چوارشەممە, تشرینی دووه‌م 27, 2024

ھێلین نامە‌

نەسرین حەسەن

  • بەپێی ڕاپۆرتێکی نوێی سندوقی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ منداڵان” یونیسێف” کە تیشکی خستۆتە سەر نایەکسانی پەروەردەیی باس لەوە دەكات، لە جیهاندا نزیکەی لەسەدا ٩٠ی کچان لە وڵاتانی هەژارنشین لە تەكنۆلۆژیای ئەنترنێت بێبەشن، ئەمەش ڕێژەیەکی زۆره و زیاترە لە سنووردارکردنی هاوشێوە بۆ کوڕان لەم وڵاتانەدا. بەڕێوەبەری پەروەردەی یونیسێف، لەو بارەوە دەڵێ: ئەوە تەنیا پرسی دەستڕاگەیشتن بە ئینتەرنێت و تەکنەلۆژیا نییە؛ بەڵکو پرسی
    “بەهێزکردنی کچانە بۆ ئەوەی ببنە داهێنەر”.
  • بە پێی هەوڵێك كە لە “یورو نیوز” بڵاوكراوەتەوە،هەفتەی رابردوو ئافرەتێكی وەرزشوانی ئیسپانی بە ناوی(بئاتریس فلامینی) ژیانی ٥٠٠ ڕۆژەی لە ئەشکەوتێکدا بە قووڵایی ٧٠ مەتر بە سەرکەوتوویی تەواو کرد.ئەم ئافرەتە تەمەن ٥٠ ساڵە لە تەمەنی ٤٨ ساڵیدا هەنگاوی ناوە بۆ ناو ئەشکەوتێک لە نزیک شاری” گرانادا” لە باشووری “ئیسپانیا” و لەو ماوەیەدا کەمترین بەرکەوتنی لەگەڵ جیهانی دەرەوە هەبووە.” بئاتریس ” دوای دەرچوون لە ئەشکەوتەکە، ناچار بوو چاویلکەی هەتاوی لە چاو بكات، چونكە ماوەیەكی زۆربوو تیشكی خۆری بەرنەكەوتبوو. ئەو گرووپەی چاودێریان لە ژیانی ژێرزەوی ” بئاتریس ” كردووە، دەڵێن:” بئاتریسی ” تەمەن ٥٠ ساڵان ژمارەی پێوانەیی جیهانی شکاندووە کە لە ژێر چاودێری زاناکان لە ئەشکەوتێکدا بۆ ئەو ماوە زۆرە ژیانی بە سەر بردووه.
  • سایتی بالاترین بڵاوی كردەوە، ڕۆژی ٢٣ی نیسان، لە مۆزەخانەی هونەری” لۆس ئەنجلۆس” پێشانگایەکی بەرهەمی ئافرەتە هونەرمەندەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست كرایەوە، لەم پێشانگایەدا ٧٥ بەرهەمی ٤٢ هونەرمەندی ئافرەت کە لە کۆمەڵگا ئیسلامییەكاندا لەدایک بوون یان دەژین، کۆکراونەتەوه.”لیندا کۆمیرۆف” سەرپرشتیاری پێشانگاکە دەڵێ: زۆر کەس پێیان وایە ئافرەتان لە
    کۆمەڵگای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەموویان وەکو یەکن، واتە هەموو کەسێک چەوساوە و نەبینراوە و ژیانێکی ترسناک دەژین. بەڵام ئەمە بە تەواوی دوورە لە ڕاستییەوە، ئەوان دەسەڵاتێکی زۆریان هەیە، وەکو ئافرەت لە هەموو شوێنێکی ئەم جیهانە و لە چوارچێوەی خۆیاندا كار دەكەن.
  • پسپۆڕانی نەخۆشییەکانی دڵ و خوێنبەرەکان هۆشداری دەدەن کە شێوازی ژیانی ناتندروست لە خانمانی گەنج كاریگەری لە مەترسی تووشبوونیان بە نەخۆشییەكانی دڵ و دەمار زیاد دەكات.”کاترین مۆنپەر” پسپۆڕی نەخۆشییەکانی دڵ و خوێنبەرەکان لە فەرەنسا دەڵێت: هۆکارەکانی مەترسی وەکو، جگەرەکێشان و کەمی جوڵە، سترێس، دەبنە هۆی ئەوەی کە خانمان پێکهاتەی بەرگری لەشیان لاواز بێت، ئەمەش مەترسی تووشبوونیان بە نەخۆشییەكانی دڵ و خوێنبەرەكان زیاد دەكات