عومەر چنگیانی
وەکچؤن نادادپەروەری کۆمەڵایەتی هەمیشە عومەری کوڕی خەتاب دێنێتەوە یادی هەر بڕوادارێک، لە هەر کات و شوێن و سەردەمێکدا بتپەرستی تەشەنەی کرد مرۆف ئیبراهیم پێغەمبەری بتشکێنی دێتەوە یاد، سڵاوی خوای لێ بێت؛ بۆ وێنە کاتێ سەیری ئایەتی ٦٠ی سوورەتی (ئەنبیا) دەکەین، باس لە خەڵکە بێبڕوا بتپەرستەکەی سەردەمی ئیبراهیم دەکات، سڵاوی خوای لێ بێت، کە بە چاوێکی کەمبەهاکردنەوە سەیری ئیبراهیمیان دەکرد و دەیانگوت: (بیستوومانە لاوێک هەیە پێی دەگوترێت ئیبراهیم و بە خراپە باسی خواکانمانی دەکرد، کەواتە شکاندنی بتەکان ئیشی ئەوە)، ئەمە لەکاتێکدایە کە خوا گیان لەبارەی هەمان لاوەوە، لە ئایەتەکانی١٢٠ و بەدواوەی سوورەتی (نەحل)دا دەفەرمێت: (بە ڕاستی ئیبراهیم بە تەنها خۆی ئۆمەتێک بوو)، ئەمە دڵخۆشکارێکی بێسنوورە بۆ هەر هەڵگرێکی ئەقیدەی پیرۆزی یەکخواناسی، نەخاسمە گەر بانگخواز بێت، ئیتر با کەسەکە بۆ خۆی لە سەرەتا و لە پێگەی خۆیدا بە بچووک سەیر بکرێت، دوایی و لای خوا گرنگە.
خوێنەری بەڕێز! ئێستا کە ڕۆژی سێشەممە 9ی٥ی٢٠٢٣یە، گوڵخەرمانی ئیمڕۆم لە هەلومەرجێکدا دەنووسم تا ئەندازەیەک دوور لە واقیعی خۆمان لە کوردستان و تا سەد ئەندازەیەش نزیک!
ئێستا کە بە نەخۆشی بۆ وەرگرتنی چارەسەر لە وڵاتی ترکیام، گەر بمەوێ کەمێک لە شوێن حەواندنەوەم دوور بکەومەوە و دەرکەوم، دەبێ بە پەلە بکەومە ژوور و ڕاکەم لە دەنگی هۆڕن و هاتوهاوار و شیڕوهوڕی پڕوپاگەندەکارانی هەڵبژاردنی ئەم وڵاتە! کە هەر خۆی تاکی تورک لە قسەکردنى ئاساییشیدا سروشتی وایە دەنگ هەڵبڕێ و دەنگی بڵند دەکاتەوە؛ دەبێ ئێستا کە لەو شەڕە هەڵبژاردنەدان چی بگوزەرێت، با لەوەیان گەڕێم، لێرە خەڵکە ناتورکیاییەکەیش دابەشن بۆ چەند بەرەیەکی لێکجودا، ئەوانەی لە ئێستا و لەم دەسەڵاتەی هەیە سوودمەندن سورییەکان بە نموونە بەتایبەتی هێڵە ئیخوانییەکە، لە پشتگیرییان لە دەسەڵاتی ئێستا، پێشبڕکێکەیان بەراورد کردووە بە جیهاد لە پێناوی خوادا و سەیرێکی نووسینەکانی سەر سۆشیال میدیا و فتواکانیان بکەیت دەیان شتی سەیروسەمەرەت دێتە پێش چاو، لە بەرانبەریشدا زۆر پرسیار هەیە وەڵامیان دەوێت، بۆ وێنە ئیمڕۆ لە فڕۆکەخانە کۆنەکەی ئەتاتورکی ناو ئەستانبوول کۆنفراسی بانگەشەی پارتی دەسەڵاتدار بوو وەک خۆیان باسی لێ دەکەن (ئامادەکردنی دەهەزار پاس بۆ گواستنەوەی خەڵک بۆ ناو گۆڕەپانەکە و ئامادەکردنی ١٢٦٠٠ بەڕێوەبەر و چاودێری کاری بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمەکە و هەڵواسینی چل شاشەتەلەڤیزیۆنی گەورە و ئامادەکردنی ١٢٠ شوێنی تارەتهەڵگرتن و ٤٠ شوێنی دەستنوێژهەڵگرتن و ٨٠ مزگەوتی سەفەری، ئەمە وەک دەزگا فەرمییەکان باسیان لێ کرد)، کە هەر ئەم خەرجییە زۆرە جێگای پرسیارە – ئەڵبەتە لە ڕووە شەرعییەکەیەوە دەڵێم بۆ کەسێک کە بانگەشەی دینپەروەری بکات، لە نێو ئەم ئاپۆڕایەدا و بینینی ئەو بە سەدان هەزار وێنە و پەیکەرە لێک جیاوازانە، گەڕامەوە بۆ ئایەتی٣٥-٣٦ ی سوورەتی (ئیبراهیم) کە جوانترین وێنای ئەو ترس لە ئاکامی بتپەرستییەمان نیشان دەدات کە لە نێو ناخی کەسێکی وەک ئیبراهیمدا بوو، سڵاوی خوای لەسەر بێت؛ کە خوای گەورە لە زاری ئەوەوە بۆمان باس دەکات کە چۆن بە محەمەدی دوایین پەیامگەیێنی خۆی دروود و سڵاوی خوای لەسەر دەڵێ: (ئەوە وەبیر خۆت بهێنەرەوە و لەو دەرسە ورد ببەرەوە و تێیبگە کە ئیبراهیم ڕووی نزای کردە خوای خۆی و گوتی: ئەی پەروەرێنی من! ئەم شارە لە بەڵا بەدوور بگرە و باڵی ئاشتی و ئارامی و ئاساییش بکێشە بەسەریدا و خۆم و نەوەکانم لەوە بەدوور بگرە کە بت بپەرستین (٣٥) ئەی پەروەرێنی من! بەڕاستی ئەو بتانە زۆرینەی خەڵکیان لە خشتە بردووە و، تەفرەیان داون؛ هەرکەس شوێنم بکەوێت ئەوە هاوبیر و هاوبۆچوونمە و لە منە، هەرکەسیش سەرپێچیم لێ بکات تۆ لێبوردە و میهرەبانی (٣٦