خۆبە‌ھە‌ڵە‌دابردن

هاودەنگ فاروق

شەقامگرتن بووەتە دیاردەییەكى زەق و لاساییكەرەوە بێ ئەوەى هەست بەوە بكرێ کە ئەوە زیان بە بەرژەوەندیی گشتیی خەڵک و نیشتمان دەگەینێت، مافی هەموو كەسێكە ڕوو بكاتە ئەو سەرچاوەی بەرپرسە لە كەمتەرخەمی و كەمووكوڕییەكان،تاکو لەوێ گوێیان لێ بگرن و کێشەکانیان چارە بکەن. بەڵام بە ڕێگرتن و خۆسەپاندن بە مافەكانمان ناگەین.
لە ڕاستیدا، پەیوەندییەكی ڕاستەوخۆ لەنێوان ڕەفتاری شارستانانە و ڕێزگرتنی یاسادا هەیە؛ هاوكات ڕادەی پابەندبوون بەیاساكانەوە زەمانەتی مانەوە و سەقامگیریی و بەهێزیی دەوڵەت ودامەزراوەكان دەدات، هەروەها پابەندبوون بەیاسا گرەنتیی بەردەوامی خزمەتگوزارییە گشتییەكانیش دەدات.
بەمانایەكی دی: ئەگەر گەلێك بتوانێت پابەندی یاساكان بێت، ئەوا دەتوانێت خۆی حوكمی خۆی بكات و دەوڵەت دابمەزرێنێت. هەروەها ئەو پابەندبوونەش دەبێتە هۆی هاتنە ئارای سەقامگیریی و بەردەوامی خزمەتگوزارییە گشتییەكان، چونكە دابینكردنی خزمەتگوزارییەكان ئەركی یەكەمی حكومەت و دەستەڵاتی شەرعییە.
گەلان بۆیە پەنایان بردە بەر دروستكردنی دامەزراوەكانی دەوڵەت، تاكو دەوڵەت خزمەتگوزارییەكان دابین بکات و وڵات بپارێزێت. باشە، کە تۆ دامەزراوەكان پەك دەخەیت و ڕێگەوبان دەگریت و ئاستەنگ بۆ کارکردنیان دروست دەكەیت ، ئیتر چۆن دەتەوێت خزمەتگوزارییەكان دابین بكرێت؟
ئاخر ئەو ڕەفتارە كتومت لەوە دەچێت تۆ دڵێك لە لێدان بخەیت، بەڵام داوای ئەوەیشی لێ بكەیت كە خوێن بۆ هەموو شانە و خانەكان دابین بكات! چونكە فەرمانگە یاساییەكان بەرپرسن لە دابینكردنی خزمەتگوزاری وەك دڵن بۆ پرۆسەكە. بەڵام تۆ فەرمانگەكان ڕادەگریت و ئاستەنگیان بۆ دروست دەكەیت، لەولایشەوە دەتەوێت خزمەت بكرێیت! ڕێگەكانیش بەهەمان شێوە، وەكو شادەمارەکانی لەشمانن ، تۆ كاتێ دەمارەكان دەبڕیت، ئیتر چۆن چاوەڕێی خوێن بگاتە خانەكانی لەشت؟ ئەمە جگە لە سەرلێشوان و خۆبەهەڵەدابردن هیچ تەفسیرێکی دیکەی نییە..
لەوڕوانگەیەوە دەڵێم: ئەستەمە گەلێك بتوانێت ببێتە خاوەنی سیستەمی خۆی و دەستەڵاتی یاسایی خۆی، ئەگەر
تاكەكانی ئەو گەلە ڕێز لە یاسا نەگرن و بیانەوێت لە دەرەوەی یاسا و سەپاندنی دەستەڵاتی نایاسایی کێشە و گرفتەکان چارە بکەن.