دووشەممە, تشرینی دووه‌م 25, 2024

شێوەكار نیگار كاشیان: (هەست)ی ژن لە هەموو شوێنێكی دنیا وەك یەكە!

هونەرمەندی شێوەكار نیگار كاشیان پێیوایە (هەست)ی ئافرەت هەمان هەستە لە هەر شوێنێكی جیهاندا بن، بۆیە لە كارەكانیدا زیاتر گرنگی بە ئافرەت دەدات. 

هونەرمەندی شێوەكاری فارس نیگار كاشیان لە وڵاتی هۆڵەنداوە گەڕاوەتەوە بۆ هەرێمی كوردستان و لە شاری سلێمانی پێشانگایەكی تایبەتی كردۆتەوە كە تابلۆكانی تایبەتن بە دۆخی ئافرەتان، لەم چاوپێكەوتنەی (هەولێر)دا باسی ناوەڕۆكی كارەكانی دەكات.

هەولێر: ناوت نیگارە و بوویتە نیگاركێشیش، تا چەندێك ئەوە هەستێكی خۆشە بۆت؟

نیگار كاشیان: خۆشحاڵم و سوپاسی باوك و دایكم دەكەم بۆ ئەو ناوەی بۆیان هەڵبژاردووم، چونكە ناو و ئیشەكەم وەك یەكە.

هەولێر: تابلۆكانت رەوشی ژنانیان پێوە دیارە، بۆچی؟

نیگار كاشیان: راستە تابلۆكانم باسی تەنیایی و خەمەكان و هەستی ژنان دەكات، لەبەرئەوەی خۆم ژنم و باشتر لە خەم و هەستەكانی ژنان تێدەگەم، بۆیە ئەگەر ژنان لە هەر شوێنێكی دنیادا بن هەمان هەست و دۆخیان هەیە.

هەولێر: تابلۆكانت لەسەر دۆخی ژنانی كوردستان كێشاوە، یان هەر بەشێوەیەكی گشتییە؟

نیگار كاشیان: لەبەرئەوەی تەكنیكی رۆژهەڵات و رۆژئاوام پێكەوە لەتابلۆكاندا بەكارهێناوە، هەستی ژنیش لە تەواوی دنیادا وەك یەكە.

هەولێر: ئەوەندەی لە تابلۆكانتدا دیارە باسی خەم و رەشبینین، ئەوەندە گەشبین نین؟

نیگار كاشیان: نا هەر باسی خەم و رەشبینیمان نەكردووە، بەڵكو باسی گەشبینیشمان كردووە بۆ نموونە باسی لایەنە جوانەكانی ژنانمان كردووە.

هەولێر: هاتنە پێشەوەی ژنانت پێ چۆنە لە بواری نیگاركێشی لە كوردستان؟

نیگار كاشیان: لە هەر دۆخ شوێنێكدا بێت گرنگە ژنان بەهرەكانی خۆیان نیشان بدەن و بێنە پێشەوە.