کوێستان محەمەد: کەشەکە بەرەو ئارامبوونەوە دەچێت

وەزیری کاروباری کۆمەڵایەتی ئاشکرای کرد، کۆبوونەوەی نێوان مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکوومەت ئەرێنی بووە و، دەشڵێت، کەشەکە بەرەو ئارامبوونەوەیە.

کوێستان محەمەد، وەزیری کاروباری کۆمەڵایەتی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: “کۆبوونەوەی نێوان سەرۆک و جێگری سەرۆکوەزیران ئەرێنی بووە و بەپێی ڕاگەیاندراوی ھەردوولاش پێ دەچێت بە کۆبوونەوەکەیان پەیوەندیی نێوان پارتی و یەکێتی ئاسایی ببێتەوە و کەشەکە بەرەو ئارامبوونەوە دەچێت.”

دەربارەی بەشداریی تیمی یەکێتی لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیراندا، کوێستان محەمەد ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: “زانیاریم نییە دەربارەی بەشداریی تیمی یەکێتی لە کۆبوونەوەی ڕۆژی چوارشەممەی داھاتوو، سبەی (سێشەممە) لەلایەن سکرتێری سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیرانەوە کارنامەی کۆبوونەوەکەمان بۆ دێت، بەڵام دیار نییە تیمی یەکێتی دەگەڕێنەوە بۆ کۆبوونەوەی ئەم حەفتەیە، یاخود نا.”