە جێبەجێکردنی سیاسەتی گشتی هەرێمی کوردستانە کە هاوتەریبە لەگەڵ راسپاردەی رێکخراوە نێودەوڵەتییە تایبەتمەندەکان لە بواری نەهێشتنی دەرفەتەکانی سپیکردنەوەی پارە و بەدواداچوونی ورد و وشککردنی سەرچاوەکانی پارەدارکردنی تیرۆر.
ئاماژە بەوەشکراوە، وەزیری ناوخۆ سوپاسی تیمی هەرێمی کوردستانی کرد، کە بە باشی کارەکان بەڕێوەدەبەن و باسی لە هەوڵەکانی حکومەت و دامەزراوە پەیوەنددارەکانی هەرێمی کوردستان کرد، کە لە چوارچێوەی سیاسەتێکی رووندا چەندین ساڵە شەڕی تیرۆر و سەرچاوەکانی داهات و پارەدارکردنی دەکەن و لە بوارەکانی نەهێشتنی دەرفەت بۆ سپیکردنەوەی پارەش هەنگاوی زۆر باش نراون.
بەگوێرەی راگەیەندراوی وەزارەتی ناوخۆ، لە دیدارەکەدا دەربارەی راسپاردە نێودەوڵەتییەکان بۆ هەڵسەنگاندنی دۆخی عێراق و هەرێمی کوردستان، وەزیری ناوخۆ تیمی هەرێمی کوردستانی راسپارد کە هەموو هەماهەنگییەک لە گەڵ تیمی فیدراڵی بکەن و ئەو راسپاردانەی پێویستن لە هەرێمی کوردستان جێبەجێ بکرێن، لە دوای گونجاندنیان لەگەڵ تایبەتمەندی دامەزراوەکان، بە زووترین کات جێبەجێ بکرێن. هەروەها باسی لە پڕۆژە یاسای هەرێمی کوردستان کرد بۆ جێبەجێکردنی یاسای فیدراڵی بەرەنگاربوونەوەی سپیکردنەوەی پارە و پارەدارکردنی تیرۆر کرد، کە لە ئەنجومەنی وەزیران پەسندکراوە و بۆ دەرچوواندنی رەوانەی پەرلەمانی کوردستان کراوە.
