دووشەممە, تشرینی دووه‌م 25, 2024

نێچيرڤان بارزانى له‌گه‌ڵ باڵيۆزى به‌ريتانيا كۆبووه‌وه‌

به‌يانيى ئه‌مڕۆ يه‌كشه‌ممه‌ 2023/5/7،  نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، پێشوازى له‌ مارك برايسۆن ريچاردسۆن باڵيۆزى به‌ريتانيا له‌ عێراق كرد.

له‌ كۆبوونه‌وه‌يه‌كدا ده‌ربا‌ره‌ى دوايين پێشهاته‌كانى په‌يوه‌نديى هه‌ولێر ـ به‌غدا و گفتوگۆ و هه‌وڵه‌كانى چاره‌سه‌كردنى كێشه‌كانى نێوانيان، دۆخى ناوخۆى هه‌رێمى كوردستان، پرسى هه‌ڵبژاردن و ڕه‌وشى شه‌نگال، بيروڕايان گۆڕييه‌وه‌.

هه‌ردوولا به‌ ئه‌رێنييه‌وه‌ باسيان له‌ به‌ره‌وپێشچوون و لێكگه‌يشتنى نێوان هه‌ولێر و به‌غدا كرد بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى نێوانيان، هه‌روه‌ها هاوڕا بوون له‌سه‌ر گرنگيى چاره‌سه‌ركردنى ناكۆكييه‌ سياسييه‌كانى ناوخۆى هه‌رێمى كوردستان و ئه‌نجامدانى هه‌ڵبژاردن له‌ كاتى دياريكراوى خۆيدا.

ده‌رباره‌ى دۆخى شه‌نگال، هه‌ردوولا جه‌ختيان له‌ گرنگيى پاراستنى ئارامى و سه‌قامگيريى ناوچه‌كه‌ و ڕێگرتن له‌ وتارى ڕق و كينه‌ كرده‌وه‌ و جێبه‌جێكردنى ڕێككه‌وتنى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان و حكوومه‌تى عێراقى فيدراڵيان بۆ ئاساييكردنه‌وه‌ى دۆخى شه‌نگال، به‌ پێويست و گرنگ له‌ قه‌ڵه‌م دا.

په‌يوه‌ندييه‌كانى به‌ريتانيا له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان و چه‌ند پرسێكى ديكه‌ى جێى بايه‌خى هاوبه‌ش، ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوون كه‌ به‌ڕێز كونسوڵى گشتيى به‌ريتانيا له‌ هه‌ولێر ئاماده‌ى بوو.