بڕیارە سبەی پێنجشەممە 04ـی 05ـی 2023 ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کۆببێتەوە و خوێندنەوەی دووەم بۆ پڕۆژەیاسای بەپارێزگاکردنی هەڵەبجە بکات، لەمبارەیەوە د. شاخەوان عەبدوڵا جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایگەیاند: دوای نزیکەی هەفتەیەک گفتوگۆ لەگەڵ سەرۆکایەتی پەرلەمان ڕەزامەندی لەسەر پێشنیاری ئێمە بۆ خوێندنەوەی دووەم بۆ پرۆژەیاسای بەپارێزگابوونی هەڵەبجە درا.
ڕاشیگەیاند: خوێندنەوەی دووەم بۆ پڕۆژەیاسای بەپارێزگاکردنی هەڵەبجە دەخرێتە بەرنامەی کاری دانیشتنی سبەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق.
لای خۆیەوە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کارنامەی دانیشتنی کۆبوونەوەی سبەی خستووەتەڕوو، لە بڕگەی کۆتایی کارنامەکە ئاماژەی بە ئەنجامدانی خوێندنەوەی دووەم بۆ پڕۆژەیاسای بەپارێزگاکردنی هەڵەبجە داوە.
لە ساڵی 2013 نێچیرڤان بارزانی، کە ئەوکات سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بوو، ڕەشنووسی یاسای بەپارێزگاکردنی هەڵەبجەی ڕادەستی حکوومەتی عێراق کرد، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەی ئاسایی ژمارە 11 لە ڕۆژی 13ـی 03ـی 2023 پڕۆژەیاسای بنیاتنانی پارێزگای هەڵەبجە لە عێراق بە ژمارە 23131 پەسەند کرد.
ڕۆژی یەکشەممە لە ڕێکەوتی 02ـی 04ـی 2023 دانیشتنی ئاسایی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بەڕێوەچوو، خوێندنەوەی یەکەم بۆ پڕۆژەیاسای بەپارێزگاکردنی هەڵەبجە کرا.
دوای پەسەندکردنی پڕۆژەیاسای بەپارێزگاکردنی هەڵەبجە لە ئەنجوومەنی وەزیران، محەمەد شیاع سوودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق هاتە هەولێر و لەلایەن مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لێکرا و لە میانی سەردانەکەی لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا سوودانی ڕایگەیاند: ئەم تاوانە گەورەیەی کە لەلایەن ڕژێمی دیکتاتۆرەوە بۆ سەر هەڵەبجە ئەنجام درا لە ویژدانی عێراقییەکان و مرۆڤایەتیدا لەبیر ناکرێت، ئەرکی حکوومەتی فیدراڵی و دەوڵەتی عێراقە کە ئەرکەکانی خۆی بەرامبەر بە قوربانییەکان جێبەجێ بکات.
لەبەرامبەردا سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەستخۆشی لە پەسەندکردنی بەپارێزگاکردنی هەڵەبجە کرد و ئاماژەی بەوە دا، “هیوادارم ئەم بڕیارەی کە دراوە ببێتە دەستپێکێک بۆ کەمکردنەوەی ئازارەکانی خەڵکی هەڵەبجە.”