به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی گشتیی حه‌ج و عومره‌ی هه‌رێمی كوردستان سەبارەت بەوەی له یه‌كێک له ده‌زگاكانی ڕاگه‌یاندن دیمانه له‌گه‌ڵ خاوه‌ن كۆمپانیایه‌ک كراوه و گوتوویەتی گه‌نده‌ڵی له تیروپشكی حاجیاندا كراوه، ڕوونکردنەوەیەکی بڵاو کردۆتەوە و ڕایگەیاند: بۆ هه‌موو لایه‌كی ڕوون ده‌كه‌ینه‌وه كه ئه‌مساڵ به هیچ شێوه‌یه‌ک تیروپشک بۆ ناوی حاجییان ئه‌نجام نه‌دراوه ئه‌و تیروپشكه‌ی كه كراوه بۆ هه‌ڵبژاردنی ناوی كۆمپانیاكانی حه‌ج و عومره بووه.
ڕاشیگەیاند: لیژنه‌یه‌ک له به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی حه‌ج و عومره به ئه‌ندامییه‌تی به‌رپرسی نووسینگه‌كانی حه‌ج و عومره‌ی پارێزگاكان و ئیداره سه‌ربه‌خۆیه‌كان بووه و چاوپێكه‌وتنیان له‌گه‌ڵ هه‌موو كۆمپانیاكان كردووه، ئه‌و كۆمپانیانه‌ی كه شیاو بوونه و مه‌رجه‌كانی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی حه‌ج و عومره‌ی هەرێمی کوردستانی تێدا فه‌راهه‌م بووه له تیروپشک به‌شدارییان پێكراوه، ئەوانەشی مەرجەکانیان تێدا نەبووە یاخود کەموکوڕییان هەبووە نەخراونەتە نێو پێشبڕکێی تیروپشکەوە، هەروەها ئەوانەشی ناڕازین ئەوانەن کە دەرنەچوون.
به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی گشتیی حه‌ج و عومره لە ڕوونکردنەوەکەدا ئاماژەی بەوە داوە کە “به مافی خۆمان ده‌زانین له‌به‌رامبه‌ر ناوزڕاندنی به‌رێوه‌به‌رایه‌تی گشتی حه‌ج وعومره سكاڵای یاسایی له‌سه‌ر هه‌ریه‌ک له‌و كه‌سه و خودی ئه‌و ده‌زگا ڕاگه‌یاندنه‌ش تۆمار بكه‌ین.”