دووشەممە, تشرینی دووه‌م 25, 2024

یادداشتێک سەبارەت بە ئەلیف شەفەق

ئارام كۆشكی – سلێمانی

یەکەم ڕۆمانیم بە چێژێکی بێهاوتاوە خوێندەوە و پێموابوو ئیدی لەو ڕۆمانە جوانتری نەنووسیوە، بەڵام دواتر کە ڕۆمانەکانی دیکەیم خوێندەوە بۆم دەرکەوت بۆچوونەکەم هەڵە بووە. چل ڕێساکەی عەشق؛ دەروازەی ناسینی من بوو بۆ ئەلیف شەفەق، لاموابوو ئەم نووسەرە تازە ئاشنایەم ئەم ڕۆمانەی باشترین کارییەتی بۆیە لە هەموو کارەکانی دیکەی بە ناوبانگترە. بەڵام کاتێک ڕۆمانی “شەرەف” و دواتر “زۆڵەکەی ئیستانبوڵ” و دواتریش کارەکانی تریم خوێندەوە بۆم دەرکەوت “چل ڕێساکەی عەشق” سادەترین کاری ئەم نووسەرەیە بۆیە پڕ جەماریترین کاریشییەتی.

ئەوەی منی بە خوێنەری ئەم نووسەرە هێشەوە جگە لە ڕۆمانی “شەرەف” و “زۆڵەکەی ئیستانبوڵ” ڕۆمانی “سێ کچەکەی حەوا” بوو، کە لاموایە یەکێکە لە باشترین کارەکانی ئەم نووسەرە ئەگەر باشترین کاری نەبێت، لە دوو ساڵی ڕابردوودا پێشنیاری خوێندنەوەیم بۆ زۆر هاوڕێم کردووە و کورتە ڕانانێکیشم لەباریەوە نووسی. بەڵام لاموایە هێشتا شایانی ئەوەیە بە وردی لەسەری بنووسرێت و بەهیوام دەرفەتم هەبێت بگەڕێمەوە سەری.
لە هەفتەی ڕابردوو گفتوگۆیەکی درێژی “ئەلیف شەفەق”م خوێندەوە، عەزیز ڕەئووف لە ئینگلیزییەوە کردوویەتی بە کوردی و دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم چاپ و بڵاوی کردووەتەوە. کتێبەکە لەسەر چەند وێستگەیەکی ژیان و ئەزموونی نووسینی ئەم نووسەرە هەڵوەستە دەکات و هەر لە سەرەتاکانی گفتوگۆکەوە خوێنەر بەر ئەوە دەکەوێت کە لەبەردەم نووسەرێکی ڕاشکاو و بوێردایە. ئەو باکی بە هیچ نییە و بە وردی دەنووسێت و بە چڕیی و وردەکاریشەوە سەرنجەکانی دەخاتەڕوو. گفتوگۆکە لە ژیانی منداڵی و یادەوەرییەکانییەوە دەست پێ دەکات تا دەگاتە سەر ئەزموونی ڕۆماننووسی ئەم نووسەرە.
شەفەق لە جێگەیەکدا سەبارەت بەو پرسیارەی زۆرجار خوێنەران سەبارەت بە کاریگەریی ڕۆمان لەسەر خوێنەر و گۆڕینی بۆچوونی خوێنەر، ڕایەکی سەرنجڕاکێش دەخاتەڕوو و لەوێدا دەڵێت: ڕۆمان سندووقێک حەب نییە بیخۆیت و ژیانت بگۆڕێت. ڕۆمان دەمانگۆڕێت، بەڵام ئێستا نا، بەڵکو گۆڕانێکی دوورمەودا و درێژخایەن، گۆڕانێک بە ڕێگەیەکی ڕووناکبیرانە. سەبارەت بەو نووسەرانەشی پێی سەرسامە ئەو نایشارێتەوە کە بە واڵتەر بنیامین سەرسامە و دەڵێت: هیچ شتێک لەوە خۆشتر نییە بەر لەوەی بخەویت واڵتەر بنیامین بخوێنیتەوە، بنیامین وات لێ دەکات خەونی ڕەنگاوڕەنگ ببینیت. ئەو سەبارەت بە کاریگەری کتێبیش لەسەر خۆی دەڵێت: “کتێبەکان یارمەتییان دام کە تونێلێک هەڵبکەنم و بەرەو ئازادی بڕۆم”.
هەمیشە نوسەرە داهێنەرەکان دۆستی کتێب و خوێندنەوە و ژیانیان دابڕاو نییە لە کتێب. هەر نووسەرێک پەیوەندییەکی ڕۆحی گەورەی لەگەڵ کتێبدا نەبێت ناتوانێت داهێنان بکات و هیچ نووسەرێکی گەورە و داهێنەرم نەبینیوە شەیدای کتێب و خوێندنەوە نەبێت و ئەوەشم لە چاوپێکەوتن و وتارەکانیاندا بۆ دەرکەوتووە. ئەم نووسەرە بوێرە ستایشکردنی بۆ کتێب هەر بەو ڕستەیە کۆتایی نایەت، بەڵکو ئەو لە چەندین جێگەی دیکەی چاوپێکەوتنەکەدا دەگەڕێتەوە بۆ ستایشی کتێب و لە جێگەیەکدا دەڵێت: “کتێب ڕزگاری کردم، کتێب بووە نزیکترین و ئازیزترین هاوڕێم، کتێب ئەو مامۆستا سەرنجڕاکێشە بوو کە بە سۆزەوە ڕێگەی نیشاندام، بەراستی هەر شتێک لە مندا ڕووی داوە ئازایی کتێب بووە.”
ئەم چاوپێکەوتنە گەلێک وێستگەی دیکەی ژیانی شەفەق و ئەزموونە دەوڵەمەندەکەی نووسینی تێدایە. بەڵام نامەوێت زیاتر لەبارەیەوە بدوێم و پێشنیاری دەکەم بۆ ئەوانەی ئارەزوومەندن خۆیان ئەم چاوپێکەونتەی نووسەرە بوێرەکە بخوێننەوە، کە نیچەئاسا بە خوێنی خۆی دەنووسێت.