پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

نرخی نەوت بەرزبووەوە

نرخی نەوت بەرەبەیانیی ئەمڕۆ دووشەممە لە کاتی کردنەوەی بازاڕەکاندا بەرزبووەوە. هەروەها دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا لە یەکەم رۆژی مامەمەڵەکانی ئەم هەفتەیەدا نرخی زێڕیش بەرزبوونەوەی تۆمارکرد. 

نرخی نەوتی برێنت ئەمڕۆ 22 سەنت بەرزبووەوە و بە 75 دۆلار و 51 سەنت مامەڵەی پێوەکرا. هەروەها نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکا 23 سەنت بەرزبووەوە و بە 71 دۆلار و 55 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.

هەرچەندە زۆربەی شارەزایان و ئابووریناسان ئەگەری سستبوونەوەی ئابووریی ئەمریکا لە ئەمساڵدا بەدوور نازانن، بەڵام بڵابوونەوەی ئامارە نوێیەکانی بازاڕی کاری ئەمریکا کە دەرکەوت ژمارەیەکی بەرچاو هەلیکاری نوێ لەو وڵاتە رەخساوە بووەتە هاندەر بۆ بەرزبوونەوەی نرخەکانی نەوت.

تینا تێنگ، شرۆڤەکاری سەر بە کۆمپانیای راوێژکاری (CMC Market) لەو بارەیەوە رایگەیاند، “دوای بڵاوبوونەوەی ئامارەکانی بازاڕی کار و بەرزبوونەوەی بەهای بۆرسەکانی ئەمریکا، نیگەرانییەکان لەسەر سستبوونەوەی ئابووریی ئەمریکا کەمبوونەتەوە. ئەوەش هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخەکانی نەوتە لەم هەفتەیەدا لە دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا.”

نیگەرانی لە سستبوونەوەی ئابووریی ئەمریکا هەفتەی رابردوو نرخەکانی نەوتی زیاتر لە 5٪ دابەزاند. 

هەفتەی رابردوو، نرخی نەوتی برێنت بە رێژەی 5.3٪ و نرخی نەوتی سووکی تەکساس بە رێژەی 7.1٪ لەبەر مەترسییەکانی سستبوونەوەی ئابووریی ئەمریکا دابەزی بوو. 

ئیدوارد مۆیا، شرۆڤەکارێکی دیکەی بازاڕە داراییەکانی سەر بە کۆمپانیای راوێژکاری ئواندا رایگەیاند، “نرخەکانی نەوت هەوڵی جێگیربوونەوە دەدەن، بەوپێیەی بازرگانان گەشبینن بەوەی کە ئەندامانی هاوپەیمانیی ئۆپێک پڵەس کار بۆ ئەوە دەکەن کە رێگری لە دابەزینی زیاتری نرخەکانی نەوت بکەن.” 

نرخی هەر ئۆنسەیەک زێڕ بەرزبووەوە بۆ سەرووی 2020 دۆلار

هەر ئۆنسە زێڕ ئەمڕۆ دووشەممە بە رێژەی 0.3٪ بەرزبووەوە بۆ 2021 دۆلار.

بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ دوای ئەوە هات کە بەهای دۆلار بەرامبەر بە دراوەکانی دیکە ئەمڕۆ دووشەممە بە رێژەی 0.1٪ دابەزی.

دابەزینی بەهای دۆلار دەبێتە هۆکار بۆ ئەوەی لەو وڵاتانەی کە دۆلار بەکارناهێنرێت، کڕینی زێڕ هەرزانتر رابوەستێت بە دراوی نیشتمانی و بەوپێیەش خواست بۆ کڕینی کانزای زەرد لەو وڵاتانە بەرزدەبێتەوە.

بازرگانانی زێڕ هەروەها چاویان لە بڵاوبوونەوەی ئامارەکانی پەیوەست بە رێژەی هەڵاوسانی مانگی چواری ئەمساڵە لە ئەمریکا کە بڕیارە رۆژی چوارشەممە بڵاوببێتەوە. 

بەپێی شرۆڤەکاران، هەرچەشنە دابەزینێک لە رێژەی هەڵاوسان لە ئەمریکا دەبێتە هۆکار بۆ ئەوەی ئاماژەیەک بداتە بانکی ناوەندیی ئەمریکا بۆ ئەوەی بەرزکردنەوەی سوودی بانکی بوەستێنێت.

کۆتایی هاتن بە تووندبوونەوەی سیاسەتی نەختی لە ئەمریکا دەبێتە هۆکار بۆ دابەزینی بەهای دۆلار و بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ.