ئێوارەی ئەمڕۆ یەكشەممە بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر و بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی هەولێر راگەیەندراوێكیان لەبارەی رووداوی هەڵكوتانە سەر و دزیكردن لە ئافرەتێكی بەساڵاچوو لە هەولێر بڵاو كردەوە.
لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە: “دوای رووداوی هەڵکوتانە سەر و دزیکردن لە ئافرەتێکی بەساڵاچوو لە ماڵەکەی خۆی لە گەڕەکی گوڵان – شاری هەولێر، لە چەند رۆژی رابردوو، تیمەکانمان لە بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر و پۆلیسی هەولێر دەستمان کرد بە لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون و پاشان تواندرا سەرەداوی تاوانەکە بە دەست بخەین.”
ئاماژە بەوەش دراوە كە: “لەسەر فەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوە، هەر سێ تۆمەتباری رووداوەکە بە هاوبەشی هێزە ئەمنییەکان دەستگیر كراون و رێوشوێنی یاساییان لە بەرامبەردا گیراوەتە بەر و دەدرێنە دادگا.”
لە كۆتاییشدا هاووڵاتییانییان دڵنیا كردووەتەوە کە سەر و ماڵیان پارێزراوە و یاسا لەسەر هەموو تاوانبارێک جێبەجێ دەکرێت.