دووشەممە, تشرینی دووه‌م 25, 2024

ئایدن مەعروف: پێکهاتەکان لەگەڵ ئەوەدان هەڵبژاردن لەکاتی خۆیدا بکرێت

وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان دەڵێت، وەکو نوێنەری پێکهاتەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئەوەدان هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە وادەی دیاریکراوی خۆیدا ئەنجام بدرێت و دوا نەخرێت. داواش لە لایەنە سیاسییەکاندا دەکات ئەو پرسە تێكەڵ بە کێشە سیاسییەکانیان نەکەن.

رۆژی یەکشەممە 7ـی نیسانی 2023، ئایدن مەعروف، وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لەبارەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و رای پێکهاتەکان لەبارەی بەڕێوەچوونی ئەو پرۆسەیە دوا و داوای لە لایەنە سیاسییەکاندا کرد بارودۆخی پێکهاتەکان لەبەرچاو بگرن و تێکەڵی کێش و گرفتە سیاسییەکانیان نەکەن.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا هەر لەبارەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان، ئایدن مەعروف ئاماژەی بەوەکرد، ئەوان وەکو پێکهاتەکان هەموو کاتێک لەگەڵ ئەوەدابوونە “هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە کات و ساتی خۆیدا بکرێت” و بەهیچ شێوەیەک دوانەخرێت.

وەکو ئەوەی وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان باسی لێوەدەکات، هەڵبژاردن گرنگی و رەهەندی نیشتمانی خۆی هەیە، هەر بۆیە پێویستە حزب و لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان وەکو پرسێکی جیددی سەیری بکەن و ئەو پرسە لە کێشە و ناکۆکە سیاسییەکانیان دووربخەنەوە.

ئایدن مەعروو روونیشیکردەوە، 11 پەرلەمانتار لەنێو پەرلەمانی کوردستاندا نوێنەرایەتی پێکهاتە جیاوازەکانی کوردستان دەکەن و وەکو خۆی دەڵێت، بەشدارییەکی کارایان لەنێو حکومەتی هەرێمی کوردستاندا هەیە، بۆیە بە پێویستی دەزانێت لایەنەکان بارودۆخیان لەبەرچاو وەربگرن و مافەکانیان نەفەوتێنن.

ئەمە لە کاتێکدایە رۆژی سێشەممە 2ـی نیسانی 2023، لە پەرلەمانی کوردستان، فراکسیۆنی پارتی لەبارەی ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان کۆنفرانسی رۆژنامەوانی ئەنجامدا و تێیدا رایگەیاند، لە یەکەم رۆژەوە کە باس لە درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستان کراوە، پارتی دیموکراتی کوردستان بە ناچاری ئەم هەنگاوەی ناوە، بۆئەوەی ئامادەکارییە یاساییەکان تەواوبن بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن، گوتیشی: لەمپێناوەشدا، کۆمەڵێك بابەت هەبووە پێی رازی بووین، کە لە سەرەتادا لەگەڵ بۆچوونی ئێمە نەبووە.

باسی لەوەشکرد، “ئێمە لە داواکارییەکانی خۆمان هاتووینەتە خوارەوە، تەنیا ئامانجمان ئەوە بووە، هەڵبژاردن بکرێت”.

ئاماژەی بەوەشدا، لە نووسراوێکدا بە 18 خاڵ ئەوە دەخاتەڕوو، کێ هۆکار بووە بۆ ئەنجامنەدانی پرۆسەی هەڵبژاردن، گوتیشی: هۆکاری سەرەکی ئەنجامنەدانی هەڵبژاردن تا ئێستا یەکێتی نیشتمانی کوردستانە.

پێشەوا هەورامانی رایگەیاند، لە رۆژی 3ـی تشرینی دووەمی 2021، ساڵێك بەر لە تەواوبوونی خولی پەرلەمان، لە کۆبوونەوەی سەرۆکی پەرلەمان و سەرۆکی فراکاسیۆنەکان، پێشنیازی دروستکردنی کۆمسیۆنی نوێیان کردووە، بە چەند رێگایەک، بەڵام ئەم بابەتە کێشەی بۆ دروستکرا و لایەنی سەرەکی لەم بابەتەدا نەهاتە پێشەوە بۆئەوەی چارەسەرێك بدۆزینەوە.

بە گوێرەی نووسراوەکەی فراکسیۆنی پارتی، دوای دوو کۆبوونەوەی دیکە لە رۆژانی 18 و 20ـی تشرینی دووەمی 2021، فراکسیۆنەکانی دیکە بەتایبەتی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، داوایانکرد هەموواری یاسای هەڵبژاردن بکرێت، بەبێ ئەوەی هیچ پرۆژەیەک بۆ داواکارییەکەی خۆیان پێشکەش بکەن.

پێشەوا هەورامانی راشیگەیاند، لە رۆژی 5ـی کانوونی دووەمی 2022 شاندێکی سیاسی پارتی سەردانی مەکتەبی سیاسی یەکێتی کرد لە سلێمانی و جەختیان کردەوە لەوەی، کات لەبەردەست نییە و پێویستە کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان کارا بکرێتەوە، بڕیاربوو دوای هەفتەیەک لایەنی بەرانبەر سەردانی ئێمە بکەنەوە، بۆئەوەی گفتوگۆی زیاتر لەو بابەتە بکەن، بەڵام شاندەکەن ئامادەییان پیشان نەدا و دواتر سەردانیان نەکردینەوە.

لە یەکێک لە خاڵەکانی نووسراوەکەی فراکسیۆنی پارتیدا باس لەوەکراوە، رۆژی 8ـی 2ـی 2022، لە کۆبوونەوەی سەرۆکی فراکسیۆنەکان له پەرلەمانی کوردستان رایانگەیاندووە، بۆ ئەوەی هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت ئەوان وەک پارتی رازین لەسەر پێشنیارەکەیان، بۆئەوەی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان وەکو خۆی کارابکریتەوه، ئەمه جگه لەوەی سازشیان له مافی خۆیان وەک به رکەوتەی هەڵبژاردن کرد و واژوویان لەسەر رێککەوتنێک کرد که بۆ هەردوو پرسی کۆمسیۆن و یاسای هەڵبژاردن زۆرینه بەکارنەهێنرێت بەڵکو بە سازانی سیاسی هەنگاوه په رلەمانییەکان بنێن. پێشەوا  هەوارامانی لەوبارەیەوە روونیکردەوە، له سەرەتادا رازیبوونەوەکە بۆئەوە بوو سوود له کات وەربگرن، تا کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان کارا بکەنەوه، بۆئەوەی کۆمسیۆن دەست به ئامادەکارییەکانی خۆیان بکەن و دواتریش گفتوگۆ بکەین لەسەر هەمواری یاسای هەڵبژاردن گوتیشی: بەڵام بەداخەوه لایەنەكان له دواییدا پەشیمان بوونەوه له کاراکردنەوەی کۆمسیۆن وەکو خۆی و داوایان کرد هەمواری یاسای هەڵبژاردن و کۆمسیۆن بەیەکەوه ته واو بكرێت لە پەرلەمان.

گوتەبێژی فراکسیۆنی پارتی ئاماژەی بەوەشدا، دوای ئەم هەنگاوانه لەلایەن سەرۆکی پەرلەمان بە بڕیاری یەکێتی لەمپەر بۆ ئەنجامدانی دانیشتنەکانی پەرلەمان دروست کرا، بۆیە نه توانرا تاوەکو 2ـی 6ـی 2022، دانیشتنی پەرلەمان ئه نجام بدرێت چونکه ئەنجامدانی دانیشتنەکانی پەرلەمانیان بەستبوەوه بەو مەرجەی که نابێت پرسی کۆمسیۆن و هەڵبژاردن بخرێنه بەرنامەی کاری دانیشتنەکانی پەرلەمان.